یارییەکانی قەتەر وتورکیا، لە پێناو ڕێگایە نوێیەکەی ئەمریکا لە ئاسیای ناوەڕاست
شیکاری تایبەت بە نوچەنێت
ڕێگا (نوێ)کەی ئازەربایجان، ئەفغانستان و شادەمارە نوێکانی دەریایی قەزوین
قەوقاز(قەوقاس) سنووری نێوان ڕووسیا و دەسەڵاتی تورکیایە، بە درێژای مێژوو بە ناوچەیەکی گرنگی نێوان هەردوو ئیمپڕاتۆریەتەکانی کرێملن و عوسمانییەکان دانراوە، هەروەها لە ماوەی نێوان جەنگی سارددا، سنووری سۆڤیەت – تورکیا بە قەوقاسدا تێدەپەڕی و، دیوە سۆڤیەتییەکەی لە سێ کۆماری سەرەکی (ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا) پێکدەهاتن، ئەم سێ کۆمارە لە ئێستادا سەربەخۆن، لە باکووری قەوقاس سنووری ڕووسیای فیدڕاڵە، بە تایبەت ناوچە موسڵماننشینەکانی داغستان وچیچان.
لەم دواییانەدا پێکدادانی توند لە نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ناوچەی هەرێمی ناگۆرنۆ _ کاراباخ دروستبوو. ئەو ناوچەیە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەشێکە لە ئازەربایجان و، لەڕووی جیۆگرافییەوە دەکەوێتە دڵی ئازەربایجانەوە، بەڵام لەڕووی دیمۆگرافییەوە ڕێژەی 95% ئەرمەنییەکان نیشتەجێی ئەم هەرێمەن. هەرێمی سەربەخۆ لە ناو ئازەربایجانی سۆڤیەتدا، لە 1988 تا 1994 بووە شانۆی شەڕی تراژیدی نێوان ئەو دوو کۆمەڵگە.
ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لەئەم هەرێمە بۆ پێگەی جیۆگرافیایی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، کە سنووری نێوان ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاسیای ناوچەکە لێک جیا دەکاتەوە، ڕەگوڕیشەی ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1921، کاتێک دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت ئەم هەرێمەیان بە ئازەربایجانەوە لکاند، بەڵام لە ساڵی 1991دا، سەربەخۆیی هەرێمەکە بەیەکلایەنە بە پشتیوانی ئەرمینیا ڕاگەیاندرا، کە دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و، بەهۆی بەستنی ئاگربەست لە ساڵی 1994جەنگەکە وەستا. سەرەڕای ئەوەی ململانێکە، ئەتنیکیی دینی ڕوون لەخۆ دەگرێت، چونکە ئازەرییەکان دانیشتوانەکەی (شیعەی موسڵمان)ی تورکن، لە کاتێکدا ئەرمەنییەکان مەسیحیی (ئۆرسۆدۆکس)ین، کەچی هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە قەوقاس، لە نێوان سێ دەوڵەتی زۆر بەهێزتردا دەگوشرێنەوە.
لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمەکە، وڵاتی ئێرانە کە میوانداریی کۆمەڵگەیەکی گەورەی ئازەرییەکان دەکات، بەهۆی باوەڕی هاوبەشی شیعە مەزهەبییەوە، بۆیە تەهران هەوڵی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ باکۆ، لە باکوورەوە جگە لە جۆرجیا(خۆی بە ململانێی ئەتنیکیی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت)، ڕووسیاهەیە، کە خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە ناوچەکەدا و، مۆسکۆ پەیوەندی هاوبەشی هەیە لە باکۆ و یەریڤاندا.
ڕووسیا لەڕووی ئابوورییەوە، لە ئازەربایجانی دەوڵەمەند بەنەوت و گاز هاوبەشێکی سەرەکییە، بەڵام وەک وڵاتێکی ئۆرسۆدۆکس، دۆستی ئەرمەنستانە و، تەنانەت بنکەیەکی سەربازیی فراوانی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەرمەنستان ئەندامە لەڕێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بە کۆمەڵCollective Security Treaty Organization، بە سپۆنسەری ڕووسیا( CSTO)، کە بە هاوپەیمانی هاوشێوەی هاوپەیمانی وارشۆ ئەژمار دەکرێت و، دژی بەندی پێنجەمی هاوپەیمانی ناتۆیە.
لە ماددەی 4 پەیماننامەیCSTO هاتووە: "ئەگەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، دەستدرێژی بکرێتە سەر خاک و سامانی، ئەوا لە لایەن وڵاتانی ئەندامەوە بە دەستدرێژی گشتی لە بەرچاو دەگیرێ، بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام لەم پەیماننامەیە!" بەڵام گرنگە تێبینی ئەوە بکەین، کە ئەو هاوپەیماننامەیە هەرێمی ناگۆرنۆ _ کاراباخ ناگرێتەوە، چونکە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ناوچەکە وەک بەشێک لە ئازەربایجان ناسراوە و ئەندامیCSTO نییە، ئەمەش دەرەفەتی بە وڵاتی تورکیای ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ و هاوسنووری هەرێمکە لە ڕۆژئاوا بەخشیوە، لەسەر بنەمای میراتێکی هاوبەشی تورک، پرۆ ئازەرییە، بەشدرای لە ململانێیەکانی ناوچەکەدا بکات. ڕکابەری وڵاتانی هاوسنووری هەرێمی ناگۆرنۆ _ کاراباخ، ئاڵۆزییە جیۆپۆڵەتیکییەکانی قەوقاسی گەرمتر کرد، چونکە ناوچەکە بە ترانزێتیکی گرنگی وزە، بۆ بازاڕەکانی جیهان دادەنرێت، هەرەچەندە هەریەکە لە ڕووسیا و ئێران تا وەکوو ئێستا وەک فاکتەرێکی ناوبژیوان سیاسەتی دەروەیان پەیڕەو دەکەن.
رکابەری هەرێمی وناودەوڵەتی ناوچەکە لە پێناو چی؟
ڕووسیا دوای ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا، سوریا و لیبیا، ئێرانیش لە ئاڵۆزییەکانی سوریا و عێراق و یەمەن، نایانەوێت بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، بە تایبەت لە پرسی وزەی وڵاتەکانیان بخەنە مەترسییەوە، لە ناوچەکانی قەوقاس. هەردووکیان هۆکاری تایبەتیان هەیە بۆ خۆلادان لە ململانێ، ئێران نایەوێت بارودۆخی ناوخۆی وڵاتەکەی بەهۆی پێکهاتەی ئازەریەکانەوە ئاڵۆزببێت و، ڕووسیاش کە ئەندامی پەیمانیCSTOیە، لەوە دڵنیاییە کە بەشداریکردنی دەبێتە هۆی پاڵثستی تورکیای ئەندامی ناتۆ لە وڵاتی ئازەربایجان. دیمەنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا، مەترسی هێنانی ناتۆ بۆ ناو یارییەکە، تەنگژە لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران دروست دەکات، ئەمەش پرسەکە لە ململانێی هەرێمییەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێی نێودەوڵەتی، وەک ئەوەی لە سێمتێمبەری 2020 دا ڕوویدا، دوای ئەوەی تورکیا پشتگیری سەربازی بۆ ئازاریەکان دوپاتکردەوە، تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فەرەنسای بەدوا داهات. فەرەنسا پشتگیری ئەرمینیا دەکات، لە ململانێیەکانی قەوقاس، ئەمەش بەهۆی دژایەتیکردنی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تورکیایە لە لیبیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی بەرژەوەندییە ئابوریەکانی پاریس.
لە کاتی جەنگی سارددا، ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی یەکێتیی سۆڤیەت و گەماڕۆدانی بەرژەوەندییەکانی کرێملی، چەندین مانۆری سەربازی و جەنگی بە وەکالەتی ئەنجامدا، لەوانە ئەڵمانیا بۆ دورخستنەوەی ئەورووپا لە فراوانخوازی یەکێتیی سۆڤیەت و، تورکیا بۆ سنووردارکردنی جووڵەی دەریایی سۆڤیەت لە دەریای ناوەڕاست، ژاپۆن بۆ بلۆککردنی بەندەری سۆڤیەتی، ڤلادیڤۆستوک و زەریای هێمن. سەرەڕای وڵاتانی وەک ئەنگۆلا و ئەفگانستان، کەمتر لەم سێ وڵاتە لە جەنگی سارددا هەمووجوڵانەوەیەکی سۆڤیەت مەترسی، بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست دەکرد، چونکە خاوەن دووەم هێزی سەربازی بوو دوای ئەمریکا، زانیارییە شاراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ئەمریکای خستبووە بارێکی قورسەوە.
ئەنجامی ئەم شەڕانە کۆنترۆڵکردنی ئەستەنبوڵی قەوقاسی باشوور (جۆرجیا، ئەرمەنستان، ئازەربایجان) لە لایەن تورکیا و هەیمەنەی ڕووسیا بوو، بەسەر قەوقاسی باکوور(باشووری ڕۆژئاوای ڕووسیا، باکووری جۆرجیا، ئازەربایجانی باکوور)، تا دواتر تەواوی ناوچەکە کەوتە ناو لەپی سۆڤیەتەوە. ئێستا (جەنگەکانی قەوقاس)، بوونەتە گەمەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا _ ڕووسیا. واشنتن دەیهەوێت ئەم هەرێمە کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەوەی کارئاسانی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئاسیای ناوەڕاست _ دەریایی قەزوین، له نێوان ئه و کاته و ئێستا و له کۆتاییەکانی ساڵی 2008 دا، دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕووداوەکانی جۆرجیا، ڕووسیای هێنایە مەیدانی ململانێیەکی توند لەگەڵ خۆرئاوادا، بە تایبەت لە بونیاتنانی هێڵەکانی (نابۆکۆ _ باکۆ _ تەبلیس _جەیهان)، بۆ گواستنەوەی وزەی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاس، بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بێ ئەوەی بە خاکی ڕوسیادا بڕوات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمریکا لە جەنگێکی توندی دژی تیرۆر بوو لە عێراق و ئەفگانستان.
کێشەی سەرەکی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان چییە؟!
هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەرمەنەکان لەدژی ئازەربایجان، لەنێوان 12 بۆ 16ی تەموزی 2020 زیاتر بوون، بە تایبەت لەوکاتەی هێزەکانی ئەرمەنی هێرشیان کردە سەر ئامانجی ئازەربایجان لە هەرێمی باکووری ڕۆژئاوای(تۆڤۆز). ئەم هەرێمە شوێنێکی ستراتیژی و هەستیاری هەیە لەسەر نەخشەی ئاسایشی وزەی ناوچەکە و جیهاندا ، ئەو هێرشانەی بۆ سەر ناوچەکە ئەنجامدەدرێن، مەترسی لەسەر ئاسایشی وزە و پرۆژەکانی گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان دروست دەکات.
هەرێمی تۆڤۆز، دەکەوێتە نزیک ڕاڕەوەیەک کە ئازەربایجان و جۆرجیا و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، هاوتەریبی ڕێگاکانی گواستنەوە و عەمبارکردنی وزە و، گواستنەوەی نەوت و گازە لە دەریای قەزوین بۆ تورکیا، لەڕێگای بۆری نەوتی (باکۆ _ تەبلیس _ جەیهان)، هەروەها بۆری (باکۆ _ تەبلیس _ ئەرزەرۆم)، ڕاڕەوەی گازی باشوور، بۆ گواستنەوەی گاز لە ئازەربایجانەوە بۆ ئەورووپا، لەڕێگەی تورکیاوە وەک بەشێک لە پرۆژەیTANAP دەگوازرێتەوە بۆ تورکیا، هەروەها هێڵی ئاسنی (باکۆ _ تەبلیس _ کارس)، کە هەر سێ وڵات بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.
لەوەش زیاتر، بە ئامانجگرتنی ئەرمینیا لەم کاتەدا بۆ ئەم ناوچەیە، ئاماژە بە خواستی یەریڤان دەکات، بۆ فراوانکردنی ئەو ململانێیە و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی ناگۆرنۆ _ کاراباخ. ئامانجی ئەرمینیا کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی نەوت، گاز و هێڵە ئاسنییەکانی بەو ناوچانەدا تێپەڕ دەبێت، لەهەمان کاتدا دروستکردنی مەترسییە لەسەر هەناردەی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکان، بە تایبەت کە ئازەربایجان، یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا و، دابینکەری گرنگی نەوت و گازە لە ناوچەی دەریای قەزوین ، خاوەنی یەدەکی گازی1.2 تریلیۆن مەتر سێجای وزەیە، کەیەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئابووری ئازەربایجان.
ئەگەر سەیری لایەنی ئابووری هەرێمەکە بکەین، کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاشتی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، مەیدانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە نێوان وڵاتان زیاتر کردووە، کە پەیوەستە بەجیۆپۆڵەتیکی هەرێمەکە و، کاریگەریی لەسەر گرنگی دەریای قەزوین و قەوقاس. ئەمە وامان لێدەکات بپرسین ئایا بەرژەوەندییە هەرێمی و نێودەوڵتییەکان بۆ بەردەوامی گرژیەکانی ئەو هەرێمە چین؟!
بە لێکدانەوەی ئینفۆگرافی کێشە سەرەکییەکانی نێوان باکۆ _ یەریڤان، دەتوانرێت بەرژەوەندییە هاوبەش و سەرەکییەکانی هەر لایەنێک دیاری بکرێن
لەڕوانگەی لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە، پاکستان پشتگیری لە ئازەربایجان دەکات، بەتایبەتی کە بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان هەر دوووڵاتدا هەیە، کە پشتگیریی باکۆ بۆ ئیسلام ئاباد لەکێشەی کشمیر، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوان هیندستان وپاکستان.
ئەنقەرە لەشەڕی دژ بە ئەرمەنستاندا، لەسەربنەمای شەرعییەتی نێودەوڵەتی پشتگیری لە حوکوومەتی ئازەربایجان دەکات، کە داوای کشانەوەی سووپای ئەرمەنییەکان دەکات، لەناوچە ئازەرییە داگیرکراوەکەدا، تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، لەو ململانێیەدا، کەمێژووییەکی دوورودرێژی پەیوەست بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان هەیە لە ساڵی 1915. ڕووسیایش لەڕووی سەربازییەوە پشتگیری ئەرمەنستان دەکات، بنکەیەکی سەربازی لە یەریڤان هەیە، هەرچەندە مۆسکۆ ڕۆڵێکی نێودەنگیر دەبینێت، بۆ چارەسەکردنی قەیرانی نێوان هەردوو وڵات، ئەندامی گروپی مینسکە بە هاوبەشی ئەمریکا و فەرەنسا تایبەت، بە پرسی ناگۆرنۆ _ کاراباخ، بەڵام بە میلیاران دۆلار چەک، بۆهەردوولا دابین دەکات، هەروەک چۆن ئەمریکا پشگیری داراییی ئەرمینیا دەکات.
ئێران لەبەر چەند هۆکارێک، پشتگیری ئەرمەنستان دەکات لەدژی ئازەربایجان،گرنگترینیان ئەوەیە کە ئازەربایجان یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا، بەتایبەت سێیەم گەورەترین کڕیاری چەکی ئیسرائیلە لەساڵی 2017، بەبڕی 137 میلیۆن دۆلار چەکی لە ئیسرائیل کڕیوە. سەرەڕای ڕکابەرییە مێژوویەکانی ئێران و تورکیا، لە ناوچەکانی دەریایی قەزوین، قەوقاس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لێرەدا دەکرێت تێبینی ئەوە بکرێت، کە ململانێیە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر ڕکابەرییە هەرێمییەکانی ناوچەکە، بە تایبەت لە دەوڵەمەندی هەرێمی قەزوینی مەزن، ئەگەری بونیاتنانی ڕێگای ئاوریشمی نوێی ئەمریکی هێناوەتە ئاراوە.
ستراتیجییەتی ئەمریکا بۆ رێڕەوێکی نوێی دەریای قەزوین
لەگەڵ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، ئێستا ڕەنگە کاتێکی باشبێت، بۆ ئەوەی ئەفگانستان پەیوەندی ئابووری خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بازاڕە جیهانییەکان بەهێزتر بکات. ئاشتییە ئامانجدارە شاراوەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئەفگانستان، جێبەجێکردنی ستراتیجیەتی نوێی ئەمریکا لە ژێر ناونیشانی (هەرێمی قەزوینی گەورە)، کە لە هیندستانەوە درێژدەبێتەوە، بۆدەریای ڕەش، دەریایی سپی ناوەڕاست و دەریای قەزوین)، چەقی ئەو ڕێگایە ستراتیژیی ئەمریکایە، بۆیە هەر لێکدانەوەیەک بۆ ئەو ناوچانە پێوستی بە وردبینی و خستەڕووی، ڕێککەوتنەکانی ئەم دوایەیی ئەمریکایە لەو هەرێمانەدا، کە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا، بەرهەڵستی ڕووسیا و پشتێنەی هێڵی ئاوریشمی وڵاتی چینە، ئەم ستراتیجییەی ئەمریکا لە گروپی (1+C5)، تایبەت بەسیاسەتی ئەمریکا لە ئاسیای ناوەڕاست جێبەجێ دەکرێت، کە ئەندامانی ئەو گروپە هەریەکە لە وڵاتانی ( کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان)ن.
لە 3/5/2020، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی کۆبوونەوەی گروپی C5 + 1 کرد، لەو کۆبونەوەیەدا وڵاتی ئازەربایجان ئامادەبوو. ئەم تێڕوانینەی ئەمریکا، بۆ رێڕەوەکانی هاوئاهەنگی و، پەیوەندییە ئابووریەکان، لەئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا لەڕێگەی دەریای قەزوینەوە تا زەنین، نزیکەی نیو سەدەیە ئەمریکا کار بۆ دامەزراندنی تۆڕێکی بۆری نەوت و گازی سروشتی دەکات، لەدەریایقەزوینەوە بۆ دەریایڕەش و دەریای ناوەڕاست، بە سوود وەرگرتن لە ئاڵۆزیەکانی ئازەربایجانو، جۆرجیا و تورکیا، بۆ ڕکابەرایەتیکردنی ڕووسیا لە تێرکردنی بازاڕەکانی جیهان بە وزەی ئەو ناوچانە، هەروەها هەوڵەکان لە ڕێگای کۆمپانیاکانی بیپی(BP)، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان( SOCAR) و، کۆمپانیاکانی تری نەوت، پرۆژەی بۆرییە هێڵی جیاواز بونیاتنراون و ڕێککەوتن، بۆ دروستکردنی پرۆژەی نوێ لە ئارادایە، لەوانە:
- Baku-Supsa، بۆ گواستنەوەی نەوت لەئازەربایجانەوە، بۆکەناری دەریای ڕەش لە ڕێگای جۆرجیاوە.
- Baku-Tbilisi-Ceyhan (BTC) ، بۆ گواستنەوەی وزەی ئازەربایجان، بۆ تورکیا و دەریایی سپی ناوەڕاست.
- Baku-Novorossiysk ، گواستنەوەی وزە لە ئازەربایجانەوە، بۆ کەناری دەریای ڕەشی ڕووسیا.
- Caspian Pipeline Consortium (CPC) ، گواستنەوەی وزە لەکازاخستانەوە، بۆ بەندەری ڕووسیا لە نۆڤۆرۆسیسک.
- South Caucasus Pipeline (SCP)، بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی لە ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا، کە ئەمڕۆ لە فراوانبووندایە، بۆ راڕەوەی باشووری یەکێتیی ئەورووپا.
ئەم پرۆژانەی سەرەوە کە دەکەونە بەشی ڕۆژئاوای دەریایی قەزوین، بە تێڕوانینی ئەمریکا تەنیا نیوەی ئامانجەکانی ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکدا پیشاندەدەن، سەرەڕای باڵا دەستی ڕووسیا لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە دەوڵەمەدنەکانی هەرێمەکە و، مافی یاسایی مۆسکۆ بۆ دەریای قەزوین.
لەڕاستیدا سەرەڕای بوونی پرۆژەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، لە هەرێمی ئاسیای ناوەراست، لێ تەنیا پرۆژەی هێڵی کە CPC، کە ڕووسیا سەرپەرشتی دەکات توانیویەتی ڕێژەیەکی زۆر وزە هاوردە بکات، بە واتاییەکی تر، کۆمپانیاکانی شیڤرۆنوئێک سۆنمۆبیل، تەنیا قەبارەی نەوتی مامناوەندییان لەکازاخستانەوە هەناردەکردووە، لەڕێگەی تانکەرەکانەوە بۆ ئازەربایجان و بەندەری جەیهان، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ گازێکی سروشتی لە دەریایی قەزوین هەناردە نەکراوە، بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، جگە لەو گازەی لەڕێگەی ئەو بۆریانەی گازپرۆم کاری پێدەکات ،کەلەلایەن حوکوومەتی ڕووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، بۆیە ڕووسیا بەرهەڵستی هەر پرۆژەیەکی ئەمریکا و خۆرئاوا دەکات، کە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی (گازپرۆم یان ترانس نەفت) لاواز بکات. وەک ئەوەی لە نەخشەی ژمارە (1) ڕونکراوەتەوە.
لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، مۆسکۆ بە سیاسەتێکی لێهاتوانە سەلماندی کە کارامەیە، لە لەقکردنی پرۆژەیەکی ستراتیجی و بەهێزی واشنتۆن وئەنقەرە، هەروەها بۆرییە هێڵی ترانس کاسپی (TCP)، بۆ گواستنەوەی گازیسروشتی لەتورکمانستانەوە، بۆ ئازەربایجان لە وێوە بۆ دەریای رەش و دەریایی سپی ناوەڕاست، کرێمیلین هەردوو ئارگیۆمێنتی ژینگەیی و یاساییەکانی وڵاتەکەی، بۆ دەریا قەزوین بەکارهێنا بۆ ڕێگریکردن لە تورکمەنستان، لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، لە هەمان کاتدا لەکۆتایی ساڵی 1997، بۆ ڕازیکردنی تورکیا، ڕێککەوتنی پڕۆژەی (بلوستریم)ی بۆ ئەنقەرە پێشنیار کردو لە ساڵی 2002 پرۆژەکە تەواوبوو، رووسیا لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە هەمان قەبارەی گاز هەناردەی تورکیا کرد، کە پرۆژەی تارنس کاسپیان، بۆ تورکیای فەراهەم دەکرد، بەڵام ئەو پرۆژەیە ڕووسیا بۆ تورکیا لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە بوو لە رێگەی دەریایی ڕەشەوە.
هەوڵە چڕەکانی ڕووسیا، بۆ دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دوای دۆزینەوەی کێڵگەیەکی دەوڵەمەندی گازی سروشتی بوو، لە ناوچەی(شادەنیز)ی ئاوی قەزوین لە وڵاتی ئازەربایجان لەلایەن کۆمپانیاییBP لە ساڵی 1998 دەستیان پێکرد، بە تایبەت دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ڤلادمیر پۆتین. ئەم دۆزینەوەیە هاندەرێکی سەرەکی ئابووری بوو، بۆ باکۆ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکمانستان،بە تایبەت لە ناوچەی ئاشبەگاتی ئەو وڵاتە، لە هەمان کاتدا تورکیا بووە ترانزێت و بازاڕێکی سەرەکی باکۆ لە ناوچەی شادەنیز. پرۆژەی بۆرییە هێڵی ترانس کاسپیان، زیاتر لە بیست ساڵە نەتوانراوە جێبەجێبکرێت، بەڵام لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، ئەمریکا لە رێگەی واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنەوە، هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەدات، بە تایبەت دوای نامەی پیرۆزبایی سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی پشووەکانی نەورۆز، بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیێڤ، پەیوەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ گوربانگوڵی بیردیموک هامدۆفی سەرۆکی تورکمانستان، سەرەڕای سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەتای مانگی شوباتدا، بۆکازاخستان و ئۆزبەکستان. مایکپۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەخواستی ئەمریکا، بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕزگاربوون لە هەژموونەکانی چین و ڕووسیا کردەوە، ڕایگەیاند هاوکارییەکانی ئەمریکا قازانجێکی زۆر، بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دەبێت.
وێڕای ئەوەی جێبەجێکردنی پرۆژەی ترانس کاسپیان، بۆ ئازەربایجان لە ئێستادا هاندەرێکی ئابووری فرە ڕەهەندە بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پترۆکیمیایی باکۆ، بۆ بەرهەمەکانی وزە، سەرەڕای خراپی کوالێتی کەرتی پیشەسازی ئازەربایجان، هاوردەکردنی وزەی تورکمانستان ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت بۆ ئابوری ئەو وڵاتە، ئەمە لە کاتێکدایە، هۆکاری دژایەتی ڕووسیا و ئێران، بۆ پرسە یاسایی و ژینگەییەکانی دەریای قەزوین دەگەڕێتەوە، بۆ دژایەتیکردنی هەر هەوڵێک بۆ بێ بەشکردنی ئەم دوو زلهێزەی دەریایی قەزوین، دوای ئەوەی مۆسکۆ و تەهران ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئازەربایجان، تورکمانستان و کازاخستان لە ساڵی 2019 واژۆکرد، بۆ ڕێگریکردنی تەواوی ئەو پرۆژەیە بوو.
جگە لەوە مۆسکۆ هەوڵی کۆنکریتی دەدات، بۆ دژایەتیکردنی هەوڵەکانی هەناردەکردنی وزەی ئاسیایی ناوەڕاست بۆ بازارەکانی ئەورووپا، دوور لە سنوورەکانی جۆرجیا و ئازەربایجان، لە ڕێگەی پرۆژە هێڵەکانی هەردوو کۆمپانیایی زەبەلاحی ڕووسی، ترانس نەفت و کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی ڕۆسنەفت. دەسەڵاتدارانی ڕووسیا لەبەندەری دەریای قەزوین بە تایبەت لە پایتەختی داغستان، وەبەرهێنانی زۆر لە کەرتی وزەی دەریایی قەزوین ئەنجام دەدەن. هاوردەکردنی نەوت بۆ داغستان لەساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٪200 زیادکردووە، هەروەها لە ساڵی 2019 بە ڕێژەی ٪100 زیادیکردووە، دوای ئەوەی وزەی تورکمانستان و کازاخستانەوە، بۆ باکۆ زیادیکرد، ئەمەش دوای ناکۆکی نێوان کۆمپانیاکانی SOCAR، زەبەلاحی بازرگانی نەوتی سووێس- ڤیتۆڵی هۆڵەندی لەکانوونی دووەمی 2019، هەناردەکردنی وزەی تورکمانستان بۆ ڕووسیا.
بەڵام سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا هەڕەشە لە پشتبەستنی روسیا، بۆ هاوردەکردنی وزەی تورکمانستان دروستدەکات، دوای ئەوەی کۆمپانیای ڤتۆڵی هۆڵەندی ڕێگەی بە گواستنەوەی وزەی ناوچەکە، بۆ داغستان دا، تانکەرە ڕووسەکان پشکی شێریان لە گواستنەوەی وزەی ئەو ناوچەیە هەیە، بە تایبەت تانکەرەکانی VEB-، Leasing OJSC، کە لە ساڵی 2019 لەژێر سزاکانی ئەمریکادابوون، سەرەڕای ئەوەی لە 17ی شوباتی 2020 دا، ئەمریکا سزا نوێیەکانی بەسەر (روسنەفت)دا، جێبەجێکرد، کەکڕیارێکی سەرەکی وزەی داغستانە، لە ژێر ناوی هاوکاریکردنی رۆسنەفت بۆ ڕژێمی ڤەنزوێلا، هەروەها لە ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکانی جیهان، خواستی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی مۆسکۆ، بۆ ئێران و ڕزگارکردنی ئابووری تەهران لە ڕێگەی هاوردەکردنی وزەی ئێران بووە بۆ داغستان، لەوێیشەوە بۆ بازارەکانی ئەورووپا لە ساڵی 2019، لەبەرامبەردا ئێران خۆراک و دەرمان و کاڵا سەرەکییەکانی دیکەی پێدەگات، هەرچەندە ئەم هەوڵەی ڕووسیا، پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکایە، لێ فاینەنشیاڵ تایمز لەتەمووزی 2019دا، لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بەوە کردووەکە ڕێگای گونجاو دەدۆزنەوە بۆ هاوکاریکردنی کەرت داراییی وزەی ئێران.
رێڕەوی ئەفگانستان – باکۆ
بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا، لەدژی کەرتی نەوتی ڕووسیا و ئێران، راڕەوەی ئازەربایجان–جۆرجیا، بۆ دەریای ڕەشی تورکیا زیاتر لەڕێگای داغستان باوەڕپێکراوتر دەردەکەوێت، نزیکەی بیست ساڵە، سووپای ئەمریکا لەوڕێگایەوە هێزەکانی، لەئەفگانستان، کەهاوتەریبی بۆرییەکانی BTCوSCPیە، بڵاوەپێکردووە، پاشان رێڕەوەکە بە درێژایی دەریای قەزوین درێژدەبێتەوە، بۆ کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و بەولایتریشدا، بۆ ئەفگانستان. سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئازەربایجان، حەیدەر عەلیێڤ، لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، ڕۆژێک پاش هێرشە تیرۆرکارییەکانی 11 سێپتێمبەری 2001 ئەم ڕێرەوە گەشەیکرد، لە ناردنی سوتەمەنی کەرەستە و کۆمەک، بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەئەفگانستان. ئەمڕۆ ئەم راڕەوە لەفراوانبووندایە، کەئێستا وەک کارگۆیەکی تەواوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییە سەربازییەکان، هێڵی شەمەندەفەری (باکۆ _ تەبلیسی _ کارس)، لە تشرینی یەکەمی 2017دا، دەستی بەکارکردووە، ئەم هێڵە کورتترین هێڵی شەمەندەفەرە لەنێوان ئەورووپا و ئاسیادا. جگە لەوە گواستنەوەی داتا و زانیارییەکانی هەرێمەکانی دەریایی قەزوین، بەشێکە لە پلانی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زانیاریی لە نێوان وڵاتانی ئاسیا و چین لە رێگەی کۆمپانیایی مەزنی ئازەرتیلیکۆم، لینکێکی فایبەرئۆپتیک، لەنێوان باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و چین دا دەمەزێنێت، کە بەراڕەوەی جۆرجیا - ئازەربایجان، لەژێر دەریای قەزویندا تێپەڕدەبێت و، لەسەرتاسەری ئاسیای ناوەڕاست درێژدەبێتەوە[1]. وەک ئەوەی لە نەخشەی ژمارە (2) هێڵە کێشراوەکانی باکۆ – تەبلیس – کاراس دەخاتەڕوو.
دوای ڕووداوەکانی جەنگی تیرۆر لە 2001، ڕەوش و سەقامگیری ئەفگانستان کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر ئابووری وڵاتەکە جێهێشتووە، بۆیە ئەگەری سەرکەوتنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هێزە چەکدارەکانی کابول و هێزەکانی ئەمریکا، ڕێگا بۆ بونیاتنانی رێڕەوەیكی ستراتیجی فراوان دەکات، تورکمانستان دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی ئەم پەیوەندییانەدا بگێڕێت، لە ڕووی جوگرافییەوە تورکەمانستان دەتوانێت ئەفگانستان بە باکووری ڕۆژئاوای دەریایی قەزوین ببەستێتەوە و، لە ڕێگەی دەریای ڕەش و تورکیاوە پەیوەندی باشووری ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانی ئەورووپای ببەستێتەوە، ئەم جیۆپۆڵەتیکەی ناوچەکە ئەگەری ململانێیەکانی زیاتر کردووە، بە تایبەت لە ڕووی سەرچاوەکانی وزە، تورکمانستان ڕیزبەندی چوارەم گەورەترین ناوچەی خاوەن یەدەگی گازی سروشتییە لە جیهاندا، دەتوانێت ئەفگانستان لەڕێگەی تۆڕی بازرگانیکردنی وزەی ناوچەیی، لەڕێگەی پرۆژەی تورکمانستان - ئەفغانستان - پاکستان - هیندستانی TAPI یەوە، ببێتە بەشێک لە تۆڕێکی بازرگانی وزەی هەرێمی. پرۆژەی TAPI هاوشێوەی پرۆژەی TCP لە سەرەتایی نەوەدەکانەوە، ئەمریکا لەرێگەی کۆمپانیایی UNICOL ی، ئەمریکیەوە دەستیان کرد بە کێشانی هێڵی ستراتیژی ،بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی تورکمانستان، بۆ بازاڕەکانی وزە و،لە ڕێگەی پاکستان و هیندستان، جگە لەوەی ئەفگانستان، وەک خاڵێکی ترانزێتی ئەو پرۆژەیە دەتوانێت داهاتێکی باشی دەستکەوێت. سەرەڕای چەندین ڕاگەیاند دەربارەی دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە ڕاگەینراوە، لێ ئەم پرۆژەیە تووشی ئاستەنگی سیاسی، ئەمنی و دارایی دەبێتەوە، چونکە گوژمەی پرۆژەکە بە 8 بۆ 10 میلیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ترانزێتی ئەو پرۆژەیە لە ناوچەی هیراتی ژێر دەستەڵاتی هێزەکانی تاڵیبانە، ئەمەش مەترسی بۆسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات و جگە لە تەشەنەکردنی گرژی و ئاڵۆزیەکان، بەهۆی داهاتی پرۆژەکە لە ڕێگەی گەندەلی هێزەکانی ئەو ناوچانە و دابەشکردنی سامانەکەی، لە ئەنجامدا، پرۆژەی TAPI پێناچێت بتوانێت کۆدەنگی نێوان هێزە جیاوازەکانی ئەو سێ وڵاتە بەدەستبهێنێت، بۆ جێبەجێکردنی، جگە لە بەرهەڵستییە بەردەوامەکانی چین، و ڕووسیا لە ناوچەکەدا ئەگەری تەواوبوونی ئەو پرۆژەیان لە لایەن ئەمریکاوە زۆر لاواز کردووە، یارییەکی جیۆئیکۆنۆمی بەردەوام لە ناوچەکە هێشتۆتەوە. پلانی پرۆژەی TAPI لە نەخشەی ژمارە (3) ڕونکراوەتەوە.
پلانی ئەڵتێرناتیڤ بۆ ئەو پرۆژەیە و، کەمکردنەوەی تێچووەکانی کێشانی بۆرییە هێڵەکان و زیادکردنی ئەگەری قازانجی ئابووری بۆ ئەفگانستان، لە ئێستادا پرۆژەی کارەبایی تورکمانستان - ئەفغانستان - پاکستان ناسراو بە TAPP، کە لەلایەن کۆمپانیای تایبەتی تورکی کالیک ئینرجییەوە پەرەی پێ دەدرێت لە 25/1/2020 واژۆکرا، ئامانجیەتی لە دوو قۆناغدا کارەبای بەرهەمهێنراو لەگازی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ کارەبا لە تورکمانستان بۆ ئەفگانستان، پاکستان و هیندستان هەناردە بکرێت.
قۆناغی یەکەمی پرۆژەیTAPP زۆر گرنگە، کە بریتییە لە گەیاندنی کارەبا، بۆ خەڵکی ناوچەی هیراتی ئەفگانستان و پارێزگاکانی تری وڵاتەکە، کە هەرگیز کارەبایان نەبووە، جیاواز لە بۆرییە کان لە هەمان شوێن و ناوچە داهاتی زەبەلاحی ئەو پرۆژەیە ناکەوێتە دەست هێزەکانی کابول، جگە لەوەی کە کەرەبا بۆ خەڵکەکە دابیندەکات، قۆناغی یەکەمی هێڵەکە سوودی بەرجەستە و گۆڕانی ژیان بۆ تاکی هاوڵاتیانی ئەفگانستان دابین دەکات، کە یەکەم جار پێداویستی کارەبایان بۆ دابیندەکرێت، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت دەکرێت وادابنرێ کە ئەفگانییەکان دەبنە لایەنگری رارەوی کارەبای تورکمانستان – ئەفغانستان، لەبەر ئەوەی ئامانجی کۆتایی تاڵیبان ئەوەیە دڵ و دەروون و دڵی گەلی ئەفگانستان بباتەوە، لە پێناو هێرشنەکردنە سەر پرۆژەکە.
بنیاتنانی قۆناغێکی سەقامگیری سیاسی ئیجابی، بۆ سەرەتای پرۆژەکە، ڕێگە بۆ بونیاتنانی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە ئاسانتر دەکات و پرۆژەیTAPP دەبێتە هێڵی گواستنەوەی بەرچاوو گەورەتر، بۆدابینکردنی کارەبا لەتورکمانستانەوە بۆ سەرتاسەری ئەفگانستان، لە وێیشەوە بۆ ناوچەی بەلۆچستانی پاکستان، کە یەکێکی ترە لەو هەرێمانەی کە دانیشتووانەکەی لەڕووی مێژووییەوە هیچ کات چێژیان لەگەیشتنی پێویست بەکارەبا نەبووە . ئەگەر پرۆژەکە لە پاکستان سەرکەوتوو بێت، دەکرێت لە کۆتاییدا بیر لە درێژکراوەیەک بۆ هیندستان بکرێتەوە. پلان دانان بۆTAPP بەرەو پێشەوە دەڕوات، لەکاتێکدا پێویستی بەپشتیوانی سیاسی و ڕێکخەر دەبێت لەلایەن وڵاتانەوە، بەدرێژایی ڕێگاکەی و هەروەها پشتیوانی ئەمنی لەئەمریکا، پرۆژەیەکی بازرگانییە. بۆیە ئەگەر پڕۆژەکە تا کۆتا سەربگرێت دەکرێت پێشبینیی ئەنجامی ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و تاڵیبان خاڵی ئەرێنی هەبن، بتوانن دژایەتی هەژموونەکانی ڕووسیاو چین بکەن، بەڵام ئایا ئەم دوو زلهێزەی وڵاتانی ئاسیایی ناوەڕاست ڕێگە بە سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ئەمریکا دەدەن؟!!
نەخشەی ژمارە (4) ڕێککەوتنی پرۆژەی TAPP لە دوو قۆناغ ڕوندەکاتەوە
ئاڵۆزییەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان و هەوڵەکان بۆ ڕێگایە نوێکە
لە کاتی گرژبوونی پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە 27/9/2020، هێڵی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئازەربایجان بۆ گواستنەوەی کاڵا لە وڵاتانی وەک تورکیا، ئیسرائیل و ئەفغانستانەوە بۆ باکۆ زیاتر بوون، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2020 ڤەهرام پۆغوسیان، وتەبێژی سەرۆکایەتی ناگۆرنۆ _ کاراباخ، ڕایگەیاند: " بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکی پارتی ئیسلامی ئەفگانستان (حزب ئیسلام) گوڵبودین حیکمەتیار، بۆ بەشداری کردنی گروپە تیرۆریستییە نوێیەکان لە شەڕی دژی ناگۆرنۆ _ کاراباخ گەیشتووەتە ڕێککەوتن". حیکمەتیار کە لە دەیەی 1990دا، دوو جار وەک سەرۆک وەزیرانی ئەفگانستان خزمەتی کردووە، لە ساڵی 2003یەوە، لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست دادەنرێت تورکیا و ئازەربایجان لەگەڵ کەسێکی وەهادا هاوبەشبوون.
دوای ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی نێوان دوو هەرێمەکە، روسیا ئاگربەست وڕێککەوتنی بە نیواندگیری تورکیا واژووکرد، بەڵام پەیوەندییە دیبلۆماسیکانی ئەم دواییەی نێوان تورکەمنستان و تورکیا و ئازەربایجان، هەرەوەها ڕێککەوتنەکانی قەتەر وپاکستان و ئەگەرەکانی بۆ ئەو هێڵە نوێێانە بەهێزتر کردوون، هەرچەندە پاکستان وتورکیا و ئێران لە ماوەی هەفتەیەکی تردا هێڵێکی شەمەندەفەری ستارتیژی دەخەنە کارم بەڵام سیاسەتی ناوچەکە یارییەکەی چەند لایەنە دەخوازێت، بۆیە هاوکێشەکان ئەگەری گۆرانکاریان لە ئارادایە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment