وه‌زیرى نه‌وتى عێراق : پێداچوونه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و رێككه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق، دواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و رێككه‌وتنه‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، به‌ ئامانجى چاكتركردنیان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ى نیسانى 2022 شاندى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق كۆبوونه‌وه‌، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى باسیان له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى كرد.

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وت باسى له‌سه‌ر بنه‌ماكانى دانوستاندنه‌كان كردووه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان سه‌رجه‌م گرێبه‌ست و رێككه‌وتنه‌كانى به‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت بدات، ئامانجیش له‌مه‌ پێداچوونه‌وه‌ وچاككردنییه‌تى. 

هه‌ر له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق باس له‌وه‌ كراوه‌، ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت بۆ هاوئاهانگى كه‌رتى نه‌وت له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێم له‌ هه‌ولێر داده‌نرێت و هه‌روه‌ها هه‌ژمارێكى بانكییش بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوى داهاته‌كانى تێدا دابنرێت.

وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌یه‌ داهاتى نه‌وت له‌ ته‌واوى عێراق زیاد بكرێت و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا به‌ ته‌واوى چاره‌سه‌ر بكرێن. 

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێمى كوردستان گوتویه‌تى، "كۆبوونه‌وه‌كه‌ راشكاوانه‌ بووه‌" شوانى دووپاتیشى كردووه‌ته‌وه‌ یاساى نه‌وت و گاز ته‌واوى ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشى وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك وه‌سف كردووه‌ بۆ په‌یوه‌ندى نێوان وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

هاوكات ئه‌مڕۆ كۆمپانیاى به‌بازاڕكردنى نه‌وتى عێراق "سۆمۆ" له‌ راگه‌یێندراوێكدا گوتى، ته‌واوى رێكاره‌كانیان گرتۆته‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ له‌ 15ى شوباتى رابردوو له‌سه‌ر نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان دراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین