ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردرێت به‌رهه‌م ساڵح به‌ چ یاسایه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌؟ راپۆرت و شیکاری

نوچه‌نێت

شاره‌زایانى یاسا ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌بژێردرێت، ئه‌وا مانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى ئێستا پێشێلكردنى ده‌ستوور ده‌بێت و به‌گوێره‌ى بڕیارێكى كۆنى دادگاى فیدڕاڵى ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2010 دراوه‌.

بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو حه‌وتى شوباتى 2022 دانیشتنى په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه ‌بچێت، كه‌ 25 كاندید خۆیان ئاماده‌كردووه‌ به‌شداریى له‌ كێبڕكێیه‌كه‌ بكه‌ن. به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در كه‌ به‌ گرنگترین فراكسیۆنى په‌رله‌مان داده‌نرێت ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پێنجى شوبات، رایگه‌یاند به‌شدارى له‌ دانیشتنه‌كه‌ ناكات، ئه‌وا نیگه‌رانییه‌كى زۆر له‌ ناوه‌ندى سیاسى عێراقى و كوردستانى دروست بووه‌.

شاره‌زایانى یاسا له‌ رووى یاسایى و ده‌ستوورییه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڕوانن و دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمارى نوێى هه‌ڵنه‌بژێردرێت ئه‌وا عێراق رووبه‌ڕووى بۆشاییه‌كى ده‌ستوورى ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ى ده‌ستوور ده‌بێت سه‌رۆكى نوێ له‌ ماوه‌ى 30 رۆژ هه‌ڵبژێردرێت.
له‌ ده‌ستوورى عێراق ماده‌ى 72 هاتووه‌، ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك كۆمار چوار ساڵه‌ و ده‌كرێت بۆ خوولى دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌. بڕگه‌ى (أ) ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆك كۆمار به‌ ته‌واوبوونى خولى په‌رله‌مان كۆتایى دێت. (ب) سه‌رۆك كۆمار له‌ ئه‌ركه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت تا كۆتایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نوێ و كۆبوونه‌وه‌ و تا ئه‌و كاته‌ى سه‌رۆك  كۆمارى نوێ هه‌ڵده‌بژَردرێت، به‌ سى رۆژ دواى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان. (ج) ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر هۆكارێك پۆسته‌كه‌ بۆشایى تێكه‌وت ئه‌وا ده‌بێت سه‌رۆكێكى نوێ هه‌ڵبژێردرێت.

ماده‌ى 72 له‌ ده‌ستوور رێگه‌ نادات 
سه‌رۆك كۆمارى ئێستا هه‌فته‌یه‌كى تر له‌ پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌
 

عه‌لى ته‌میمى شاره‌زا له‌ كاروبارى یاسایى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى باس له‌ كاریگه‌رییه‌ ده‌ستوورییه‌كانى به‌شدارنه‌بوونى ره‌وتى سه‌در له‌ دانیشتنى رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر كشانه‌وه‌كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر رێژه‌ى به‌شداربووانى دانیشتنه‌كه‌ نه‌بێت كه‌ ده‌بێت 220 په‌رله‌مانتار بێت، ئه‌وا دانیشتنه‌كه‌ ده‌كرێت سه‌رۆكیش هه‌ڵده‌بژێردرێت، چونكه‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان 329 په‌رله‌مانتاره‌ و 74 ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌وا 255 ده‌مێنێته‌وه‌".

به‌ڵام چى ئه‌گه‌ر رێژه‌ى یاسایى ته‌واو نه‌بێت؟ عه‌لى ته‌میمى له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ڵێ، "دانیشتنه‌كه‌ دواده‌خرێت و سه‌رۆكى ئێستا له‌ كاره‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌گوێره‌ى ماده‌ى 72 ئه‌مه‌یش پێشێلكاریى ماوه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌بێت، له‌م حاڵه‌ته‌یش ئێمه‌ له‌به‌رده‌م پێشێلكاریى ده‌ستوور ده‌بین".

شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح دواى دانیشتنى رۆژى دووشه‌ممه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا مانه‌وه‌كه‌ى به‌گوێره‌ى بڕیارێك ده‌بێت كه‌ به‌ ژماره‌ى 51 له‌ ساڵى 2010 له‌لایه‌ن دادگاى فیدڕاڵییه‌وه‌ دراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر مام جه‌لال تاڵه‌بانى بۆ ببێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار كه‌ ئه‌و كاتیش هاوشێوه‌ى ئێستا عێراق له‌ قه‌یرانێكى قووڵى سیاسى بوو.

له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێرى رابردوو ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانه‌، چه‌ند هه‌ڵوێستێكى جیاوازى نواند. یه‌كێك له‌وانه‌ خودى موقته‌دا سه‌در بوو كه‌ ئێواره‌ى دوێنێ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و گوتى، "ئه‌گه‌ر هۆشیار زێبارى مه‌رجه‌كانى تێدا نییه‌ ئه‌وا ره‌وتى سه‌در ده‌نگى پێناده‌ن" وه‌ك ده‌زانرێت پارتى و ره‌وتى سه‌در رێككه‌وتنیان هه‌یه‌ و هۆشیار زێباریش كاندیدى پارتییه‌. دووه‌م هه‌ڵوێستیش ئه‌مِرۆ بوو كاتێك سه‌رۆكى فراكسیۆنى ره‌وتى سه‌در رایگه‌یاند په‌رله‌مانتارانى ره‌وته‌كه‌ به‌شدارى له‌ دانیشتنى رۆژى دووشه‌ممه‌ ناكه‌ن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار.

هه‌فته‌ى رابردوو به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ دادگاى فیدڕاڵى پرسی كه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار به‌ چه‌ند ده‌نگى په‌رله‌مانتاران هه‌ڵده‌بژێردرێت، وه‌ڵامى دادگاكه‌ ئه‌وه‌ بوو ده‌بێت 2\3 ده‌نگه‌كانى په‌رله‌مان بهێنێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین