حکوومەتى هەرێم ڕاگەیێندراوێک لەسەر ناردنەوەى زۆرەملێى پەنابەرانى کورد لە بەریتانیاوە بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە بارەى ڕێکەوتنى حکوومەتى هەرێم و بەریتایتان و ناردنەوەى پەنابەرانى کورد بە زۆرەملێ لەو وڵاتە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ‌."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26/ئایار/2022) حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ژمارەیەک هاونیشتمانیانی کورد لە بەریتانیا و میدیاکان پەیوەندی دەکەن لەسەر پرسی ناردنەوەی به‌ زۆری هاووڵاتیانی کورد و ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەریتانیا له‌و بارەیەوە."

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتى هەرێم ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بەریتانیا لەسەر ئەو بابەتە ڕێککەوتنیان کردبێت، " په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌کانی بەریتانیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه‌یه‌، ئه‌و پرسه‌ی که‌ هه‌ندێک لایه‌ن ده‌یانه‌وێت چه‌واشه‌ی بکەن و هه‌ستی هاووڵاتیانی پێ بجووڵێنن و بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورتخایه‌نی خۆیان به‌کاری بهێنن، ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌وله‌ویاته‌کانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پرسی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆر نییه‌."

 

دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

دیارە ژمارەیەک هاونیشتمانیانی کورد لە بەریتانیا و میدیاکان پەیوەندی دەکەن لەسەر پرسی ناردنەوەی به‌ زۆری هاووڵاتیانی کورد و ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەریتانیا له‌و بارەیەوە.

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا بە پێویستی دەزانێ ڕایبگەیەنێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و، هاوکات به‌ ڕوونی ده‌یڵێین لە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک پرسی ناردنه‌وەی زۆرەملێ باس نەکراوە و هیچ ڕێککه‌وتنێکیش له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کراوه‌. هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌سه‌ر ئاستی نه‌هێشتنی تاوانی ڕێکخراو و به‌دواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هه‌ماهه‌نگن و  هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن.

په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌کانی شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان قووڵ و دۆستانه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه‌یه‌، ئه‌و پرسه‌ی که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ده‌یانه‌وێت چه‌واشه‌ی بکەن و هه‌ستی هاووڵاتیانی پێ بجووڵێنن و بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورتخایه‌نی خۆیان به‌کاری بهێنن، ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌وله‌ویاته‌کانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پرسی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆر نییه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین