ناكۆكييە کەسییەکان رێگرن لە بەردەم ئاساييكردنەوەى پەیوەندییەکانى توركيا و سعوودييە شیکاری

نوچەنێت:

پەيوەندیى سعوودييە و توركيا، بەراورد بە پەيوەندى توركيا و ئيمارات ئاڵۆزترە، چونكە پەيوەندى ئەنقەرە و رياز سياسى و شەخسيە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واتاى ئەوە نييە دەرفەتى رێككەوتنيان نييە.

هۆكارى ناكۆكى نێوان سعووديە و توركيا بەهۆى پاڵپشتى ئەنقەرەيە بۆ پارتە ئيسلامييەكان و سياسەتى فروانخوازى،  هەڵوێستى توركيا بەرانبەر كوژرانى جەمال خاشقچى وايكردووە، بەربەست بۆ ئاساييبوونەوە دروست بێت، رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا سەبارەت سەردانەكەى بۆ ئيمارات رايگەياند، "سەردانەكەم بۆ ئيمارات سەركەوتوو بوو، ئێمە بەردەواميش دەبين لە گفتوگۆ لەگەڵ سعووديە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەيەكى نزيك هەردوولا هەنگاوى پێويست بهاوێين، گفتوگۆكانيشمان تا ئێستا لەگەڵ رياز بەردەوامە، دەمانەوێت پێكەوە هەنگاوى ئەرێنى بهاوێين."

ئەو لێدوانەى ئەردۆغان لە كاتێكدايە بڕيار بوو سەردانى رياز بكات، بەڵام سەردانەكە دواخرا، تا ئێستا هەردوولا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەى بگەنە خاڵى هاوبەش.

چاودێرانى سياسى پێيانوايە، "پەيوەندى توركيا و سعووديە ئاڵۆزترە، بەراورد بە پەيوەندى ئيمارات و توركيا، بۆيە كاتێكى زياترى پێويستە تا هەردوولا متمانە بەرانبەر يەكتر دروست دەكەنەوە، چونكە تا ئێستا سعوودييە سوور نييە پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەردۆغان ئاساييبكاتەوە، بەهۆى ئەوەى زيانى زۆرى بە ناوبانگى محەمەد بن سەلمان شازادەى جێنيشنى سعوودى داوە، راستەوخۆ بە كوشتنى جەمال خاشقچى تۆمەتبارى كرد."

جەمال خاشقچى لە (2018) لەناو کونسوڵخانەى سعوودييە لە ئيستەنبوڵ كوژرا، دواتر بەرپرسانى سعووديە دۆسيەى لێكۆڵينەوەيان بۆ كردەوە، هەر لەسەرەتاوە ئەنقەرە گومانى لەو لێكۆڵينەوە هەبووە، سووربوو لەسەر ئەوەى محەمەد بن سەلمان لەپشت كوشتنيەتى.

دواى ئەو رووداوە خودى ئەردۆغان، بەشداربوو لەو هێرشەى لە راگەياندنەكان كرايە سەر بن سەلمان، لەو كاتەوەش شازادەى جێنشينى سعووديە نەيتوانيوە سەردانى هيچ وڵاتێكى ئەوروپا بكات، سەرکردەكانى تەنيا لە چەند وڵاتێكى عەرەبى و ئاسيا دايە، بۆيە بەڕاى چاودێران، "هەرچەندە لە ساڵى رابردوو، توركيا ئامادەيى خۆى بۆ ئاساييكردنەوەى بەيوەندييەكانى لەگەڵ سعوديە نيشان دا، بەڵام ئەستەمە سعوودييە بتوانێت لێكەوتەكانى ئەو هێرشانەى توركيا لەبير بكات."

لە چەند مانگى رابردوو ئەردۆغان چەند جارێك رايگەياند، "توركيا دەوێت لاپەڕەيەكى نوێ لە پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى و ناوچەكە بكاتەوە، كاريش دەكەين بۆ ئەوەى پەيوەنديمان لەگەڵ رياز زۆر بەرەو پێشتر بچێت، بەڵام تا ئێستا رياز بەدەم ئەو داوايەى توركيا نەهاتووە."

قەتەر هەوڵيدا نێوەندگيرى نێوان محەمەد بن سەلمان و ئەردۆغان بكات، بەڵام هەوڵەكەى شكستى هێنا، پەيوەندى توركيا و سعووديە پێش كوشتنى خاشقچى وەك پێويست نەبوو، چونكە لەسەر چەندين دۆسيە ناكۆك بوون، لە قەيرانى قەتەر ئەنقەرە دژ بە وڵاتانى كەنداو وەستايەوە، خۆى وەك پارێزى سەرەكى قەتەر نيشان دا، لەلايەكى تريشەوە خودى ئەردۆغان هەوڵدەدات سەركردايەتى جيهانى ئيسلاميى لە سعووديە وەربگرێتەوە، بۆيە ئەگەرى ئاساييبوونەوەى پەيوەندى نێوانيان بە كراوەيى دەمێنێتەوە، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكارى وڵاتانى ئەو ناوچەيە كاريگەرى لەسەر ئەو پەيوەنديانە دروست بكات.

ئەو گۆڕانكارييەى سياسەتى دەرەوەى ئەنقەرە لە قۆناغى رابردو، پەيوەستە بە رووداوەكانى و ناوخۆ و ناوچەكە، چونكە لەسەر ئاستى ناوەخۆ توركيا تووشى قەيرانى ئابوورى بووە، ئەوەش كاريگەرى لەسەر رێژەيەكى زۆرى هاووڵاتيان كردووە، بۆتە دابەزينى رێژەى جەماوەرى پارتەكەى ئەردۆغان، بۆيە دەيەوێت لە رێگەى سياسەتى سفركردنەوەى كێشەكان لە هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو سەركەوتن مسۆگەر بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین