وەرگێڕان

نوچه‌نێت

كێشه‌ى نێوان محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى حاكم زاملى زیاتر له‌ پێویست، خۆى به‌سه‌ر كاروچالاكییه‌كى په‌رله‌مان سه‌پاندووه‌ و خۆى وه‌ك ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ناسێنێ، نه‌وه‌ك "جێگرى یه‌كه‌م" ئه‌مه‌یش وایكرد ئه‌و رسته‌یه‌ پشتراست بكرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌ توانجه‌وه‌ ده‌گوترا "به‌راستى له‌ په‌رله‌مان حاكم زاملى حاكمه‌".

نۆى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ یه‌كه‌م دانیشتنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجام درا،  تێیدا سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگره‌كانى هه‌ڵبژێردران، كه‌ به‌ مشێوه‌یه‌یه‌ :محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم، حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌م له‌ ره‌وتى سه‌در، شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌م له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان.

حه‌لبووسى له‌ سنووربه‌زاندنى زاملى نیگه‌رانه‌
 

هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى كاروچالاكییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق هه‌ست به‌وه‌ كرا، حاكم زاملى چالاكییه‌كانى زۆرترن له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى و ته‌نانه‌ت زۆرجاریش كارى ئه‌وتۆ ده‌كات كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركى په‌رله‌مان نییه‌. له‌ماوه‌ى رابردوودا له‌سه‌ر كۆى كێشه‌كانى عێراق حاكم زاملى قسه‌ى كردووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى لێپرسینه‌وه‌ى كردووه‌، كه‌ زۆرێك له‌ كاره‌كان ئه‌ركى جێگرى په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش نه‌بووه‌، به‌ڵكو كارى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بووه‌.

ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ى حاكم زاملى وایكرد، له‌ راگه‌یاندنى عێراقى باس له‌ حاكم زاملى بكرێت و هه‌ندێك جاریش بكه‌وێته‌به‌ر توانجى رۆژنامه‌نووسان، به‌ تایبه‌تى كاتێ باسى له‌ كۆنترۆڵكردنى نرخى شتومه‌ك كرد و گوتى، "خۆم سه‌رپه‌رشتى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م تا كۆنتڕۆڵى نرخ بكه‌ن له‌ بازاڕه‌كاندا".  

پرۆگرامى كۆمیدى "كۆمارى به‌شیر" كه‌ له‌ كه‌ناڵى DW ئه‌ڵمانى به‌ زمانى عه‌ره‌بى له‌لایه‌ن  ئه‌حمه‌د به‌شیرى راگه‌یاندنكار په‌خش ده‌كرێت، به‌ توانجه‌وه‌  پرۆگرامێكى له‌ مانگى ئازارى رابردوو له‌سه‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا به‌ توانجه‌وه‌ ده‌ڵێ، "به‌راستى حاكم زاملى حاكمه‌". له‌و پرۆگرامه‌ به‌راوردێك له‌نێوان چالاكییه‌كى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى یه‌كه‌مى ده‌كرێت، ده‌ریده‌خات چۆن حاكم خۆى به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان  سه‌پاندووه‌.

نووسراوی به‌رپرسێكى كورد
رق و كینه‌ى حه‌لبووسى و زاملى به‌رانبه‌ر یه‌كتر ئاشكرا ده‌كات

دوێنێ دووشه‌ممه‌ پێنجى نیسانى 2022 چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ میدیاكانى عێراق بڵاوكرانه‌وه‌، ده‌ریانخست كه‌ ئه‌وه‌ى پێشتر وه‌ك تێبینى رۆژنامه‌نووسان و چاودێرانى سیاسى له‌باره‌ى هه‌ڵسوكه‌وتى حاكم زاملى تۆمار كراوه‌، راستن و ته‌نانه‌ت ده‌ریشكه‌وت كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى حاكم  زاملى نیگه‌رانه‌.

یه‌كێك له‌ نووسراوه‌كان لایه‌ن سیروان عه‌بدوڵا ئه‌میندارى گشتى په‌رله‌مانى عێراق واژوو كراوه‌ و داوا كراوه‌، له‌ هیچ نووسراوێكى فه‌رمى گوزارشتى "ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى" به‌كارنه‌هێنرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ برى ئه‌مه‌ "سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگره‌كانى" به‌كاربهێنرێت".

به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نووسینگه‌ى حاكم زاملى یه‌كسه‌ر به‌و نووسراوه‌ جاڕس بووه‌ و بۆیه‌ به‌په‌له‌ وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌ و داكۆكى له‌ گوزارشتى "ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى" كردووه‌ و داوایش له‌ ئه‌میندارى گشتى په‌رله‌مان ده‌كات له‌ گشتاندنه‌كانى ورد بێت". 

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق ناوى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بوونى نییه‌، به‌ڵكو سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن و جێگره‌كانى هه‌یه‌، به‌ڵام هێزه‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌وه‌ راهاتوون پێشێلى ده‌ستوور بكه‌ن و به‌گوێره‌ى به‌رژوه‌ندى خۆیان لێكدانه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌كانى بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى هیچ ناڕۆشنێكیان تێدا نییه‌".

حاكم زاملى هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێزه‌كانى كردووه‌
كه‌ ئه‌ركى ئه‌و نییه‌

چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ ئه‌و ململانێیه‌ى له‌نێوان حه‌لبووسى و زاملى هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌یشى خۆى سه‌پاندنى زاملىییه‌، جیا له‌وه‌ كارى  سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان تێكده‌دات و ئه‌ركه‌كانى ئاڵۆز ده‌كات، ئه‌وا ئاماژه‌یه‌كیش بۆ لاوازى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى كه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانى سیاده‌ و ره‌وتى سه‌در و پارتى هه‌یه‌ به‌ ناوى "رزگاركردنى نیشتیمان".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ، "چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كه‌ ره‌وتى سه‌در دروستى كردووه‌ هاوپه‌یمانیه‌كى به‌رژوه‌ندیخوازه‌ و هه‌ر كاتێك سیاده‌ و پارتى هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ بابه‌ته‌كان له‌به‌رژوه‌ندى ئه‌وان نییه‌، ئه‌وا بێگومان ده‌بێت پاشه‌كشه‌ى لێ بكه‌ن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین