سیستانى سوپاسى پاپا فڕانسیس ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ راگه‌یه‌نراوێكى نووسینگه‌ى عه‌لى سیستانى ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه‌ى پاپا فڕانسیس و عه‌لى سیستانى بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێت سیستانى سوپاسى پاپا كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رگه‌ى گه‌شتی گرتووه‌ و بۆ دیدارى ئه‌و سه‌ردانى نه‌جه‌فى كردووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو شه‌شى ئادار له‌ نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراو به‌ ئاماده‌بوونى پیاوانى ئاینى ڤاتیكان و‌ له‌نێوان پاپا فڕانسیس و عه‌لى سیستانى به‌ڕێوه‌چوو و دواى ته‌واوبوونه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ نووسینگه‌ى سیستانى راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ‌ كراوه‌ هه‌ر دووكیان باسیان له‌وه‌ كردووه‌ مرۆڤایه‌تى رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگێكى زۆر ده‌بێته‌وه‌ و چه‌ندان وڵاتى دنیا به ‌ده‌ست سته‌م و هه‌ژاریى و چه‌وساندنه‌وه‌ى ئاینى ده‌ناڵێنن.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌ عه‌لى سیستانى سوپاسى پاپاى كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رگه‌ى گه‌شتكردنى گرتووه‌، بۆ دیداره‌كه‌ چووه‌ته‌ نه‌جه‌ف.

عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ له‌ عێراق به‌ڵێنیشى به‌ پاپاى ڤاتیكان داوه‌ بایه‌خ به‌وه‌ بدات، مه‌سیحیه‌كان له‌ عێراق هاوشێوه‌ى پێكهاته‌كانى تر بژین.

هاوكات نووسینگه‌ى پاپاى ڤاتیكانیش له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "پاپا دووپاتى له‌سه‌ر گرنگى هاوكارى و دۆستایه‌تى نێوان ئاینه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌میانه‌ى ئه‌وه‌ بتوانرێت رێزى هاوبه‌ش و گفتوگۆ گه‌شه‌ بكات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین