بۆچى ئاسایشى خۆراك ناكۆكى سیاسى دروست كرد؟ ناوخۆیی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

پڕۆژه‌ یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌ ئاسایشى خۆراك مشتومڕ و ناكۆكییه‌كى سیاسى تووندى له‌نێو لایەنە شیعه‌كان دروست كردووه‌، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت سێ هۆكار ئاشكرا ده‌كات كه‌ وایانكردووه‌، ئه‌م یاسایه‌ى خۆراك لێكه‌وته‌ى سیاسى هه‌بێت.

پڕۆژه‌ یاساى پاڵپشتى فریاگوزارى ئاسایشى خۆراك و گه‌شه‌پێدان ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ مشتومڕێكى سیاسى له‌نێوان لایه‌نه‌كانى شیعه‌ دروست كردووه‌، ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنن، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن، یاساكه‌ تێپه‌ڕێنن، له‌به‌رانبه‌ردا لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن كێشه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ دروست بكه‌ن.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى توانیان تانه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بده‌ن، بۆیه‌ دادگاى فیدڕاڵى عێراق به‌ بڕیارێك پڕۆژه‌ یاساكه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێ پڕۆژه‌یه‌كى له‌م شێوه‌یه‌ پێشكه‌ش بكات، كه‌ داواى ته‌رخانكردنى سه‌رووى 30 ترلیۆن دینار ده‌كات. دوو رۆژ دواى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان كه‌ ره‌وتى سه‌در سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، به‌ ناوێكى تر هه‌مان پڕۆژه‌ى پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كرد، چه‌ند رۆژێكیشه‌ تاوتوێى ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ تێیپه‌ڕێنن.

جه‌مال كۆچه‌ر:
یاساى ئاسایشى خۆراك نابێته‌ شوێنگره‌وه‌ى بودجه‌

دوێنێ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در په‌یامێكى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتاران كرد و داواى كرد كار بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ بكه‌ن، دواى په‌یامه‌كه‌ى سه‌در  حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه‌ سه‌ربه‌ ره‌وتى سه‌دره‌ دڵنیایى به‌ سه‌در دا كه‌ یاساكه‌ تێده‌په‌ڕێت.

پرسیارێك كه‌ له‌ میدیاى عێراقى و عه‌ره‌بى ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌، بۆچى له‌ وڵاتێكدا كه‌ برسێتى و هه‌ژاریى له‌ ئاستێكى به‌رزه‌ كێشه‌ى سیاسى له‌سه‌ر خۆراك دروست ده‌بێت؟ خۆى له‌ بنه‌ڕه‌تدا بیرۆكه‌ى یاساكه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو كاریگه‌رییه‌كى قه‌یرانى خۆراك و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى كه‌لوپه‌ل كه‌م بكرێته‌وه‌، كه‌چى ئێستا یاساكه‌ له‌به‌رده‌م ململانێى لایه‌نه‌ شیعه‌كان دایه‌!

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "سێ هۆكار هه‌یه‌ وایانكردووه‌، ناكۆكى سیاسى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ دروست بێت. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ هەندێک کێشەی یاسایی لەسەرە کە هەندێک لایەنی سیاسی پێی رازی نین، بۆ نموونە یاسای پێشتر حکومەت نارد بووی حکومەتەکە حکومەتێکی کاربەڕێکەرە بۆی نییە یاساکان بنێرێت" 

به‌ بڕواى جه‌مال كۆچه‌ر هۆكارى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌، ره‌وتى سه‌در ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك كار بكات تا بتوانێ پاره‌ دابین بكات، بیرۆكه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست خۆیانه‌، حه‌زیش ده‌كه‌ن حكومه‌تى ئێستا بمێنێته‌وه‌ و  له‌ هه‌مان كاتیشدا پاره‌یان هه‌بێت، به‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌توانن پاره‌ دابین بكه‌ن كه‌ بڕه‌كه‌ى زۆره‌ و ده‌گات 25 ترلیۆن دینار.

جه‌مال كۆچه‌ر ده‌ڵێ، "ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ زیاتر له‌ سه‌درییه‌كان نزیك بوو، به‌ڵام چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێى رازى نه‌بوو، بۆیه‌ جارى یه‌كه‌م تانه‌ى لێدا و ئێستایش نازانرێ بۆ جارى دووه‌م ده‌توانن یاساكه‌ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌ یان نا".

هۆكارى سێیه‌م به‌ بڕواى جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م یاسایه‌ پارەیه‌كى زۆرى ده‌وێت، بێ ئه‌وه‌ى روون بكرێته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێ، " یاساکە پارەکەی زۆرە، جارەکەی تر(35تا40) ترلیۆن دینار واتە نزیکەی (25) ملیار دۆلار بە یاسایەک، کە چەند دێرێکە وردەکاریشی تێدانییە، گومانی ئەوە هەبوو گەندەڵییەکی زۆری تێدا بکرێت، بۆیە لایەنە سیاسییەکان ئەوەی پێ باش نەبوو، و ئەو سێ خاڵە هۆکاری سەرەکی بوو".

ره‌وتى سه‌در ده‌یه‌وێ به‌ یاساى خۆراك 
جگه‌ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى ئێستا پاره‌یشى ده‌سكه‌وێت

هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا لێدوانى ئه‌وه‌یان داوه‌، گوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وا پێویست به‌ بودجه‌ ناكات، به‌ڵام جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى ئه‌مه‌  ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ،  "نه‌خێر ئه‌وه‌ نابێته‌ شوێنگره‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و بڕه‌ى دیاریكراوه‌ 25 ترلیۆن دیناره‌، كه‌چى ئه‌وه‌ى له‌ بودجه‌ى گشتى 2021 تا ئێستا خه‌رج كراوه‌  72 ترلیۆنه‌، بۆیه‌ جیاوازى له‌نێوان 25 و 72 زۆره‌ ناكرێت شوێنگره‌وه‌ى یه‌كتر بن".

جیا له‌وه‌یش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هێشتا نزیكه‌ى حه‌وت مانگ بۆ دانانى بودجه‌ى گشتى ماوه‌. له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى پێشبینى ئه‌وه‌ی كرد ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسایه‌ سه‌ربگرێت ئه‌وا یاساى تریشى هاوشێوه‌ى به‌ دواوه‌ دێت، ئه‌گه‌ریش ئه‌مه‌ نه‌بێت ئه‌وا عێراق ناچار ده‌بێت په‌له‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین