سۆمۆ راگه‌یێندراوێكى تر له‌سه‌ر نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

كۆمپانیاى به‌ بازاڕكردنى نه‌وتى عێراق "سۆمۆ" راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ وه‌زاره‌تى نه‌وت ته‌واوى رێكارییه‌كانى گرتۆته‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى عێراق سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ى نیسانى 2022 كۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى خۆى راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رزه‌ له‌سه‌ر نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان.

كۆمپانیاى سۆمۆ له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق رێكارییه‌كانى گرتۆته‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى كێڵگه‌كانى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان. سۆمۆ ده‌ڵێ ده‌بێت له‌ژێر كۆنتڕۆڵى وه‌زاره‌تى نه‌وتى فیدڕاڵى بن، به‌ هاوكارى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

سۆمۆ باسى له‌وه‌ كردووه‌ ده‌بێت ته‌واوى به‌رهه‌مى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان راده‌ستى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق بكرێت و جگه‌ له‌مه‌یش پێشخستنى كێڵگه‌ نه‌وتى و گازییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فرۆشتنى به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ ده‌ست وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقن.

سۆمۆ له‌كۆتایى راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "هه‌میشه‌ سۆمۆ دووپاتى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆى كردووه‌ته‌وه‌ و هۆشدارى به‌و كۆمپانیایانه‌ داوه‌ كه‌ بێ ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى ناوه‌ندى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، له‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كانیان نایاساییه‌".

له‌ 15ى شوباتى رابردوو دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارێكى له‌ دژى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد، به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانیش بڕیاره‌كه‌ى دادگایان به‌ ناده‌ستووریى وه‌سف كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین