بەرپرسێکی پارتی: لە کەرکوک رووبەرووی تەعریب دەبینەوە کوردستانی

نوچەنێت

بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵانە لە کاتی کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی کورد لە کەرکووک لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەبنەوە، بەرپرسێکی کەرکووکیش دەڵێ، ئیدارەی ئێستای کەرکووک پشتگیریی عەرەبی شۆڤێنی دەکات بۆ داگیرکردنی زەویی ھاووڵاتیانی کورد.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتویەتی"ئەو عەرەبانەی ئێستا ھاتوون بۆ داگیرکردنی زەویی کوردانی دبس و سەرگەڕان، پێشتر لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق بە زەبری ھێز زەویی کوردیان داگیر کردبوو، ئێستاش بە ھەمان شێوە ئیدارەی بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک پشتگیرییان دەکات و بەزۆر دەیانەوێ زەویی کورد زەوت بکەن".

ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ژمارەیەکی بەرچاوی عەرەبی شۆڤێنی، ئەوانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس زەویی کوردیان داگیر کردبوو، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک و دەیانەوێ دەست بەسەر زەویی جوتیارانی کورددا بگرن، بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نزیکەی دوو ھەزار پارچە زەوی مەترسی داگیرکردنیان ھەیە.

بەرپرسەکەی پارتی روونی کردەوە"زۆربەی ئەو عەرەبە شۆڤێنیانە، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق وەک ئاوارە خۆیان تۆمار کردووە و دوای قەرەبووکردنەوە، گەڕاونەتەوە شوێنی پێشووی خۆیان، بەڵام ئێستا دیسان گەڕاونەتەوە کەرکووک و داگیرکاری دەستی پێکردووتەوە"

حوسێن گوتیشی: "کاتێک دەسەڵاتی کورد نەما لە کەرکووک، مەترسی دەکەوێتە سەر کوردانی ئەو ناوچانە، چونکە ئەوانەی داگیرکارن، پشتگیرییان ھەیە لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە و ھاوکارییان دەکرێت، ئەمەش ھەوڵێکی دیکەی تەعریبە و ئەو تەعریب و داگیرکارییەی ئێستا دەکرێت، لە ھیچ سەردەمێکی دیکەدا نەبووە، پارتی ھەمیشە پشتگیری لە جووتیاران و خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەکات و لە رێی نوێنەرانی خۆشمانەوە ھەموو ھەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەعریب دەدەین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین