فەرماندەیەکی پێشمەرگە: بۆ هەر رووبەرووبونەوەیەک ئامادەین کوردستانی

نوچەنێت

فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، نایشارنەوە کە داعش زنجیرەیەک ھێرشی دەست پێ کردووە و بەھۆی ھاتنی والی نوێی داعش بۆ عێراق و سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی ڕەوشی عێراق ڕۆژانە دەستی خۆیان دەوەشێنن، پەیوەست بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەش ئاشکرای کرد، هێزەکانی پێشمەرگە خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش.

لیوا محەمەد ڕۆستەم، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھۆکاری ھێرشەکانی ئێستای داعش بۆ دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و فەرمانێکی والی داعش لە عێراق دەگەڕێتەوە، نەبوونی لێک تێگەیشتن و پەرتەوازەیی لایەنە عێراقییەکان بووەتە دەرفەت بۆ چەکدارانی داعش تا دەست بە جووڵە بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی دوا بکەوێت، داعش دەرفەتەکە لەکیس خۆی نادات بۆ تێکدانی ڕەوشی ئەمنی و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت: لە زۆربەی بۆنەکانیشدا داعش ھەر جووڵەی دەست پێ کردووە و دەستی خۆی وەشاندووە، بەڵام ئەو ھێرشانەی ڕۆژانی ڕابردوو زنجیرەیەک ھێرشی تیرۆریستین و داعش بە مەبەست دوای ماوەیەک بێدەنگی دەستی پێ کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی ماوەیەک بێدەنگییان ھەڵبژارد و خۆیان ڕێک خستەوە والییەکی نوێ لە سووریاوە بۆ داعشەکانی عێراق نێردراوە و فەرمان بە ھەموو چەکدارانی داعش کراوە لە مانگی ڕەمەزان و جەژندا ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ تێکدانی ڕەوشەکە درێغی نەکەن.

لیوا ڕۆستەم پێیوایە، ھێرشەکانی داعش زۆر مەترسیدارن بۆ سەر عێراق و گوتی: لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق ژووری ئۆپەڕاسیۆنەکان دەستیان بە کێوماڵکردنی ناوچەکانی خۆیان کردووە، کەچی ھێشتا داعش بەردەوامە لە ھێرش و کردەوەکانی و ئێستا کردەوە و ھێرشی داعش بوونەتە ڕۆژانە، ھەتا شەوی ڕابردووش شوانێکیان لای کفری ڕفاندووە.

پەیوەست بە ناوچانەکانی سنوری پێشمەرگە، لیوا ڕۆستەم محەمەد ئاشکرای کرد: "ھێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لەو ناوچانە بوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھێزی پێشمەرگەن و ھێزی عێراقیان تێدایە، بەڵام بەھۆی گەورەیی قەبارەی ھەندێ ھێرش و زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی تیرۆریست ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و بە سوودوەرگرتن لە چەکی پێشکەوتوو و دووربینی حەراری ھەم چاودێریی جووڵەی دوژمن دەکەن و ھەم لە ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆرستانی داعش.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین