ڤیتامین C و زنك به‌ره‌نگارى كۆڕۆنا نابنه‌وه‌ تەندرووستی

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌مریكى خواردنى ڤیتامین سى و زنك هیچ كاریگه‌رییه‌كیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ نیشانه‌كانى كۆرۆنا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه‌ نییه‌.

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باسى پوخته‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى كردووه‌، كه‌ له‌ ئه‌مریكا كراوه‌ و له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌ركه‌وتووه‌ بۆ چاره‌سه‌رى تووشبووانى كۆرۆنا ڤیتامین سى  و زنك هیچ كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نییه‌.

ساڵى رابردوو كاتێك په‌تاى كۆرۆنا به‌دنیا بڵاوبووه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستى دنیا وه‌ها بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ خواردنى ڤیتامین سى و توخمى زنك به‌رگرى له‌ش به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و نیشانه‌كانى تووشبووى كۆرۆنا كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر 214 تووشبووى كۆرۆنا ئه‌نجام دراوه‌، ماوه‌ى توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ 27ى نیسان ده‌ستى پێكردووه‌ و تا 14ى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابردوو به‌رده‌وام بووه‌.

له‌م ماوه‌یه‌دا 10 رۆژ ئه‌و ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیانه‌ى وه‌ك ڤیتامین سى و زنك به‌ تووشبووان دراوه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌م دوو ماده‌یه‌ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ دروست نه‌كردووه‌، به‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ كه‌ تووشبووى كۆرۆنان به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى چاره‌سه‌رییان وه‌رگرتووه‌.

بۆیه‌ توێژه‌ران دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، له‌برى خواردنى ئه‌و دوو ماده‌یه‌ پێویسته‌ خه‌ڵك زیاتر پابه‌ندبن به‌و رێنماییانه‌ى كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانییه‌وه‌ دراون، وه‌ك شوشتنى ده‌ست و دووركه‌وتنه‌وه‌ى جه‌سته‌یى و به‌ستنى ماسك.

تا ئێستا تووشبووانى كۆرۆنا 114 ملیۆن كه‌سیان تێپه‌ڕاندووه‌ و زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 531 هه‌زار كه‌س به‌و نه‌خۆشییه‌ مردوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین