ئايا قەيرانى ئۆكراينا تەڵەى ئەمەريكايە بۆ پۆتين؟
نوچەنێت:
چەندين جار جۆ بايدن هەڕەشەى ئەوەى دەكردووە، "ئەگەر رووسيا هێرش بكاتە سەر ئۆكراينا، سزاى توندتر بەسەر مۆسكۆ دەسەپێنين، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واشنتن جەختى لەسەر ئەوەى دەكردەوە لە رووى سەربازييەوە دژ بە مۆسكۆ ناوەستينەوە، بەدووريشى دەزانين هێزى سەربازى بۆ بەرگريكردن لە ئۆكراينا رەوانەى ئەو وڵاتە بكات."
ئەو لێدوانانەى سەرۆكى ئەمەريكا، چەندين پرسيارى لە لاى چاودێرانى سياسى دروستكرد بوو، كە ئايە سەرۆكى ئەمەريكا گڵۆپى سەوزى بۆ داگيركردنى ئۆكراينا لە لايەن رووسياوە هەڵكردووە.
بايدن لە لێدوانێكى ترى رايگەياند، "ئەگەر رووسيا كەمێك بچێتە ناو خاكى ئۆكراينا، ئەوە باجێكى زۆر گەورە نادات، ئەوە پێچەوانەى هێرشى فراوانە." ئەو لێدوانانەى بايدن لە مانگى كانوونى دووەمى ئەمساڵ، شۆكێك بوو بۆ ئۆكراينەكان.
دواى ئەو لێدوانانە بەرپرسێكى ئۆكراينى بە تۆڕى هەواڵى (سى ئێن ئێن)ى ئەمەريكى راگەياند، "ئەو لێدوانەى بايدن هەڵكردنى گڵۆپى سەوزە بۆ ڤلاديمێر پۆتين، بۆ ئەوەى هێرش بكاتە سەر ئۆكراينا، بەو لێدوانانەش ئێمە تووشى شۆك بووين."
چاودێرانى سياسى پێيانوايە، "واشنتن نايەوێت لەرووى سەربازييەوە بەرەنگارى مۆسكۆ بێتەوە، بەڵام خواستى ئەوەى هەبوو رووسيا ئۆكراينا داگير بكات و بيخاتە تەڵەوە، بۆ ئەوەى لەڕووى ئابووريەوە تووشى قەيرانێكى قووڵى بكات، هەروەها ئەڵمانياش هەنگاو بە هەنگاو لە پشتبەستن بە گازى رووسى دووركەوێتەوە.
دواى ئەوەى لەكۆتايى هەفتەى رابردوو، رووسيا هێرشى سەربازى كردە سەر ئۆكراينا، وڵاتانى رۆژئاوا يەك لەدواى يەك بەڵێنيان بە كيێڤ دا هاوكارى سەربازى بكەن، دواتر دەستيان بەسەپاندنى سزا بسەر رووسيا و خودى پۆتين كرد، پاشان رووسيايان لە سيستەمى مامەڵەى بانكى سويفت دوورخستەوە.
رۆژى يەكشەممە يەكێتى ئەوروپا و بەريتانيا و ئەمەريكا و كەنەدا رێككەوتن، رووسيا لە سيستەمى سويفت دەربكەن، رێكارى كۆنتڕۆڵكردنى رێگرى لە بانكى ناوەندى بۆ بەكارهێنانى يەدەگە نێوەوڵەتييەكانى بگرنەبەر.
كرۆكى قەيرانى مۆسكۆ و كيێڤ
كرۆكى قەيرانى رووسيا و ئۆكراينا بۆ داواكارى مۆسكۆ دەگەڕێتەوە، كە دەبێت وڵاتانى رۆژئاوا بەڵێنى ئەوە بدەن، رێگە نادەن كيێڤ لە هاوپەيمانى ناتۆ وەربگيرێت، لە بەشى رۆژهەڵات ناتۆ فراوان نەكرێت، لەبەر مەترسى زيادبوونى ئاڵۆزيەكان، ئەمەريكا و ئەوروپاش ئەوە رەت دەكەنەوە.
بەهۆى ئەوەى پۆتين بە فەرمى دانى بەسەربەخۆيى ناوچەى دۆنيتسك لۆگانسك دانا، كە لەژێر دەسەڵاتى هێزە جوداخوازەكانى نزيك لە رووسيان، دواتريش سوپاى رەوانەى ئەو ناوچانە كرد بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەى دۆنيتسك.
دواى ئەو بڕيارەى رووسيا، زۆر بەخێرايى سزايان بەسەر دوو بانك و (42) كۆمپانيا و پێنج كەسايەتى رووسى و هێڵى (نۆرد ستريم2) بۆ گواستنەوەى گازى رووسى بۆ ئەڵمانياش سەپاند.
سيستەمى سويفتى بانكى
بەرەبەيانى رۆژى پێنجشەمەى رابردوو، ڤلاديمێر پۆتين، سەرۆكى رووسيا، لە وتارێكى تەلەفيزۆنى هێرشى سەربازى لە هەرێمى دۆنباسى رۆژهەڵاتى ئۆكراينا راگەياند، ئێوارەى هەمان رۆژ لە رێگەى دورگەى كريم هێزەكانى رووسيا چوونە ناو خاكى ئۆكراينا.
بەگوێرەى ڕاگەیێندراوێکى وەزارەتى بەرگرى رووسيا، لە يەكەم رۆژ (83) ئۆتۆمبێلى سەربازیى سوپاى ئۆكراينايان تێشكاند بوو، ئەوەش كاردانەوەى ى وڵاتانى جيهانى لێكەوتەوە.
لە يەكەم كاردانەوەدا سەرۆكى ئەمريكا رايگەياند، "واشنتن رەزامەندى لەسەر سزا كاريگەرەكانى سەر بانكەكانى رووسيا دەربڕى، كە نزيكەى يەك تريليۆن دۆلارى تێدايە."
لە وەڵامى دەركردنى لە سيستەمى سويفت، رووسيا هەڕەشەى راگرتنى گواستنەوەى نەوت و گازى سروشتى كانزاكانى بۆ ئەوروپا كرد.
دەركردنى رووسيا لەو سيستەمە، گواستنەوەى پارە بۆ رووسيا لە رێگەى بانكە داراييەكانى بۆ دەرەوە و ناوەوەى ئەو وڵاتە دەبێتە كارێكى ئەستەم، ئەوەش دەبێتە قەيرانێكى گەورە بۆ كۆمپانيا رووسيیەكان و دراوى بيانى، بەتايبەت كڕيارانى نەوت و گازى سروشتى لەو وڵاتە.
گۆشەگيركردنى رووسيا لە رووى ئابوورييەوە
هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، دەرگاى لەبەردەم سزاكانى ئەمەريكا و رۆژئاوا بەسەر مۆسكۆ كردەوە، كە ئەگەر هەيە وەك ئێران سزا بەسەر رەوانەكردنى نەوت و گازى سروشتى رووسيا بسەپێندرێت.
ئەمەريكا كۆنتڕۆڵى زۆربەى رەوانەكردنى وزەى لە جيهان كردووە، نايەوێت كەسى ترى ئەو دەسەڵاتەى هەبێت، بەتايبەت ركابەرێكى سەرسەختى خۆى.
يەكێتى ئەوروپا نزيكەى لە (40%)ى گازى سروشتى و لە (27%)ى نەوت لە رووسيا هاوردە دەكات، ئەوەش مەترسى لاى هەندێك لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمەريكا دروست كردبوو، كە ببنە بارمتەى گازى رووسى.
ئەمەريكا خواستى ئەوەيە ئەوروپا كڕينى گازى شل لە رووسياوە بگۆڕێت بۆ ئەمەريكا، بۆ ئەوەى پێگەى گازى ئەمەريكى لەسەر نەخشەى نوێى وزەى جيهانى بەهێز بێت، پشكى گەورەشى لە بازاڕى ئەوروپا هەبێت.
بە ئامانجگرتنى پڕۆژەكانى گازى سروشتى
رێكارە سەرەتاييەكانى واشنتن دژ بە مۆسكۆ بەهۆى پاشخانى قەيرانى ئۆكراينا سزا بەسەر هێڵى (نۆرد ستريم2) بۆ گواستنەوەى گازى رووسى بۆ ئەڵمانيا سەپێندرا.
لە بنەڕەتەوە، هەڵوێستى كۆشكى سپى لە هەردوو ئيدارەى دۆناڵد ترامپ و بايدن، يەك هەڵوێست هەبووە بەرانبەر پڕۆژەى گواستنەوەى گازى رووسيا بۆ ئەوروپا، چونكە پێيانوابوو، ئەو پڕۆژەيە هەڕەشەيە بۆ سەر ئاسايشى ئەوروپا.
ئەو هێرشەى ئێستاى رووسيا، دەرفەتێكى گونجاوە بۆ ئەوەى ئەو هێڵە بكرێتە ئامانج، كە تا ئێستا بۆ ئەڵمانيا زۆر گرنگە، چونكە لە سايەى گرانى نرخى وزە لەدواى كۆڕۆنا، هاوردەكردنى گازى بە نرخێكى گونجاو بۆ دابين دەكرد، لەبەر ئەوەشە بەرلين لە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر مۆسكۆ جددى نەبووە.
هێڵى (نۆرد ستريم2) بۆ دابينكردنى سێيەكى گازى ئەوروپا بايەخێكى زۆر گەورەى هەيە، كە بە نرخى لە (25%)ى ئێستا كەمتر گازى بۆ دابين دەكات، چونكە لە رێگەى دەرياى بەڵتيق گاز دەگەينێتە ئەوروپا، بەوەش پشت بەستنى بە رەوانەكردنى گاز بە خاكى ئۆكرانيا كەم دەبێتەوە، تێچووى ئەو ناوچانە نادات.
پسپۆڕانى ئەو بوارە پێيان وايە، هەوڵەكانى ئەمەريكا بۆ شكستپێهێنانى ئەو هێڵەيە، لە پێناو زيادكردنى رەوانەكردنى گازى خۆيەتى، كە پێشتر بەهۆى تێچوونى زۆرەوە، ئەوروپا ئامادە نەبوو گاز لە ئەمەريكا بكرێت.
بەو پێيەى ئەمەريكا خاوەنى وزەيەكى زۆرە، لە گرانبوونى نرخى گاز و نەوت بەهۆى قەيرانى ئۆكراينا دەستكەوتى زۆرى دەبێت، لە دۆخێك ئەگەر سزا خرايە سەر هەناردەى وزەى رووسيا، چاوەڕوان دەكرێت، نرخى وزە بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر رێككەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران زيندو بكرێتەوە، ئەوە هاوسەنگيەك دروست دەكات، چونكە ئەوكاتە ئێران دەتوانێت نەوت رەوانە بكات.
سستكردنى گەشەى ئابووریى رووسيا
واشنتن دەيەوێت سزاكان بەسەر رووسيا بسەپێنێت، ئەوەش بۆ سستكردنى گەشەى ئابوورى ئەو وڵاتەيە، بەتايبەت لە بوارى وزە.
هەر ئەوەش بووە هۆى كە پۆتين بڵێت، "من لەو بڕوايە دام ئەمەريكا بەرانبەر، ئاسايشى ئۆكراينا نيگەران نييە، ئەوان لە پەراوێزەوە بير لەو بابەتە دەكەنەوە، ئامانجى سەرەكيان رێگرييە لە گەشەكردنى رووسيا، ئۆكراينا تەنيا ئامرازێكە بۆ گەيشتن بەو ئامانجەيان، كە دەكرێت بە رێگەى جياواز بەدى بێنێنن، لەو رێگەيەوە دەيانەوێت هەندێك چەكمان لێ داماڵن، ياخود هاوپەيمانەكانى ئەوروپاى ناچار دەكات سزاى توندمان بەسەر دابسەپێنن، خۆشيان راشكاوانە ئەمرۆ ئەو قسانەيان كرد."
بەگوێرەى داتاكانى مانگى شوباتى ئەمساڵ، رەوانەكردنى گازى رووسى لە ساڵى رابردوو (2.1) جار گەشەى كردبوو، بايى (54) مليار و (200) مليۆن دۆلار فرۆشاوە، بەڵام لە ساڵى (2020) تەنيا بايى (25) مليار و (700) مليۆن دۆلار فرۆشاوە.
سەبارەت پشكى گازى سروشتى رووسيا
لە ماوەى (10) ساڵى رابردوو، رەوانەكردنى گازى سروشتى بۆ ئەوروپا لە (40 بۆ 55%) بەرزبۆتەوە، بەگوێرەى رۆژنامەى دۆچ فيلەى ئەڵمانى داهاتيشى لەو ماوەيە داهاتيشى لە (38 بۆ لە 48%) زيادى كردووە.
لەبەر ئەو هۆكارە لە مانگى تەمووزى (2018) دۆناڵد ترامپ هێرشى توندى كردە سەر ئەڵمانيا، بە بارمتەى رووسياى وەسف كرد، باسى لەوە كرد، لە (60 بۆ 70%) گازى سروشتى لە رووسيا هاوردەكات.
سەرقاڵكردنى رووسيا بە دەروبەرى
تا دەستپێكردنى هێرشى سەربازى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا، واشنتن جەختى لەسەر ئەوە دەكردەوە، هێز بۆ شەڕى رووسيا نانێرين، وەك ئەوەى ئەمەريكا دەيەوێت رووسيا بۆ تونێلێكى تاريك رابكشێت و تواناكانى بە فيڕۆ بدات و بە دەوروبەرى خۆيەوە سەرقاڵى بكات.
لە سايەى ئەوەشەوە واشنتن ئاڕاستەى فۆكەسى بۆ سەر چين لە ناوچەى زەرياى هيندى و هادى گۆڕى، دواى كشانەوەى هێزەكانى لە ئەفغانستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هاوپەيمانى لەگەڵ ئوستڕاليا و بەريتانيا بۆ رێگرى هەژموونى چينى لە دەرياى باشوورى چين دروستكرد.
د.ئەحمەد ويساڵ بەرێوبەرى ناوەندى (ئۆرسام بۆ لێكۆڵينەوەى رۆژهەڵاتى ناوەراست) رايگەياند، "ئەمەريكا دەيەوێت رووسيا رابكێشێتە زۆنگاوى ئۆكراينا."
ئەمەريكا و وڵاتانى ئەوروپا رەتيانكردەوە، بەڵێن بە رووسيا بدەن، كە لە داهاتوو ئۆكراينا لە ناتۆ وەرناگرن، ئەوەش بووە دروستبوونى ئەو قەيرانە، هانى مۆسكۆى دا هێرش بكاتە سەر ئۆكراينا، لە بەرانبەريش ئەو وڵاتانە هيچ هەنگاوێكيان نەهاوێشتبوو بۆ وەرگرتنى ئۆكراينا لە ناتۆ، يا يەكێتى ئەوروپا ، چونكە ئەو هەنگاوە ناچارى دەكردن بەرگرى لێ بكەن، ياخود لە رێگەى سەربازييەوە پارێزگارى لێ بكەن بەرانبەر هێرشەكانى رووسيا.
لەبرى ئەوە واشنتن وڵاتانى ئەوروپا، تەنيا بە پێدانى چەك پاڵپشتيان كرد، بەگوێرەى چاودێرانى سياسيش ئەو قەيرانە درێژە دەكێشێت، تواناكانى رووسيا كەم دەكاتەوە.
لە سەرەتاى دەستپێكردنى هێرشەكانى رووسيا، ڤۆلۆديمێر زيلینسكى، سەرۆكى ئۆكراينا نيگەرانى خۆى بەرانبەر هەڵوێستى وڵاتانى رۆژئاوا دەربڕى، رايگەياند، "وڵاتانى رۆژئاوا ئێمە بە تەنيا بەرانبەر رووسيا جێهێشت، ئێمەش جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە، تەنيا سوپاى وڵاتەكەمان بەرگريمان لێ دەكات، داوام لە (27) سەركردەى وڵاتانى ئەوروپا كرد، ئايا ئۆكراينا دەبێتە ئەندامى ناتۆ، بەڵام هەموويان ترسان كەسيان وەڵاميان نەدامەوە."
يارمەتى سەربازى
ئەنتۆنى بلينكن، وەزيرى دەرەوەى ئەمەريكا رۆژى شەممە رايگەياند، "وەزارەتى بەرگرى ئەمەريكا راسپێرداوە، بە بڕى (350) مليۆن دۆلار هاوكارى سەربازى پێشكەش بە سوپاى ئۆكراينا دژ بە رووسيا بکات."
لە لايەكى ترەوە حكومەتى ئەڵمانيا رايگەياند، "لە نزيكترين كات هەزار مووشەكى دژە تانك و (500) مووشەكى جۆرى ستينگرى دژە فڕۆكە بە ئۆكراينا دەدەين."
دواى ئەوە وڵاتانى بەلجيكا و هۆڵندا، بڕياريان دا دوو هەزار پارچە چەك (50) چەكى دژە تانك، دوو هەزار مووشەكى جۆرى ستينگرى بۆ ئەو وڵاتە بنێرێ، فەرەنساش بەڵێنى دا لە داهاتوو هاوكارى زياترى سەربازى و سووتەمەنى رەوانەى ئۆكراينا دەكەين.
هەموو ئەو ئاماژانە بەڵگەن لەسەر ئەوەى ئەو قەيرانە درێژە دەكێشێت، وڵاتانى رۆژئاواش تەنيا هاوكارى سەربازى بۆ دەنێرن، كە بەراى هەندێك ئەوەندە بەس نييە بۆ ئەوەى لە بەرژەوەندى ئۆكراينا يەكلا بێتەوە.
لەكاتى كردنەوەى پێشەنگەى نێودەوڵەتى بۆ بوارى كشتوكاڵ، ئيمانوێل ماكرۆن رايگەياند، "هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا درێژە دەكێشێت."
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment