لەپێناو رازيكردنى توركيا سويد ياساى تيرۆر هەموار دەکاتەوە شیکاری

نوچەنێت:

دواى ئەوەى سويد داواى ئەندامبوونى لە هاوپەيمانى ناتۆ كرد، كار لەسەر هەموارکردنەوەى ياساى تيرۆر دەكات، ئەوەش لە پێناو لادانى ڤيتۆى توركيايە.

سويد كە ئێستا لەلايەن توركياوە تۆمەتبار دەکرێ، بەوەى بۆتە لانكەى ئەندامانى پارتى كرێكاران، بەنیازە گۆڕانكارى گەورە لە ياساى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر بكات.

ماگدالينا ئەندرسۆن، سەرۆك وەزيرانى سويد لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى لەگەڵ يەنس ستۆلتبێرگ، سکرتێرى هاوپەيمانى ناتۆ رايگەياند، "مەترسييە ئەمنييەكانى توركيامان بە جددى وەرگرتەوە، كار لەسەر گۆڕانكارى لە ياساى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆر دەكەين."

دواى ئەوەى لەسەرەتاى ئەمساڵ حكومەتى سويد داواى گۆڕانكارى لە ياساى بەرەنگاربوونەوەى تيرۆرى لە پەرلەمانى وڵاتەكەى كرد، لە كۆتايى مانگى رابردوو دەستكرا بە گۆڕانكارى، بڕيارە لە سەرەتاى مانگى داهاتوو ئەو ياسايە بخرێتە بوارى جێبەجێكردن.

لە (13)ى مانگى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا ڤيتۆى بەرانبەر سويد و توركيا بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ بەكارهێنا.

هەمواركردنەوەى (ياساى تاوانى تيرۆرستى) رێکارێکى نوێيە سويد لەو یاسایە ئەنجامى دەدات، لەبرى ئەو سێ ياسا جۆراجۆرەى لە مامەڵەكردن پەيوەست بەكردە تيرۆرستييەكان، لەگەڵ خستە بوارى جێبەجێكردنى ئەو ياسايە، ياساكانى ئێستا هەڵدەوەشێنەوە و كاريان پێناكرێت. 

دەقى ياساكەى ئێستا (349) لاپەڕەيە، کە سزاكان پەيوەستە بە هەموو كردە تيرۆرستييەكان.

بەگوێرەى ئەو ياسايە ئەو ليستانە هەڵدەوەشێتەوە، كە پێشتر كارى تيرۆرستى لەخۆى گرتبووە، لەو ليستە نوێيە حيساب بۆ ئەو تاوانانە دەكات زيان بە وڵاتێك، ياخود رێكخراوێك، يا كۆمەڵگەيەك دەگەينن، بە تاوانى تيرۆرستى دادەندرێن، لە پاڵ ئەوەش رێكارى پێويست بەرانبەر هاندان و هاوكارى تيرۆر دەگيرێتەبەر. 

هەرچەندە پێداچوونەوە بەو ياسايە پێش ڤيتۆى توركيا بوو، بەڵام بە پێداچوونەوە بەم ياسايە سويد دەخوازێت ئەو دۆخەى ئێستا لەگەڵ ئەنقەرە ئاسايى بكاتەوە. 

ئانا ليندى، وەزيرى دەرەوەى سويد لەبەردەم پەرلەمانى وڵاتەكەى رايگەياند، "ئامانجى وڵاتەكەمان ئەوەيە چارەسەرى مەترسييەكانى توركيا بكەين، لە داهاتووش لەگەڵ لايەنەكان هاوكار دەبين، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوەش بكەمەوە سويد سەركۆنەى تيرۆر دەكات، ياسايەكى نوێش سەبارەت بە بەرەنگابوونەوەى رێكخراوە تيرۆرستييەكان دەردەكەين و لە يەكى مانگى داهاتوو دەيخەينە بوارى جێبەجێكردن."

 وەزيرى دەرەوەى سويد ئاماژەى بەوەش كردووە، "حكومەتى سويد هەنگاوى تريش دەگرێتەبەر، كار لەسەر دانانى ليستێكى تر دەكات تايبەت دەبێت بە ئەندامانى پارتى كرێكارانى كوردستان."

ئەو رەشنووسەى لە مانگى رابردوو، پێش داواكردنى ئەندابوونيان لە ناتۆ ئامادەيان كردبووە، كە تێيدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتە سەپابەندى سزا بەسەر هاندان بۆ بەشدارى لە رێكخراوە تيرۆرستييەكان و بانگەشە و هاندنى تاكەكان بۆ ئەنجامدانى كردەى تيرۆرستى دەكاتەوە.

پرسێكى تر هەيە پەيوەستە بە قەدەغەكردنى چەكفرۆشتن بە توركيا، ئەميندارى رێكخراوى ناتۆ رايگەياند، "ئەگەر سويد ببێتە ئەندامى ناتۆ ئەوكات پابەند دەكرێت بە هەناردەكردنى چەك بەگوێرەى پەيڕەوى رێكخراوى ناتۆ."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین