ناکۆکى لە نێو بزووتنەوەى تاڵیبان سەرهەڵدەدات وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئەو ناكۆكييانەى ماوەیەکە لە نێو ريزەكانى بزووتنەوەى تاڵيبان سەریهەڵداوە، ئەمڕۆ گەيشتۆتە ئاستێک هەموان دەیزانن و بەردەوام فراوانتر دەبێت، چونكە چەندين دەنگى جياواز لە ريزەكانى تاڵيبان بەرزبۆتەوە و رەخنە بڕيارەكانى هيبەتوڵڵا ئاخوند زادە، رێبەرى ئەو بزووتنەوەيە دەگرن.

لە ماوەى رابردوو عەباس ستانكيزاى، جێگرى وەزيرى دەرەوەى تاڵيبان بە ئاشكرا ڕەخنەى لە بڕيارى رێگرتن لە خوێندنى ئافرەتان لە قوتابخانە ناوەندييەكان گرت، ئەوەش لە كاتێکدا بوو حاميد كارزايى، سەرۆكى پێشووى ئەفغانستان هانى ئافرەتانى دا پابەند نەبن بە پۆشينى پەچە.
لە رابردوو بێدەنگكردنى دەنگە جياوازەكان و ئەوانەى گومانيان لە رێبەرى باڵاى ئايينى ئەو رێكخراوە هەبوو زۆر ئاسان بوو، بەڵام ئەمڕۆ ناكۆكى و دووبەرەكى گەيشتۆتە ئاستێك تاڵيبان ناتوانێت بێدەنگيان بكات.

بزووتنەوەى تاڵيبان لە سەرەتاوە لە دوو گرووپى سەرەكى پێكهاتبوو، گرووپى يەكەم كە خەڵكى قەندەهار بوون، بەسەركردايەتى مەلا عومەر، گرووپى دووەم حەقانى بوون، لە (15)ى ئابى ساڵى رابردوو ئەو دوو گرووپە چەند رۆژێك دواى كۆنتڕۆڵكردنى كابوڵ ناكۆكى لە نێوانيان دروست بوو، بەڵام سەرۆكى هەواڵگرى پاكستان دۆخەكەى ئاساييكردەوە و بە ئاشتيانە كێشەكەى چارەسەركرد.
بەرپرسانى ئێستاى ئەو رێكخراوە پێكهاتوون لە ليبڕاڵييە عەقڵانييە پراگماتييەكان، ئەوانە ئامانجيانە پەيوەندييەكى باشيان لەگەڵ رۆژئاوا هەبێت، لە پاڵ ئەوانە گرووپێكى موحافيزكارى توندڕەو هەيە، كێشەكە ليبڕاڵييە عەقڵانييەكانى وەك ستانكزين، كە هيواخوازن لە رێگەى دروستكردنى پەيوەندييەكى باش لەگەڵ رۆژئاوا داهات و پێداويستيان دەستكەوێت، بەڵام هێزى چەكدار لەژێر دەسەڵاتى ئەوانە نين، بەڵكو گرووپى بەرانبەر سەدان يەكەى چەكدارى گەورە و بچووكى چەكداركراوى هەيە، سەرەڕاى ئەوەش لەپاڵ سەركردايەتى ئەو رێكخراوەن و لە گۆڕەپانەكە كاردەكان و ئەزموونى شەڕكردن بەدەست دەهێنن، ئەوانە هەموويان پشتۆنين، تا ئێستا ناكۆكى و دوژمنكارى لەنێوان پشتۆن بەردەوامە.

جگە لەمەش، يەكە چەكدراەكان لە باكوور بە رەگەز تاجيكى و ئۆزبەكين، فەرماندەى خۆیان هەيە و فەرمانيان پێدەكات، ئەگەر پاڵپشتى ئەو گرووپانە نەبوايە، تاڵيبان نەيدەتوانى بە ئاسانى ناوچەكانى باكوور كۆنتڕۆڵ باكات. 

لە ساڵانى رابردوو سەدان سەركردەى ديارى باكوور لە تاجيكى و ئۆزبەکى و توركمان هاتنە ريزەكانى تاڵيبان، ئەوانەبوون كە لە دەسەڵاتى كۆمارى بێهيوا بوون، هاندەربوون بۆ ئەوەى بە زووترين کات سەقامگيرى لەناوخۆى ئەو رێکخراوە بەرقەرار بێت، بەڵام گرووپى پشتۆن لە تاڵيبان هيچ دەسەڵاتێكى ئەو رێكخراوەيان نەدايە گرووپەكانى باكوور، بەڵكو زۆربەى پۆستەكان كە پێيان درا پۆستى لاوەكى بوون، ئەوەش ئاماژەيە بۆ نەبوونى متمانە لە ئاستى باڵا بەرانبەر باكوورييەكان.

سەركردەكانى ئۆزبەکى و تاجيك و توركمان لە ناوخۆى تاڵيبان باش هەستيان بەو دۆخەكردووە، چاوەڕوانى دەرفەتێك دەكەن، ئەگەر ناڕەزايى جەماوەرى دەست پێبكات، تاڵيبان رووبەڕوويان دەبێتەوە، ئەوكاتە سەركردەكانى باكوور بە ئاسانى دەتوانن گۆڕانكارى لە هەڵوێستيان بكەن.

وڵاتانى دراوسێ كە نەيارەكانى تاڵيبان لەخۆ دەگرن، بەتايبەت توركيا هەوڵدەدات ئەو ململانێيە بقۆزێتەوە، لە مانگى رابردوو بەسەركردايەتى عەبدوڕەشيد دۆستەم و نەيارەكانى بزووتنەوەى تاڵيبان لە توركيا كۆبوونەوە، گفتوگۆيان لەسەر كاركردن پێكەوە دژ بە تاڵيبان كرد، شوێنەوارى ئەم كۆبوونەوەیە لە دۆڵى پەنجشير دەركەوت، لە چەند لايەكەوە هێزەكانى تاڵيبان رووبەڕووى هێرش بوونەوە، زيانى گەورەيان بەركەوت، چاوەڕوان دەكرێت، شەڕەكانى نێوان تاڵيبان و هێزە ئۆپۆزيسيۆنەكان ئەم هاوينە زياتر بێت، بۆيە ئەگەر هەيە جارێكى تر ئەفغانستان بگەڕێتەوە سەر نەخشەكارى جيهانى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین