ئێران چۆن سیناریۆى هێرشه‌كان ده‌گۆڕێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

شه‌وى رابردوو به‌ درۆن هێرش كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر، جیاواز له‌ جارى پێشوو ماڵپه‌ڕه‌كانى ئێران له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى "گوماناوی" ده‌ڵێن له‌و هێرشه‌ به‌رپرسى تیمى غافڵكوژى موسادى ئیسرائیل به‌ ناوى "ئیلاك رۆن" كوژراوه‌. ئێران ئه‌م جاره‌ وه‌ك هێرشه‌كه‌ى مانگى ئادارى رابردوو راسته‌وخۆ به‌رپرسیارێتى له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو پاساو بۆ هێرشه‌كه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ گوایه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ به‌رپرسێكى ئیسرائیل كوژراوه‌، سه‌رچاوه‌كه‌یش په‌یجى "ئینتل سكاى"یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ هه‌واڵ له‌ به‌رژوه‌ندى ئێران بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان: ئەو هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری
 

شه‌وى رابردوو هه‌شتى حوزه‌یرانى 2022 به‌ فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وان "درۆن" هێرش كرایه‌ سه‌ر رێگاى هه‌ولێر- مه‌سیف، به‌گوێره‌ى لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هێرشه‌كه‌ سێ هاووڵاتى سڤیل بریندارن. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت هیچ گرووپێكى میلیشیایى به‌رپرسیارێتى ئه‌م هێرشه‌ى له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌، ئێرانیش وه‌ك جارى پێشوو باسى به‌رپرسیارێتى خۆى نه‌كردووه‌.

به‌ره‌به‌یانى 13ى ئادارى رابردوو به‌ مووشه‌ك هێرش كرایه‌ سه‌ر ماڵى شێخ باز به‌رزنجى به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكار له‌ كۆمپانیاى كار، هه‌مان رۆژ سوپاى پاسدارانى ئێران به‌رپرسیارێتى هێرشه‌كه‌ى له‌ئه‌ستۆ گرت و گوتى، “گرووپێكى ئیسرائیلى له‌ ماڵه‌كه‌ بوون”، كه‌چى دواى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زۆر له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق ئه‌م پاساوەى ئێران به‌ درۆ خرایه‌وه‌ و داوا له‌ ئێران كرا روونكردنه‌وه‌ى پێویست بدات و چیتریش به‌و شێوه‌یه‌ هێرش نه‌كات و رێز له‌ سه‌روه‌ریى عێراق بگرێت.

ئه‌مجاره‌ ئێران به‌رپرسیارێتى خۆى رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵكو میدیا فه‌رمییه‌كانى ئێران بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌  له‌ هێرشه‌كه‌دا به‌رپرسێكى ئیسرائیلى به‌ ناوى ئیلاك رۆن كوژراوه‌، كه‌ به‌رپرسى تیمى غافڵكوژى "اغتیالات"ى موساد بووه‌.  

ئیلاك رۆن كێیه‌؟ 

ئه‌و ناوه‌ى میدیاكانى ئێران باسیان كردووه‌
تا شه‌وى رابردوو له‌ هیچ راپۆرت و هه‌واڵێكى دنیا بوونى نییه‌

 

ئیلاك رۆن ئه‌و ناوه‌ له‌ هیچ راپۆرتێكى رۆژنامه‌وانى ئیسرائیلى و عه‌ره‌بى بوونى نه‌بووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ میدیاى ئیسرائیلیش تا ئێستا هیچ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌. به‌ گه‌ڕانێك به‌ دواى ئه‌و ناوه‌ له‌ ئینته‌رنێت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ناوه‌ ته‌نیا له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ له‌ چه‌ند ماڵپه‌ڕێك به‌ ئیگلیزى و عه‌ره‌بى وفارسى هه‌یه‌، ئه‌ویش سه‌رجه‌م ماڵپه‌ڕه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ گرووپه‌ شیعه‌كانى عێراق و ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌. سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌واڵه‌كه‌یش  په‌یجه‌كه‌ له‌ تویته‌ر به‌ ناوى  "ئه‌نتیل سكاى" كه‌ په‌یجێكى گوماناوییه‌.

ئه‌نتل سكاى چییه‌؟

ئه‌نتل سكاى په‌یجێكه‌ ساڵانێكه‌ هه‌واڵ له‌ به‌رژوه‌ندى ئێران بڵاوده‌كاته‌وه‌
 

ئه‌نتل سكاى په‌یجێكى تویته‌رە به‌گوێره‌ى هه‌ندێ به‌داواداچوون ئه‌م په‌یجه‌ له‌ ئه‌یلوولى 2013 وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ كار. له‌ رواڵه‌تدا گوایه‌ باس له‌ جووڵه‌ى فڕۆكه‌وانى ده‌كات له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، كه‌چى له‌ ناوه‌ڕۆكدا هه‌ندێك هه‌واڵى شێوه‌ هه‌واڵگرى بڵاوده‌كاته‌وه‌. وشه‌ى ئه‌نتله‌كه‌ كورتكراوه‌یه‌ بۆ وشه‌ى  Intelligence كه‌ به‌ ماناى “زانیارى هه‌واڵگرى” دێت.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كانى پێشترى ئه‌و په‌یجه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رجه‌م هه‌واڵه‌كانى له‌ به‌رژوه‌ندى ئێران و له‌ دژى ئیسرائیل بووه‌. بۆ نموونه‌ له‌ حوزه‌یرانى 2021 ئه‌نتل سكاى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، فڕۆكه‌ى ئیسرائیلى بۆردومانى نه‌جه‌فیان كردووه‌. له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2018 هه‌مان په‌یج بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ فڕۆكه‌یه‌كى ئیسرائیل له‌ به‌یرووت نیشتووه‌ته‌وه‌. له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2022  په‌یجى ئه‌نتل سكاى نوسیویه‌تى وه‌ڵامى ئێران بۆ كوشتنى موحسین فه‌خریزاد به‌په‌له‌ ده‌بێت. له‌گه‌ڵ چه‌ندان نموونه‌ى تر كه‌ له‌ په‌یجه‌كه‌دا هه‌یه‌.

هه‌ڵوێستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ چییه‌؟

جگه‌ له‌ لێدوانى به‌رپرسانى ترى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ دووپاتیان كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ى بریندار بوون خه‌ڵكى سڤیلن و جیا له‌مه‌یش هێرشه‌كه‌یان به‌ "تیرۆریستى" ناوبرد. ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان  راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری"

ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراى ده‌كات كه‌ درۆنه‌كه‌ له‌لایه‌ن حزبوڵاوه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌، ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌ڵێ، "ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین