ئەردۆغان؛ درێژەپێدەرى كارەكانى ئەربەكان شیکاری

نوچەنێت:

حكومەتى توركيا كار لەسەر فراوانكردنى كۆمەڵەى هەشت وڵاتى ئيسلامى دەكات (D 8)، كە نەجمەدين ئەربەكان دايمەزراندووە، ئێستا ئەردۆغان هەوڵدەدات ئەو ژمارەيە بكات بە (20( وڵات.

كۆمەڵەى هەشت وڵاتە ئيسلامييەكە، كۆمەڵەيەكى نێودەوڵەتييە، كە لە توركيا و ميسر و پاكستان و نەيجيريا و ئێران و ئيندەنووسيا و ماليزيا و بەنگلاديش پێك هاتووە، ئەو كۆمەڵە لەمانگى حوزەيرانى (1997) لەلايەن نەجەمەدين ئەربەكانى، سەرۆك وەزيرانى ئەو كاتەى توركيا دامەزراوە، بە ئامانجى بەهێزكردنى هەڵوێستى ئەو وڵاتانە لە ئابوورى جيهانى، بۆ ئەوەى ببێتە هاوشێوەى يەكێتى ئەوروپا و ئەمەريكا، بەوەش دەرفەتێكى نوێى كاركردن لەپەيوەندى ئابوورى ئەو وڵاتانە دروست بێت.
ئەو هەوڵە نوێيەى توركيا لە كاتێكدايە جيهان بەهۆى شەڕى ئۆكراينا و پەتاى كۆڕۆنا رووبەڕووى قەيرانى ئابوورى بۆتەوە.

رۆژنامەى توركى بڵاويكردەوە، ئەنقەرە دەستى بە زيندووكردنەوەى رێكارەكانى كۆمەڵەى هەشت وڵاتە ئيسلامييەكە كردووە، لەڕێگەى هەوڵە ديپلۆماسيەكانى هەوڵدەدات ئەو كۆمەڵە فراوان بكات و بيكات بە رێكخراوێك كە (20) وڵات لەخۆ بگرێت، كە ئەگەر هەيە لەو قۆناغە، هەريەك لە ئازەربايجان و ئۆزبەكستان و مەغريب و جەزائير و توونس و قەتەر و كوێت و عێراق و سەنيگال و لوبنان و ئوردن و ليبيا بچنە ناو ئەو رێكخراوە.

ئامانجى توركيا بۆ فراوانكردنى ئەو رێكخراوە، دروستكردنى دەرفەتى هاوكارييە لە بوارەكانى تەكنەلۆژيا و وزە و تەندروستى و كلتوورى و بوارى ئابوورى.

 زيادبوونى هاوئاهەنگى

 فراوانكردنى كۆمەڵەى هەشت بۆ (20)، رووبەڕووى رەخنە بۆتەوە، چونكە ماوەيەكى زۆرە تەنيا وەك ناو باس دەكرێت و هيچ ناوەڕۆكێكى نييە، بيلال سەمبور، پسپۆڕ لە پەيوەندى نێودەوڵەتى رايگەياند، "ئەو هەنگاوەى توركيا كاريگەرى لەسەر چەندين بوارى پەيوەندى وڵاتانى ئيسلامى دەبێت."

لەبەشێكى ترى قسەكانى بيلال ئاماژەى بەوە كرد، "هەرچەندە ئەو كۆمەڵە دەسپێشخەرى ئەربەكان بوو، بەڵام رووداوەكانى ئێستا لە جيهان پێويستى بە پەرەپێدانى شێوازێكى نوێى پەيوەنديى نێوان وڵاتانى ئيسلامى هەيە، چونكە كێشە نێودەوڵەتييەكان لە جاران زياتر بووە."  

سەبارەت بە زيندوكردنەوەى ئەو كۆمەڵە و فراوانكردنى، ئەو پسپۆڕە رايگەياند، "بيركردنەوە لە فراوانكردنى پەيكەرى ئەو رێكخراوە كارێكى باشە، چونكە وڵاتانى ئيسلامى بۆ فراوانكردنى پەيوەندى نێوانيان دەرفەتى گەورەى پەيوەندى ئابوورى و تەكنەلۆژى و كلتوورى كۆبوونەوەى بەردەواميان لەبەردەم دايە، دروشمەكەى ئەربەكانيش ئەوە بووە، دەكرێت جيهانێكى نوێ دروست بكەين، بۆيە فراوانكردنى كۆمەڵەى هەشت بۆ (20) بەرەوپێشچوونێكى باشە بۆ بەرجەستەكردنى دروشمەكەى ئەربەكان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین