ئۆپراسيۆنى توركيا لە خاكى سووريا لەسەر ئاستى سياسى و سەربازييەوە شیکاری

نوچەنێت:

وەزارەتى بەرگرى توركيا لە راگەيێندراوێكدا ئاشكراى كرد خەڵووسى ئاكار، وەزيرى بەرگرى ئەو وڵاتە لە پەيوەندييەكى تەلەفۆنى لەگەڵ سێرگى شۆيگۆ، وەزيرى بەرگرى رووسيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "هەموو رێكارە پێويستەكان ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێرشەكانى سنوورى توركيا لە باشوورەوە، مۆسكۆ و واشنتن پابەند نەبوون بە بەڵێنى دوورخستنەوەى (30) كيلۆمەترى يەكينەكانى پاراستنى گەل لە سنوورى وڵاتەكەمان."

ئەو پەيوەندييە تەلەفۆنييە دوو هەفتە پێش راگەياندنى ئەو ئۆپراسيۆنە نوێيە بوو لەلايەن رەجەب تەيب ئەردۆغانەوە.

لە بەشێكى ترى راگەيێندراوەكە هاتووە، ئاكار لەو پەيوەندييە تەلەفۆنييە لەگەڵ وەزيرى بەرگرى رووسيا روونيكردۆتەوە، "سوپاى توركيا وەڵامى پێويستى دەبێت بەرانبەر ئەو كارانەى دەبنە تێكدانى سەقامگيرى وڵاتەكەمان لە سنوورەكانى باشوورەوە، بوونى هێزە هێزەكانى هەسەدە لەو ناوچانە جێگەى قبووڵكردن نييە."

ئەو گفتوگۆيانەى نێوان وەزيرى بەرگرى توركيا و رووسيا رۆژێك پێش كۆبوونەوەى وەزيرى دەرەوەى هەردوو وڵاتە لە ئەنقەرە سەبارەت بە رێكارى گفتوگۆكان سەبارەت بە سووريا و ئۆكراينا. 

ئۆپراسيۆنى سەربازيى سياسيى

حەسەن يەڵچين، نووسەر و رۆژنامەنووسى تورك پێيوايە، "پێويستە ئەو ئۆپراسيۆنەى توركيا بەگوێرەى دەرهاوێشتە سياسيى و مەيدانييەكان بێت، پێش دەستپێكردنى توركيا هەماهەنگى لەگەڵ لايەنە باڵادەستەكانى پرسى سووريا بكات."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، "هەر چەندە توركيا لە ئۆپراسيۆنەكانى پێشووى لە خاكى سووريا فشارى گەورەى خرايە سەر، بەڵام بۆ دۆزينەوەى رێگەچارەى تايبەت سەركەوتوو بوو، ئۆپراسيۆنە سەربازييەكان پەيوەستكردەوە بە دانوستاندنى ديپلۆماسى، چونكە توركيا لە بەڕێوەبردنى كاردانەوە نێودەوڵەتييەكانى لە چوار ئۆپراسيۆنى رابردوو هەندێك كارى كرد دەگوترێت، ئەو كارانە روودانيان ئەستەم بوو."

ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، "كە كشانەوەى ئەمەريكا لە سنوورەكانى توركيا بەربەستێك بوو لەبەردەم هێزەكانى حكومەتى بەشار ئەسەد كە رووسيا لە ئيدليب پاڵپشتى دەكردن، ئێستا كە ئەگەرى كشانەوەى هێزەكانى رووسيا هەيە دەرفەتێكى نوێيە توركيا بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو بنێت، كە شێوەزاكانى بە هەمان عەقڵانيەتى رابردوو دياريكراوە. "

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، "توركيا لەسەر ئەو هێڵە باريكەى سووريا سەركەوتووبووە، ئەوەش لە بە رێگەى گرتنەبەرى يارى سياسى لێهاتووانە دەبێت، بۆيە پێويستە روانگەى ئەو ئۆپراسيۆنە چاوەڕوانكراوە هەمان بە هەمان ئەو ياريانە بێت، ئىەوەش دەبێتە يارمەتى كە سووريا لە كێشەيەكى ئەمنييەوە بۆ بگۆڕێت بۆ دەستكەوتێكى گەورە بۆ توركيا."

هەماهەنگى هەسەدە لەگەڵ حكومەتى سووريا

مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى هێزەكانى سوورياى ديموكرات (هەسەدە) لە ديمانەيەكى ئاژانسى (رۆيتەرز) رايگەياند، " بۆ بەرەنگابوونەوەى فڕۆكە جەنگييەكانى توركيا و هەڕەشەكانى ئۆپراسيۆنى سەربازى لە باكوورى سووريا، داوامان لە حکوومەتى سووریا کردووە سیستەمى بەرگرى ئاسمانیان پێ بدات."

لە بەشێكى ترى ئەو ديمانەى رايگەياندووە، "كارێكى سەرەكى كە سوپاى سووريا دەتوانێت بيكات بۆ بەرگريكردنە لە يەكپارچەيى خاكى وڵاتەكەى، ئەويش بەكارهێنانى سيستەمى بەرگرى ئاسمانييە دژ بە فڕۆكەكانى توركيا."

لە بەشێكى ترى قسەكانى عەبدى هۆشدارى دا، "كە ئەگەر هێرشى سەربازى بكرێت، ئەوا نزيكەى نيو مليۆن كەس ئاوارە دەبێت، ناوچەكانى شەڕ فراوانتر دەبێت، هەروەها دەبێتە گەڕانەوەى رێكخراوى تيرۆرستى داعش بەشێوەيەكى بەهێزتر بۆ سەر خاكى سووريا."

عەبدول ئەسعەد، پسپۆڕى سەربازى سەبارەت بە هەماهەنگى نێوان هەسەدە و حكومەتى سووريا رايگەياند، "ئەو هەماهەنگيەى نێوان حكومەتى سووريا و هێزەكانى هەسەدە، ئاڕاستەى ئۆپراسيۆنەكەى توركيا ناگۆڕێت، هەرچەندە هێزەكانى هەسەدە لە تەلرەفعەت و مەنبيج هەن، بەڵام  سەرۆكى توركيا ئەو دوو شوێنەى ديارى كردووە. 

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كردووە، "ئەو ئۆپراسيۆنەى توركيا ئامادەسازى بۆ دەكات، لەژێر چەترى سياسييە، هۆكارەكەشى ئەوەيە هێزەكانى رووسيا و ئەمەريكا لەو ناوچەكانى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا بڵاوبووينەوە، بۆيە پێش دەستپێكردنى هەر هێرشێكى سەربازى، پێويستى بە لێكتێگەيشتنى سياسيى هەيە."

ئۆپراسيۆنەكانى توركيا لە سووريا

لە (24) ئابى (2016) لە دواى شەڕەكانى رێكخراوى تيرۆرستى داعش، سوپاى توركيا چووە ناو جەرابلوس و باب دابق. 

لە (20) كانوونى دووەمى (2018) سوپاى توركيا ئۆپراسيۆنى (چڵە زەيتوون)ى دەست پێكرد، لەو ئۆپراسيۆنە يەكينەكانى پاراستنى گەلى كردە ئامانج و عەفرين و دەوروبەرى حەلەبى داگيركرد.
لە نۆى تشرينى يەكەمى (2019) سوپاى توركيا هێرشى كردە سەر ناوچەى تەئەبيەز و سەرێ كانى رۆژهەڵاتى فوڕات، ئەو ئۆپراسيۆنە لەدواى رێككەوتنى ئەنقەرە لەگەڵ ئەمەريكا و رێككەوتنى سۆچى لەگەڵ رووسيا وەستا.

لە (27) شوباتى (2020) دواى كوژرانى (30) سەربازى توركيا بە بۆردوومانى هێزەكانى حكومەتى سووريا، سوپاى ئەو توركيا ئۆپراسيۆنێكى سەربازى بۆ سەر ئيدليب لە باكوورى سووريا دەستپێكرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین