ڕاگەیێندراوێک لە پارێزگاى هەولێرەوە کوردستانی

نوچەنێت:

پارێزگارى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکراى دەکات، لە ڕۆژى جەژنى ڕەمەزان "(38) تاوان تۆمارکراوە، (33) تاوان ئاشکراکراوە، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە. "

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە (5/ئایار/2022) نووسینگەى پارێزگارى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا، ئاماری گشتیی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی بڵاوکردەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە،  "ژمارەی ئەو گەشتیارانەی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێریان کردووە بریتی بووە لە( 138،112) سەد و سی و هەشت هەزار و سەد و دوازدە گەشتیار."

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى نووسینگەی پارێزگاری هەولێر:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر لەلایەن لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانەکە وەکوخۆی و بەسەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

ئاماری گشتیی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 

یەکەم/ پۆلیس:-

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبەشداری سەرجەم هێزەکان لەهەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (38) تاوان تۆمارکراوە، (33) تاوان ئاشکراکراوە، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە. 

دووەم/ هاتووچۆ:-

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (10) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لەئەنجامیاندا (13) کەس برینداربون و (2) کەسیش گیانیان لەدەستدا. 

سێیەم/ بەرگری شارستانی:- 

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (6) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە. 

چوارەم/ گەشتوگوزار:-

سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ یٔەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پیویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بەمەبەستی دڵنیابوون لەپێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمەجگە لەئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە( 138،112)سەد و سی و هەشت هەزار و سەد و دوازدە گەشتیار. 

ویڕای دەستخۆشیمان لەهێزە ئەمنیەکان و تیمەکانی تەندروستیی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان. 

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر

2022.5.5

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین