توركیا بۆ خاڵی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئەحمەد سەروەت

له‌و قۆناغه‌ی ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌گه‌ڵ دراوسێكانی و دروستكردنی پردی پردێك بۆ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌یاره‌كانی له‌ ناوچه‌كه و نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تی سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، كۆتایی به‌ ناكۆكییه‌كانی دوای به‌هاری عه‌ره‌بی دەهێنێت.

سه‌ردانه‌ دیپلۆماسییه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی به‌ڵای حكومه‌تی توركیا به‌ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن توركیا هه‌وڵده‌دات كۆتایی به‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تی بهێنێت، چونكە ئه‌و ململانێیه‌ توانایه‌كی زۆری توركیای به‌ هه‌ده‌رداوه‌ و تێیدا زیانمه‌ند بووه‌.

هه‌وڵه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ و ئیمارات و به‌حرێن و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و میسڕ و دانووستاندن له‌گه‌ڵ یۆنان و ئه‌رمینیا و هه‌ردوولایه‌نی ناكۆك له لیبیا، ده‌ستپێشخه‌ری بۆ نێوه‌ندگیری نێوان ئۆكرانیا و رووسیا، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوڵانه‌ى حكومه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ دەستى پێكردۆتەوە‌، ئەوەش جێبه‌جێكردنی  سیاسه‌تی یه‌كه‌م حكومه‌تی ئاكپارتییه‌، كه‌ هه‌وڵی ده‌دا له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌كانی كێشه‌كان سفر بكاته‌وه‌، به‌ڕێگه‌ی ئاشتیانه‌ ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانی كۆتایی بە ناكۆكييەكان بهێنێت، بۆ ئەوەى له‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ یه‌ك ئاست له‌نێوان لایه‌نه‌كان بووه‌ستێت. 

تیۆری سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان

ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، سه‌روه‌ك وه‌زیرانی پێشووی توركیا له‌ كتێبی (قووڵایی ستراتیژی) له‌ (2001) باس له‌ پوخته‌ی سیاسه‌تی سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ده‌كات، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی دوولایه‌نه‌ و گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگی ئابووری و چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان به‌ڕێگه‌ی ئاشتیانه‌ بنیاتنراوه‌.

لە (2002) كاتێك پارتى دادوگەشەپێدان دەسەڵاتى گرتە دەست، ئەو سياسەتەى پەيڕەوكرد، پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاسايى كردەوە، قەبارەى بازرگانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى و ئێران بەرزكردەوە، ئەو كۆتوبەندانەى لەسەر ڤيزاى وڵاتانى دراوسێى دانابوو، هەڵيگرت، پاشان رۆڵى نێوەندگيرى لە ململانێ ئاڵۆزەكانى ناوچەكە بينى، نێوەندگيرى لە نێوان پاكستان و ئەفغانستان، سووريا و ئيسرائيل، فەتح و حەماس كرد، هانى سوونەى عێراقى دا بچنە پڕۆسەى نوێى سياسى وڵاتەكەيان، هەوڵيدا نێوەندگيرى لە نێوان هێزە ناكۆكەكانى لوبنان بكات.

لە (2004) رێككەوتنى ئابوورى ئازادى لەگەڵ سووريا و تونس و مەغريب واژۆكرد، لە (2005( لەگەڵ ميسر و دەسەڵاتى نيشتيمانى فەڵەستين رێككەوتنى واژۆكرد، لە هەمان ساڵ رێككەوتنى گەورەى لەگەڵ سعووديە و وڵاتانى ئەنجوومەنى هاريكارى كەنداو واژۆكرد، لە (2010) توركيا پەيوەندى لەگەڵ رووسيا ئاساييكردەوە، ئەنجومەنى باڵاى هاريكارييان دامەزراند.

سەبارەت بە ناوچەى قەوقاز، سياسەتى دەرەوەى توركيا پەيوەست بوو بە پارێزگارى لە يەكپارچەيى وڵاتانى قەوقاز و سەقامگيریى سياسى و ئابوورى، ئەوەش پەيڕەوكردنى زيندووكردنەوەى (ناوەندى هەماهەنگى و سەقامگيرى بوو لە قەوقاز) هەروەها توركيا پەيوەندييەكان لە بەلقان لەگەڵ بوڵگاريا و رۆمانيا ئاسايى كردەوە، كێشە سەرەكييەكانى لەگەڵ چارەسەركردن.

بەگوێرەى هەمان سياسەت، لە (2005) توركيا هەنگاوى نا بۆ پلانى كۆفى ئەنان سكرتێرى ئەو كاتەى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنى كێشەى قوبڕس، توركيا بەو هەوڵانەى لە سەركەوتنێكى گەورەى مێژوويى نزيك بۆوە، كە دۆسيەى مێژوويى ئەرمەنى و چارەسەرى كێشە ناوخۆييەكانى لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستانيش بكات.

سياسەتى وەستان لە يەك ئاست لە نێوان وڵاتان

حكومەتى توركيا بە سەرۆكايەتى ئاكپارتى دروشمى سياسەتى يەك ئاستى لە نێوان هێز و وڵاتان پەيڕەوكرد، لە قۆناغێكى ديارييكراو لە رووداوە ناوچەييەكان سەركەوتوو بوو، بەرەو دۆخى سەقامگيرى، ئەوەش ئەنجامى ئەو رۆڵە ئەرێنييە بوو كە لە ململانێكانى ناوچەكە دەبينى، هەندێك لەو ململانێيانە مێژوويين زۆر هەستيارن، وەك ململانێى عەرەبى ــ ئيسرائيلى و پەيوەندى وڵاتانى عەرەبى و ململانێ نەتەوەيى و ئايينييەكان لە بەلقان و قەوقاز.

گۆڕانكاریى دراماتيكى

دواى هەڵگيرسانى بەهارى عەرەبى و كەوتنى هەندێك دەسەڵاتدار لە تونس و ميسر و يەمەن و ليبيا، سوورياش بوو بە گۆڕەپانى شەڕێكى بەردەوام، حكومەتى توركيا چووە ئەو ململانێ توندانە و پاڵپشتى جەماوەرى ئەو وڵاتانەى دژ بە حكومەتەكان كرد، بەڵام ئەو پاڵپشتيانە توركياى لەگەڵ وڵاتانى كەنداو رووبەڕووى ململانێ كردەوە، كە دژى ئەو گەلانە وەستانەوە بۆ بەرەو پێشبردنى ديموكراسى.

لەگەڵ ئەو شكستەى بەهارى عەرەبى و ئيسلامييەكان لە ميسر و پاشان لە تونس، تێكچوونى دۆخى سووريا و يەمەن و دابەشبوونى ليبيا و سەركەوتنى لايەنەكانى پاڵپشتى حكومەتەكانيان دەكرد دژ بە گەلەكانيان، توركيا رووبەڕووى گۆشەگيرى بۆوە.

لە (2013) بەهۆى كودەتا بەسەر محەمەد مورسى، پەيوەندييەكانى لەگەڵ حكومەتى نوێى ميسرى تێك چوو، لە (2016) ئەردۆغان حكومەتى ئيماراتى تۆمەتبار كرد، كە لەپشت كودەتا سەربازييە شكستخواردووەكەى مانگى تەمووزە، لە (2018) تيرۆركردنى جەمال خاشقچى لەناو باڵيۆزخانەى سعوودييە لە توركيا، پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند، لە گەمارۆى وڵاتانى كەنداو بۆ سەر قەتەر، توركيا پاڵپشتى قەتەرى كرد، دژ بە سعووديە و ئيمارات و ميسر و بەحرێن وەستاوە.

بەهۆى هێرشەكانى ئيسرائيل بۆسەر كەرتى غەززە،  ململانێكان لەگەڵ ئيسرائيل سەرىهەڵداوە، هەوڵەكانى ئاساييبوونەوە شكستى هێنا، هەروەها ناكۆكييەكانى لەگەڵ قوبڕس و يۆنان بەهۆى گێڵەكانى گازى سروشتى لە دەرياى ناوەڕاست دەستى پێكردەوە.

پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمەريكا بەهۆى كڕينى سيستەمى بەرگرى رووسى و ئاماژەى پاڵپشتى ئەمەريكا بۆ ئۆپۆزسيۆينى توركيا، پەيوەندييەكانى ئاڵۆزى تێكەوت، هەروەها لەگەڵ ئيمانوێل ماكڕۆن پەيوەندى تێكچوو، لەگەڵ ئەڵمانيا پەيوەندييەكانى باش نەبوو.

ئابوورى توركيا

ململانێى توركيا لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە و جيهان، رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر ئابوورى و وەبەرهێنانى هەبوو، بەهۆى ململانێكان هەندێك گەلى وڵاتانى نەيارى توركيا بايكۆتى بەرهەمەكانى توركيايان كرد و گەشتيان بۆ ئەو وڵاتە راگرت، ئەوەش كاريگەرى گەورەى لەسەر هەبوو، دواتر پەتاى كۆڕۆناى بەدواوە هات، ئەوەش ئابوورى جيهانى تووشى وەستان كرد، رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر ئابوورى ئەو وڵاتە هەبوو.

سەركەوتنى ئەزموونى ئابوورى حكومەتى ئاكپارتى، متمانەى لاى دەنگدەرى توركى دروستكرد بوو، پاشەكشەى بەهاى ليرە و زيادبوونى رێژەى هەڵاوسان، ئەردۆغان و پارتەكەى بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو توشى كێشە كردووە.

سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ رابردوو

 

لە سايەى ئەو ئاڵنگەريە دەرەكى و ناوخۆييانەى رووبەڕووى حكومەتەكەى ئەردۆغان دەبێتەوە، وڵاتانى ناوچەكە دەستيان بە ئاساييكردنەوەى ناكۆكييەكان كردۆتەوە، كاتێكيش جۆ بايدن بووە سەرۆكى ئەمەريكا، ساڵى رابردوو قەيرانى كەنداو كۆتايى هات، ئەنقەرەش لاپەڕەيەكى نوێى كردەوە، هەوڵەكانى دەست پێكرد بۆ ئەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ دراوسێكانى ئاسايى بكاتەوە، سياسەتى سفركردنەوەى كێشەكان دەستپێكردەوە، بۆ ئەوەى ئابوورى داڕوخاوى هەڵسێنێتەوە، تا بتوانێت بەشدارى  هەڵبژاردنى ساڵى داهاتوو بكات.

رێگەى ئاشتەوايى

لەسەرەتاى ساڵى رابردوو توركيا لەسەر ئاستێكى فراوان دەستى بە جووڵە ديپلۆماسييەكانى كرد، بۆ ئەوەى كۆتايى بە ناكۆكييەكانى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە بهێنێت و پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەست پێبكاتەوە.

لە مانگى ئايارى رابردوو، ئەردۆغان بە تەلەفۆن لەگەڵ شا سەلمان قسەى كرد، دواى ئەو پەيوەندييە مەولود چاوشئۆغلۆ سەردانى سعوودييەى كرد، لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو، ماجيد قەسبى، وەزيرى بازرگانى سعوودييە سەردانى ئەنقەرەى كرد، بڕيارە لە ناوەڕاستى ئەو مانگە سەرۆكى توركيا سەردانى سعوودييە بكات.

لە مانگى ئابى ساڵى رابردوو، راوێژكارى ئاسايشيى نەتەوەيى ئيمارات سەردانى توركياى كردوو لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە، رێككەوتن بۆ دروستكردنى ليژنەى هاوبەش بۆ چارەسەركردنى دۆسيە ناكۆكەكانى نێوانيان.

دواى دوو هەفتە لەو سەردانە ئەردۆغان و محەمەد بن زايد جێنشێنى ئەبوو زەبى بە تەلەفۆن قسەيان كرد و جەختيان لەسەر ئاشتەوايى نێوان كردەوە، لەو پەيوەندييە ئەردۆغان محەمەد زايدى بانگێشتى توركيا كرد، لە تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو بن زايد سەردانى توركياى كرد، گفتوگۆيان لەسەر هەماهەنگى و كارى هاوبەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە هەموو بوارەكانى لە خزمەت هەردوو لايە كرد.

دواى ئەو سەردانە سەرۆك كۆمارى توركيا رايگەياند، "ئەو سەردانە رێگەى بۆ قۆناغێكى نوێ خۆشكرد، پەيوەندييەكان و هاوكارى نێوانيان دەستپێبكاتەوە، كە لەبەرژەوەندى هەردوو وڵات و ناوچەكە دايە."دواتريش ئيمارات رايگەياند، "سندوقێكى (10) مليار دۆلاريمان بۆ پاڵپشتى وەبەرهێنان و ئابوورى توركيا دامەزراندووە، ئەوەش پەيوەندى نێوانمان بەهێز دەكات."

لە ليبياش هەوڵدەدات پشكى لە گرێبەستەكانى ئاوەدانكردنەوەى بەشى رۆژهەڵات هەبێت، لەدواى سەردانى شاندێكى پەرلەمان لە دەسەڵاتدارانى ئەو ناوچەيە بۆ ئەنقەرە، توركيا لە لايەنەكانى ئەو ناوچەيە نزيك بۆتەوە.

لە حەوتى كانوونى يەكەمى ساڵى رابردوو ئەردۆغان سەردانى قەتەرى كرد، دواى گەڕانەوەى رايگەياند، "توركيا ئامادەيە پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى كەنداو بەهێز بكات لەناوەڕاستى ئەو مانگە سەردانى ئيمارات دەكەم."

دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتەوايى لەگەڵ كەنداو 

لە مانگى ئايارى ساڵى رابردوو، بە فەرمى شاندى وەزارەتى دەرەوەى ميسر و توركيا بۆ چارەسەكردنى دۆسيە ناكۆكەكانيان كۆبوونەوە، بۆ ئەوەى رێگە بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى ديپلۆماسى نێوانيان خۆش بكەن، دواتر گەڕى دووەم لە مانگى ئەيلوولى رابردوو لە ئيستەنبوڵ كۆبوونەوە، لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى رابردوو، ئەردۆغان رايگەياند، "دواى ئيمارات، ئامادەين لاپەڕەيەكى نوێلەگەڵ ميسر بكەينەوە، بەگوێرەى نەخشەڕێگەى زەمەنى بڕيارى پێويست دەدەين."

ئەردۆغان بۆ ئەوەى پشكى لە گرێبەستى ئاوەدانكردنەوەى ليبيا هەبێت، هەنگاوى فراوانى ناوە بۆ ئەوەى لە دەسەڵاتدارانى رۆژهەڵات نزيك بێتەوە، دواى سەردانى شاندى پەرلەمانتاران بۆ توركيا، باڵيۆزى ئەنقەرە لە تەرابلوس لەگەڵ بزنسمانانى وڵاتەكەى سەردانى شارى بەنغازى كرد و قونسڵخانەى توركياى لەو شارە كردەوە.

قەيرانى ئۆكرانيا

لە سەرەتاى ئەم مانگە ئەردۆغان سەردانى ئۆكرانياى كردوو، لەگەڵ فۆلۆديمير زيلينسكى،ـ سەرۆكى ئەو وڵاتە كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوە بە فەرمى بانگێشتى ئەنقەرەى كرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكى رووسيا، دواى چەند رۆژێك سەرچاوەكان جەختيان لەسەر بەدەمەوە چوونى ئەو بانگێشتە كردەوە، لە بەرانبەردا كۆشكى كرملين بە نەخێر وەڵامى داواكەى سەرۆكى توركياى دايەوە.

پەيوەندييەكان لەگەڵ ئيسرائيل

 بە چەند رژى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان رايگەياند، "لەناوەراستى مانگى ئازارى ئەمساڵ ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى توركيا دەكات، دەتوانين بەهاوبەشى گازى سروشتى ئيسرائيل لە رێگەى توركياوە بۆ ئەوروپا بگوازينەوە، لەكاتى سەردانى سەرۆكى ئيسرائيل بۆ توركيا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەين."

سەرۆكى توركيا دەيەوێت لە رێگەى دانوستاندن ئەوەى لە رێگەى دروشم و گوتارە توندەكانى بەدەستى نەهێناوە، هەوڵدەدات لەرێگەى پێداچوونەوە بە پلانى پڕۆژەى (ئيست ميد) گازى ئيسرائيل لەبرى رێگەى قوبڕس دا بۆ ئەوروپا بڕوات، هەوڵ دەدات بەرێگەى توركيا بڕوات، بۆ ئەوەش سوود لە برەودان بە پاشگەزبوونەوەى ئەمەريكا وەردەگرێت.

هەرچەندە ئاڵۆزييەكان لەگەڵ يۆنان لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەردەوامە، بەڵام هەنگاوى گرنگ هەيە بۆ دەستپێكردنەوەى گەڕى (61)يەكەمى گفتوگۆكانى نێوان توركيا و يۆنان لەسەر دۆخى دەرياى ئيجە، توركيا داواى كۆنگرەى رۆژهەڵاتى ناوەراست دەكات بۆ چارەسەركردنى ناكۆكييەكانى نێوان وڵاتانى ئەو ناوچەيە.

ئەرمينيا و ئەمەريكا

توركيا هەوڵدەدات پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەرمينيا ئاسايى بكاتەوە، وەزيرى دەرەوەى توركيا راگەياند، لە داهاتوو نوێنەرى تايبەتى هەردوو وڵات ديارى دەكرێت، كۆمپانياكانى فڕۆكەوانى دەست بەگەشتە راستەوخۆكانيان دەكەنەوە.

دەربارەى پەيوەنديان لەگەڵ ئەمەريكا لە كۆبوونەوەى لووتكەى وڵاتانى (20) لە كۆتايى ساڵى رابردوو ئەردۆغان و بايدن بڕيارى دروستكردنى ليژنەيەكى دوولايەنەيان دا بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى نێوانيان.

ئەو هەوڵانەى توركيا دەرى دەخات، سياسەتى دەرەوەيان لە سەرەتاى ساڵى رابردوو گۆڕانكارى جەوهەرى بەسەرهاتووە، ململانێى ناوچەكانى ئاسايى كردەوە، كۆتايى بە هێرشێى راگەياندن هێنانى نێوان ئەو وڵاتانە هێنا، بەڵام پرسيارى گرنگ ئەوەيە، ئايا حكومەتى ئێستاى توركيا لەو هەوڵانەى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ نەيارەكانى دوێنى سەركەوتوو دەبێت، دەتوانێت لەگەڵ دراوسێكانى كۆتايى بەو قەيرانانە بهێنێت، ئامانجەكەى ئەوەيە وەبەرهێنان و گەشتيارى كەنداو راكێشێت و پشكى لە گازى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەبێت، ئايا ئەو دەستكەوتانەى دەبێت؟ ئەو پرسيارانە پێويستيان بە وەڵامى ئامادەيە، بەڵام ئەو سەردانەى بن زايد باشترين بەڵگەيە بۆ فراوانكردنى وەبەرهێنانى توركيا لە رۆژهەڵاتى ليبيا، ئەوەش بەڵگەيە ئەنقەرەيە دەگەڕێتەوە بۆ سياسەتى سفركردنەوەى كێشەكان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین