توركيا و ئەمەریکا  لەسەر سيستەمى بەرگرى (ئێس 400) کۆتایی بە گفتووگۆکانیان دەهێنن شیکاری

نوچەنێت:

د.ئيبراهيم كاڵن، وتەبێژى سەرۆكايەتى توركيا لە ديمانەيەكى كەناڵى (سى ئێن ئێن)ى ئەمەريكى تيشكى خستۆتەسەر چەند پرسێكى پەيوەست بە توركيا و شەڕى ئۆكراينا، سەبارەت بە گفتوگۆكانى دۆسيەى سيستەمى بەرگرى (ئێس400) رووسى رايگەياند، "بە ئەمەريكا و ناتۆمان رايگاندووە، گفتووگۆكردن لەسەر ئەو دۆسيەیە هيچ سوودێكى نابێت، ئێمە ئەو دۆسيەمان داخستووە، ناتۆ و واشنتن ئەگەر خواستيان لەسەر ئەو پرسەيە لە رێگەى پێدانى سيستەمى بەرگرى پێشكەوتوو و سيستەمى پاتريۆت دەتوانن ئەو پرسەمان لەگەڵ چارەسەر بكەن."

لە بەشێكى ترى قسەكانى كاڵن ئاماژەى بەوە كرد، "توركيا دووەم هێزى ناو هاوپەيمانى ناتۆيە، هەڵەيە هاوپەيمانەكانى ناو ناتۆ سزا بەسەر بەكتر بسەپێنن، شەڕى ئۆكرانياش ئەو هەڵەيەى بەڕوونى دەرخست." 

لە ماوەى رابردوو باس لە گواستنەوەى سيستەمى بەرگرى رووسى لە توركياوە بۆ ئۆكراينا دەكرا، سەبارەت بە هەڵوێستى وڵاتەكەى سەر ئەو پێشنيازە، كاڵن بە پێشكەشكارەكەى گوت، "پێويستە ئەو پرسيارە لە وڵاتانى ئەندامى ناتۆ بكەيت، چونكە سيستەمى پێشكەوتووتريان هەيە، بۆچى خۆيان ئەو سيستەمانە بە ئۆكراينا نادەن؟."

دەربارەى ململانێى ئۆكراينا و رووسيا، وتەبێژى سەرۆكايەتیى توركيا جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئێمە پاڵپشتى يەكپارچەيى خاكى ئۆكراينا دەكەين، رووسياش داوا دەكات كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دان سەروەرى رووسيا لەسەر دوورگەى كريم بنێت، كۆمەڵگەى نێودەوڵەتيش پێشتر ئەو داوايەى رەتكردۆتەوە، ئێستا دەيەوێت ئەو داوا بۆ  هەرێمى دونباسيش بكات، بەڵام ئەو داوايانەى مۆسكۆ مايەى قبوڵ كردن نييە."

سەبارەت بە ئامادەيى سەرۆكى توركيا بۆ ئاسانكارى دانوستاندنى راستەوخۆى نێوان ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا و ڤۆلۆديمێر زيلينسكى، سەرۆكى ئۆكراينا لە توركيا، يان لە هەر وڵاتێكى تر كاڵن گوتى، "ئەگەر پۆتين دەيەوێت ئاشتى بەرقەرار بێت، پێويستە راستەوخۆ ئەو شەڕە رابگرێت، بەوەش دانوساندنەكان لە ئاستى تەكنيكى و سياسى و ستراتيژى بەردەوام دەبێت."

لە بەشێكى ترى قسەكانى كاڵن رايگەياند، "پۆتين گوێ لە پێشنياز و بيرۆكەكانى ئەردۆغان دەكرێت، هۆكارەكەشى ئەوەيە مۆسكۆ متمانەى بە زۆربەى وڵاتانى ناتۆ نييە، لەو قۆناغە رووسيا نايەوێت راوێژ لەگەڵ وڵاتانى ناتۆ بكات، بۆيە پێويستە ئەو وڵاتانەى پەيوەندييان لەگەڵ رووسيا هەيە گفتوگۆ بكەن، ئەگەر هەوڵەكان چڕ نەكرێتەوە ئەگەر هەيە شەڕى ئۆكراينا ماوەيەكى درێژ بخايەنێت، جيهانيش بەرگەى ئەو شەڕە درێژ خايەنە ناگرێت، بەدڵنياييەوە ئێمەش بەرگەى شەڕێكى ترى سارد ناگرين."

دەربارەى هاتنى ئەبرامۆفۆچ، ملياردێرى رووسى بۆ توركيا، كە لە ليستى سزادراوەكانى يەكێتى ئەوروپايە، كاڵن روونيكردەوە، "ئێمە داوامان لە هيچ كەسێكى سزادراو نەكردووە بێتە توركيا، هاتنيشى بۆ توركيا لەگەڵ تيمى دانوستانكارى رووسيا بووە، كە يەكێكە لە دانوستانكارەكانى لەلايەن پۆتينەوە دياريكراوە."

سەبارەت بە مامەڵەى توركيا بەگوێرەى سيستەمى سزاكانى نەتەوە يەكگرتووەكان، كاڵن جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "توركيا هيچ سزايەك بەسەر رووسيا ناسەپێنێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین