بەرپرسانى باڵاى ئيسرائيل گفتوگۆ لەسەر لێكەوتەكانى شەڕى رووسيا دەكەن وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئيسرائيل يەكێكە لەو وڵاتانەى زۆرترين هەڵسەنگاندنى بۆ هەموو لايەنەكانى شەڕى ئۆكراينا و رووسيا كردووە، تا ئێستاش لە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونەكانى بەردەوامە، بەهۆى ئەوەى لە سنوورى سووريا راستەوخۆ پەيوەندى بە رووسياوە هەيە، بۆيە لە هەموو هەنگاوێكى بەرانبەر بەو پرسە لێدانەوەى تايبەت بەخۆيان هەيە.

ئەركى سەرەتايى حكومەتى ئيسرئيل

بەگوێرەى كۆبوونەوەى بەرپرسانى باڵاى ئيسرائيل، كارى لە پێشنەى حكومەتى ئەو وڵاتە هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەى ئەو ئيسرائيليانەى كە ئێستا لە ئۆكراينا ماونەتەوە، بەگوێرەى هەواڵێكى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، یۆئاف بیستریستكی جێگری باڵیۆزی ئیسرائیل له‌ ئۆكراینا رایگه‌یاند، "ژماره‌یه‌كی كه‌می هاووڵاتیانمان داوای هاوكارییان كردووه‌ بۆ جێهێشتنی ئه‌و وڵاته‌، تا ئێستا چوار هه‌زار (500) كه‌س گه‌ڕاینه‌وه‌، نزیكه‌ی شه‌ش تا هه‌شت هه‌زار کەس ماون."

نەفتالى بنێت، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل، لە كۆبوونەوەى حكومەتەكەى فەرمانى بە وەزارەتە پەيوەندارەكان كردووە، كار بكەن بۆ دەربازكردنى ئەو ئيسرائيليانەى لە ناوچەى شەڕدان و ئامادەيى هاوكاريى وڵاتەكەى بۆ ئۆكراينا دەربڕيووە.

لەو كۆبوونەوە، بينى گانتس، وەزيرى بەرگرى و يائير لابيد وەزيرى دەرەوە و سەرۆك ئەركانى سوپاى ئيسرائيل و راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى و بەرپرسانى سەربازى و ديپلۆماسى بەشدار بوونە گفوگۆيان لەسەر هەموو لێكەوتە دارايى و سياسى و ئەمنييەكان كردووە.

 دواى ئەو كۆبوونەوە، بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە رێككەوتوون وەزارەتە پەيوەندارەكان هەوڵەكانى خۆيان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى سەرجەم هاووڵاتيانى ئيسرائيل لەو وڵاتە دەرباز بكەن و هاوكارى جووەكانى ئۆكرايناش بكەن.

سەركۆنەكردنى هێرشەكان لە لايەن ئيسرائيلەوە

سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل راگەياند، دڵمان لەگەڵ ئۆكراينەكانە، "ئامادەين هاوكارى مرۆيى پێشكەش بە دانيشتوانى ئەو وڵاتە بكەين"، بەڵام باسى هاوكارييەكانى ترى بۆ حكومەتى ئۆكراينا نەكرد.

لەو لێدوانەى نەفتالى بنێت، خۆى پاراست لە سەركۆنەكردنى هێرشەكانى رووسيا، تەنانەت ناوى رووسياشى نەهێنا، تەنيا گوتى، "لەوكاتەوە هێرشەكان چۆتە قووڵايى خاكى ئۆكراينا."

لەلايەكى ترەوە، يائير لايبيد، وەزيرى دەرەوەى ئەو وڵاتە رايگەياند، "ئەو هێرشەى رووسيا پێشێلكردنێكى مەترسيدارى سيستەمى نێدەوڵەتى." 

هەرچەندە ئەو دوو لێدوانە جياوازييان زۆرە، بەڵام بەرپرسێكى دسپلۆماسى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "جياوازى لێدوانەكان بەرانبەر رووسيا، بە هەماهەنگى بوو وەزارەتى دەرەوە و لەگەڵ سەرۆك وەزيران بووە."

هەر دەربارەى ئەو شەڕە، ئەفيگدۆر ليبرمان، وەزيرى دارايى ئيسرائيل رايگەياند، ئەركى سەرەكى ئيسرائيل، پاراستنى جووەكانى ئۆكراينا و رووسيا، باشترين كارێك بيكەين خۆ بەدوورگرتنە، لە لێدوان."

ئيسرائيل بۆچى ترسى هەيە؟

يۆسى يوشاع، پسپۆڕى سەربازى ئيسرائيل، لە وتارێكى لە رۆژنامەى (يەديعوت ئەحڕەنووت)، وردەكارى مەترسيەكانى وڵاتەكەى لەو شەڕەى رووسيا و ئۆكراينا شيدەكاتەوە، خاڵى جەوهەرى ترسى ئيسرائيل، لەو پەرەگرافە كۆدەكاتەوە، "بەهۆی ئەو دۆخەی ئۆكراینا و پەیوەندی لەگەڵ مۆسكۆ  زۆر نیگەرانە، چونكە ترسی هەیە بگاتە ئەو ئاستەی رووسیا سنوورێك بۆ هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لە ناوچە سەرەكییەكانی سووریا دابنێت، بۆ ئەوەی چیتر پێگەكانی حزبوڵا بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بۆدوومان نەكات، ئێران چەكی لە سووریا زۆرە، چونكە لە چەند مانگی رابردوو پەیوەندی ئەمنی نێوان نوێنەرانی سوپای ئیسرائیل و سوپای رووسیا بەهێز بوو، بەرژەوەندی هەردوولا لە دوورخستنەوەی ئێران لە سووریا هاوبەش بوو، ئەوەش لەبەر هۆكارێکى تایبەت بە سووریا بوو، چونكە رووسیا دەیەوێت تەنیا خۆی چاودێری بەشار ئەسەد بكات، هەرچەندە بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی رووسی لە ناوچەی لازقیە لەلایەن ئیسرائیلەوە هەندێك ئاڵۆزی لە نێوانیان هەبوو، بەڵام پەیوەندییان هەر بەردەوام بوو.

بەڕاى كارۆلينا ليندسمان، نووسەرى ئيسرائيلى پێى وايە، "بێلايەنى ئيسرائيل، هيچ سوودێكى پێ ناگەينێت، تەلئەبيب ناچار بوو ئەگەر شەڕ رووبدات يا لەگەڵ بەرەى رۆژئاوا بێت، يا دژى بێت، ئەنجاميش ئێستا رووبەڕووبوونەوەيە، ئەوەش مەترسى زۆرى  لەسەر ئيسرائيل هەيە، كە پێشتر زۆر بە ئازادانە  بۆردوومانكردنى بنكەكەى گرووپە سەربازييەكانى لە خاكى سووريا دەكرد، مانگێك پێش ئێستا ئاماژەى ئەوەمان بۆ دەركەوت، كاتێك فڕۆكەى رووسيا و سووريا بەسەر ناوچەكانى جۆلان لە سنوورى ئيسرائيل دەسووڕانەوە، دواتر رووسيا رايگەياند، "ئەو پێشهاتانە گۆڕانكارييە لە كارێكى ئاسايى."

رووسيا داواى روونكردنەوە لە ئيسرائيل دەكات

حكومەتى رووسيا، بانگێشتى ئەلكسەندر بن تەفسى، باڵيۆزى ئيسرائيل لە مۆسكۆى كردوو، بۆ ئەوەى روونكردنەوەى پێويست بدات لەسەر هەڵوێستى وڵاتەكەى بەرانبەر هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا.

جێگرى وەزيرى دەرەوەى رووسيا، ئەو پرسيارەى لە باڵيۆزى ئيسرائيل كردووە، بۆچى ئيسرائيل ئامادەيە پاڵپشتى نازييەكان بكات لە ئۆكراينا؟

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین