ژمارەی تووشبوانی نەخۆشی ڕشانەوە و سكچوون لە شارەزوور لە بەرزبوونەوەدایە تەندرووستی

نوچە نێت

ماوەی سێ ڕۆژە نەخۆشی ڕشانەوە و سكچوون بەهۆی تێكەڵبوونی ئاوی خاوێن لەگەڵ ئاوی زێراب لە شارەزوور بڵاوبۆتەوە، بەوهۆیەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە (2) هەزار هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە، كە زۆربەیان منداڵن.

ئەمڕۆ هەینی (هەشتی تشرینی دووەم/2024) دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڕشانەوە و سكچوون لە شارەزوور، نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف لەو شارە ڕایانگەیاند، "ئەو پەتای سکچوون و رشانەوەیەی لە سنووری شارەزوور بڵاوبووەتەوە مەترسیدارنییە و بە وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی دۆخی هاوڵاتییان جێگیردەبێت".

لە ئاگادارییەكەیدا نەخۆشخانەی شەهید رەئوف داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاوی تانکی بۆ شوشتنی قاپ و خواردنەوە بەكارنەهێنن، چونكە "لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سنوورەکە بەهۆی باران و لافاوی چەند رۆژی رابردووەوە سەرچاوەکانی ئاو پیسبوون و ئەو هاوڵاتییانەی بەکاریانهێناوە نەخۆش کەوتوون".

هاوكات سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لەبارەی هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە ڕایگەیاند، "بۆچوونەکانمان راست دەرچوون کە نەخۆشییەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی زێراب بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر رووباری بێستانسوور بڵاوبووەتەوە."

بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان تاوەكو ئەمڕۆ زیاتر لە (2) هەزار هاووڵاتی تووشی نەخۆشی ڕشانەوە و سچكوون بوونە، كە زۆرینەیان منداڵن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین