توركیا: سزا سەپێندراوەكانی سەر وڵاتەکەمان پیشەسازی سەربازییمان ناوەستێنێت شیکاری

نوچەنێت:

ئیسماعیل دمیر، بەڕێوەبەری دەستەی پیشەسازی سەربازی توركیا رایگەیاند، "ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر كەرتی پیشەسازی سەربازی وڵاتەكەمانی سەپاندووە، كاریگەری نەرێنی لەسەرمان نابێت، بەڵكو زیاتر هانمان دەدات بەهێز بین."

لەبەشێكی تری قسەكانی دمیر ئاماژەی بەوە كردووە، "سزاكانی ئەمەریكا بەسەر كەرتی پیشەسازی وڵاتەكەمانی سەپاند، كاریگەری نابێت و یەك هەنگاو بۆ پاشەوەمان ناكشێنێتەوە، هەرگيز ئەو هەڕەشانە وامان لێناكات دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانمان بین سازشیان لەسەر بكەین، بەڵكو ئەو هەڵوێستە نەگۆڕانەی سەرۆكایەتی توركیا بۆتە هۆی ناڕەحەتی هەندێك وڵاتانی جیهان."

ئەو بەرپرسە توركە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، "هيچ كات توركیا لاواز نابێت، بەڵكو بەهێزى  دەمێنێتەوە و كارەكانی بەرەوپێش دەبات، هەرچەندە هەندێك وڵات هەوڵیان دەدا توركیا تووشی داڕوخان بكەن، بەڵام ئێمە چەندین جار دووبارەمان كردەوە، ئەگەر پێیان وایە ئەو كۆتوبەندانە دەمانوەستێنێت و سستمان دەكات، ئەوە بڕوایەكی پووچە." 

سەبارەت بە كاری لە پێشینەی پیشەسازی توركیاش، بەڕێوەبەری دەستەی پیشەسازی سەربازی توركیا ئاشكرایكرد، "كاری لەپێشینەی وڵاتەكەمان ئێستا پەرەپێدانی پڕۆژەكانی پیشەسازی سەربازییە، هەوڵدەدەین لە بری ئەوەی پارچەكان لە دەرەوە بكڕین، ئێستا خۆمان لەو چوار چێوەیە كار لە (750) پڕۆژەی ناوخۆیی دەكەین."

سەبارەت بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیش دمیر رایگەیاند، "متمانەم بە توانای وڵاتەكەم و سەرچاوە مرۆییەكانی هەیە، كە هەموو تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ پەرەپێدانی (100%)ی سیستەمی بەرگری لە ناوخۆ."

سەبارەت بە سزاكانی ئەمەریكاش گوتی، "سزاكاننی ئەمەریكا پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى پشت بەخۆمان ببەستين، وڵاتەكەمان لە داهاتوو هەنگاوی گرنگ دەهاوێت بۆ بابەتی پەیوەست بەناسا."

ئێمە وڵاتێك نین ملكەچی ئاماژەكان بین

دەربارەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیش ئیسماعیل دمیر رایگەیاند، "پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كاری لە پێشینەمانە، ئێستا كارەكانمان لەسەر پەرەپێدانی فڕۆكەی كلاسیكی و سیستەمی زەمینیە، چەند پڕۆژەیەكمان هەیە كار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەكەن، كە تواناكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لە بەرەكانی جەنگ پشتڕاستكردەوە."

بەڕێوەبەری دەستەی پیشەسازیی توركیا رووی لە وڵاتە نەیارەكانی كرد، "ناتوانن توركیا گەمارۆ بدەن و ناچاری بكەن، ئێمە وڵاتێكین ملكەچی ئاماژەكان نابین، دەتوانین بەسەر هەموو سزاكان و بەربەستەكان زاڵ بین."

لە (12)ی كانوونی یەكەمی ساڵی (2022) ئەمەریكا بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری مووشەكی ئاسمانی (ئێس 400)ی رووسی سزای بەرگری بەسەر توركیا سەپاند. 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاش رایگەیاند، "ئیسماعیل دمیر، سەرۆكی پیشەسازی بەرگری توركیا، مستەفا ئەلبر دەنیز، بەرپرسی ئەو دەزگایە و سەرحات گانشئۆغلۆ و فاروق یەیغیت سزاكانی ئەمەریكایان بەسەر سەپێندرا."

بەگوێرەی ئەو سزا ئەمەریكیە، دەزگا داراییەكانی ئەمەریكا و نێودەوڵەتی هەر قەرزێك زیاتر لە دە ملیۆن دۆلار بێت نادرێت بە دەزگای پیشەسازی سەبازی توركیا، رێگەش نادەن بانكی هاوردە و هەناردە قەرز بدات بەو دەزگایەی توركیا.

پێچەوانەی ئەو سزایانە لە ماوەی رابردوو پەیوەندی توركیا و ئەمەریكا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، چەند شاندێكی ئەمەریكا سەردانی ئەنقەرەیان كرد، بەگوێرەی رۆژنامەكانی توركیا، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، هاوسەنگی پەیوەندییەكانی توركیای گۆڕیووە، كە چەندین ساڵ بوو ئاڵۆز بوو، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا بەیەخێكی زۆریان بە هەڵوێستی توركیا بەرانبەر رووسیا داو پەیوەندییەكانیان ئاساییكردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین