شەڕێکی سەخت لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە رویدا کوردستانی

نوچەنێت

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان رایگەیاند، کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، لە گوندی هەڵکێرانی بناری چیادێڵی برادۆست روویدا، بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئایاری 2022، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر قەڵای سەربازی تورکیا لە چیای دێڵ. بەگوتەی ئیحسان چەلەبی، تورکیا وەڵامی داونەتەوە و بۆ ماوەی سێ کاژێر شەڕ و پێکدادان بەردەوام بووە.  

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا لە هەردوولا زیانی گیانی هەبووە، لە گوندی هەڵکێران تەرمی چوار گەریلا بەجێماون و تورکیاش لە رێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە بریندار و کوژراوانی بردووەتەوە. 

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان راشیگەیاند، "لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ژمارەیەک سەر ئاژەڵی ماڵی گوندنشینان و دوو خانوو زیانی ماڵیان بەرکەوتوو و ئێستاش رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە. 

جەبار مەحمود، دانیشتووی گوندی هەڵکێرانی سیدەکانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەڕ و پێکدادان، بۆردوومان و تۆپباران ماوەی دوو کاتژمێر لەنێو گوند بوو. دەیان گولە بەر خانووەکانمان کەوتوون، مانگا و مەڕ و ماڵات گوللەیان بەرکەوتووە، تەرمی چوار گەریلاش تاوەکو ئێستا لەنێو گونددا ماون و هێلیکۆپتەری تورکیاش کاژێر 5ـی بەرەبەیان هاتنە نێو گوند و نیشتنەوە ژمارەیەک بریندار و کوژراویان بردنەوە." 

هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئەو شەڕەی کە لەنێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و سەربازانی وڵاتەکەی روویداوە، دەڵێت "نۆ پەکەکەمان کوشتوون." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین