سه‌رۆكى نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵاتى کوردستان ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیرى کوردستانى ئێران، جەخت "لەسەر پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ڕووى كولتوورى و ڕۆشنبیرییه‌وه‌" دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (19/حوزەیران/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ نووسه‌ران و ئەکادیمیست و ڕۆشنبیرانى كوردستانى ئێران كرد كه‌ بۆ به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى دوێنێى ناساندنى زنجیره‌ په‌رتووكێكى به‌ڵگه‌نامه‌ییدا ده‌رباره‌ى شۆڕشه‌كانى بارزان، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردبوو.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى لەبارەى دیدارەکە بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، "له‌دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندەکە، جه‌ختى لەسەر پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ڕووى كولتوورى و ڕۆشنبیرییه‌وه‌، کردەوە. هیوای خواست پردی پەیوەندییە فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵاتی دۆست و دراوسێ، هەرچی زیاتر پتەوتر بێت."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، "لە دیدارەکەدا ئه‌مڕۆى نووسین و ئه‌ده‌بیاتى كوردى و بزاوتى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كوردى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئێران و چه‌ند بابه‌تێكى په‌یوه‌ست به‌م بواره‌وه،‌ تاوتوێ كران و بیروڕایان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا."

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکى هەرێمى کوردستان و نووسەرانى کوردسانى ئێران، تیشكیان‌ خستەسه‌ر "هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ مێژووى كوردستان و شۆڕشه‌كانییه‌وه‌ له‌ ئه‌رشیفخانه‌كانی وڵاتانى دراوسێ و جیهاندا و له‌مباره‌یه‌وه‌ كار و كۆششى ئه‌نستیتۆى كوردستان له‌ تاران و به‌ڕێز بارامى وه‌ڵه‌دبەگی و هاوكارانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌كان و له‌چاپدانیان به‌رز نرخێنرا."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "شاندى میوان ستایشی ڕوانگەی ئاشتیخوازانە و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستانیان لەسەر ئاستەکانی ناوخۆی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین