جەنگى ئۆكراينا دەرفەتى پاڵپشتى ڕووسيا بۆ حەماس دەڕەخسێنێت وەرگێڕان

نوچەنێت:

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

كەناڵى مەيادين بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەيەكى ئاگادار بڵاويكردەوە، لەسەر بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوەى ڕووسيا، ئيسماعيل هەنيەى، سەرۆكى مەكتەبى سياسى حەماس لە چوارى ئەم مانگە سەردانى ڕووسياى كردووە لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە كۆبۆتەوە، بڕياريشە، لە مانگى داهاتوو شاندێكى ترى حەماس سەردانى ئەو وڵاتە بكات.

لە شەشى ئەم مانگە موسا ئەبوو مەرزووق، بەرپرسى نووسينگەى پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكانى حەماس لە لاپەڕەى فەرمى خۆى لە تويتەر بڵاويكردەوە،  "بەسەرۆكايەتیى شاندى حەماس سەردانى مۆسكۆمان كرد، ئەو سەردانە لەچوارچێوەى هەوڵەكانى راوێژ و هەماهەنگى دوولايەنەى نێوان ئێمە و دۆستەكانى رووسيايە، لەو سەردانە باسمان لە هێرشەكانى ئيسرائيل بۆ سەر قوددس لەبەشى رۆژئاوا و كەرتى غەززە كرد."

دواى سەردانى ئەو شاندەى حەماس، ميخائيل بۆگدانۆڤ، جێگرى وەزيرى دەرەوەى ڕووسيا بە رۆژنامەنووسانى ڕاگەياند، "گفتوگۆكمان لەگەڵ حەماس پەيوەست بوو بە دۆخى فەڵەستين و دواين رووداوەكانى مزگەوتى ئەقسا، مۆسكۆ ئامادەيە ببێت بە شوێنێك بۆ ديدارى نێوان فەڵەستييەكان."

بەم دواييە رووسيا هەوڵەكانى لەسەر دۆسيەى فەڵەستين چڕكردۆتەوە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنى پەيوەنديەكانە لەگەڵ فەڵەستين، كە پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و ڕووسيا بەهۆى جەنگى ئۆكراينا ئاڵۆز بووە.

گرووپە جياوازەكانى فەڵەستين هيواخوازن بۆ تێكشكاندنى ئەو قۆرغكاريەى ئەمەريكا، ڕووسيا رۆڵى گرنگتر لە دۆسيەى فەڵەستين ببينێت، هەر لەبەر ئەوەشە فەڵەستينييەكان هەڵوێستيان بەرانبەر هێرشى ڕووسيا بۆ سەر ئۆكراينا بێلايەنانەيە، رەتيشيان كردەوە سەركۆنەى ئەو هێرشانە بكەن.

سوهێل هندى، ئەندامى مەكتەبى سياسى حەماس بە ماڵپەڕى (مۆنيتۆر)ى راگەياند، "بزووتنەوەى حەماس دەرگاى بەڕووى هەموو وڵاتانى جيهان كراوەيە لەگەڵ هەر وڵاتێك و رێكخراوێك كە پاڵپشت مافى فەڵەستين بكات ئامادەيە پەيوەندى دروست بكات."

سەبارەت بە هەڵوێستى ڕووسياش گوتى، "هەڵوێستى مۆسكۆ بەرانبەر فەڵەستينييەكان جێگەى رێزە، لە بەرژەوەندى بزووتنەوەى حەماسە پەيوەندى لەگەڵ رووسيا بەهێز بكات، هەروەك لە بەرژەوەندى ڕووسياشە پەيوەندى لەگەڵ هەموو پارتەكانى فەڵەستين بەهێز بكات." 

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "رووسيا سەركۆنەى هێرشەكانى ئيسرائيل دەكات و لەگەڵ گەلى فەڵەستين دژ بە ئيسرائيل دەوەستێتەوە، ئێمەش دەمانەوێت مۆسكۆ پاڵپشتى گەلى فەڵەستين بكات و سياسەتەكانى ئێستاى بەرانبەر ئەمەريكا لەبەرژەوەندى ئێمە دايە."

سەبارەت بە كۆبوونەوەيان لەگەڵ بەرپرسانى رووسيا ئاشكرايكرد، "لەگەڵ بەرپرسانى رووسيا گفتوگۆمان لەسەر چالاكييەكانى ئيسرائيل لە قوددس و مزگەوتى ئەقسا و رەنگدانەوەكانى لەسەر ناوچەكە و دۆسيەى ئاشتەوايى فەڵەستيى كە مۆسكۆ رۆڵى تێدا دەبينێت كردووە."

بۆگدانۆڤ لەدواى كۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حەماس رايگەياند، "فەتح و رێكخراوى ڕزگاريخوازى فەڵەستينيش لەو نزيكانە بانگێشتى رووسيا دەكەين."

بايەخپێدانى رووسيا بە دۆسيەى فەڵەستين هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزييەكانى پەيوەندى نێوان مۆسكۆ و تەلئەبيب، كە رووسيا ئيسرائيل بە ڕەوانەكردنى چەكدار لە كەتيبەى ئازۆف لە ئۆكراينا تۆمەتبار دەكات، ئەو ديدارانەى رووسياش لەگەڵ حەماس پەيامێكە بۆ تەلئەبيب و واشنتن، كە رووسيا دەتوانێت رۆڵى گرنگ لە دۆسيەى فەڵەستين ببينێت.

ئەحمەد يوسف، راوێژكارى پێشووى ئيسماعيل هەنييە رايگەياند، "هەڵوێستەكانى ڕووسيا بەردەوام لە هەڵوێستى وڵاتانى رۆژئاوا جيا بووە، لەو چەند ساڵەى پێشوو لەگەڵ حەماس لە پەيوەندى دابووين، مۆسكۆ رەتى كردۆتەوە حەماس بخاتە ليستى تيرۆرەوە."

ڕووسيا هەوڵدەدات كۆبوونەوەكانى لەگەڵ حەماس زياتر بكات، بەوەش دەيەوێت پەيامێك ئاڕاستەى ئەو ناوچەيە بكات، كە مۆسكۆ دژ بە مسوڵمانان نييە، ئامانجى  جووڵانەوەكانى رزگاريخوازى ئەو ناوچەيە نييە، لەدواى دەستوەردانى رووسيا لە سووريا ئەمەريكا رووسياى وەك دوژمنێكى سەرسەختى ئەو ناوچەيە ناساند، ئێستا رووسيا هەوڵدەدات ئەو وێنەيە بگۆڕێت.

لەكاتێکدا حەماس لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دوورخرايتەوە و لە ليستى گرووپە تيرۆرستييەكان دايە، بەڵام رووسيا پێشوازى لە سەركردەكانيان دەكات، بەوەش پەيامێكى بەهێز بۆ وڵاتانى رۆژئاوا و ئيسرائيل دەنێرێت.

مۆسكۆ ئاشكراى كردووە، ئيسرائيل بە چەك و مەشقى سەربازى و رێگەدان بە بەشدارى ئيسرائيلييەكان لە كەتيبەى ئازۆف هاوكارى ئۆكراينا دەكات. 

بەهۆى قورسايى نێودەوڵەتى ڕووسيا، ئەو پێشوازييە دەرگا لەبەردەم بزووتنەوەى حەماس دەكاتەوە، پەيوەندى لەگەڵ وڵاتانى تريش دروست بكات، ئەگەريش هەيە لە داهاتوو هاوكارييەكان زياتريش بێت.

بزووتنەوەى حەماسيش دەستى بە هەوڵەكانى كردووە، ئەو هەڵوێستەى رووسيا بۆ پاڵپشتى لە فەڵەستينيەكان لە ناوەندە نێودەوڵەتييەكان لەوانەش ئەنجوومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى بەكار دەهێنێت بەدەستهێنانى پاڵپشتى لە دۆسيەى ئاشتەوايى فەڵەستين، بەڵام ئەو هەوڵانە تا ئێستا شكستى هێناوە، چونكە دەسەڵاتدارێتى فەڵەستين لاوازە بەهۆى هەژموونى ئەمەريكا ناتوانێت كۆتايى بەو دابەشبوونە بهێنێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین