ئایا ئەمریکا بەرەو لێکهەڵوەشانە؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ئەگەر ئاییندەی ئەمریکا بەو شێوەیە نەرێنی بێت کە دژبەرەکانی خوازیارن، ئەوە بێگومان چین و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەیش لاوازبوونی ئەمریکا دەقۆزنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان.

هەندێک جار دەوڵەت بەشێکی خاکەکەی لەدەست دەدات و دواتر بەشی زۆر یان هەموو ئەو خاکە دووبارە بەدەست دەهێنێتەوە. ئەم لەدەستدانی خاکەش لەوانەیە بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بێت، یان ناکۆکییەکی ناوخۆیی کە بە جیابوونەوەی بەشێکی کۆتایی پێ بێت. لەدەستدانی بەشێکی وڵات و دواتر بەدەستهێنانەوەی، پێشووتر لە مێژووی ئەمریکا و ڕوسیا و چینیشدا ڕوویداوە.

 

نموونە لە مێژووی ئەمریکاوە:

دوای ساڵانێک مشتومڕ لەنێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشووری ئەمریکا لەسەر بابەتەکانی کۆیلەداری و ڕەگەزپەرستی، سەرەنجام و لە سەرەوبەندی هەڵبژێردرانی ئەبراهام لینکۆڵن وەکوو سەرۆکی ئەمریکا لە 1860، زۆربەی ویلایەتەکانی باشوور جیابوونەوە و پڕۆژەی فیدراڵیزمی ویلایەتەکانی باکوور شکستی هێنا، شەڕێکی توندی ناوخۆیی ڕوویدا و دواجار لە 1865 دووبارە یەکگرتنەوە گەیشتەوە ئەنجام.

 

چین، هەڵوەشانەوە بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی:

لە سەرەتای سەدەی بیست کاتێک شۆڕشی چین کۆتایی هێنا بە میرنشینی مانچو، ئیدی چین بووە چەند پارچەیەک و هەریەکەیان کەوتە ژێر دەستی دەستڕۆیشتوویەکی سەربازی، تاوەکوو لە 1920کان حیزبی کۆمینتانگ هاتە دروستبوون و چین بووەوە بە یەک وڵاتی یەکپارچە.

 

ڕووسیا هێرشی بێگانە و لەدەستدانی خاک و هەستانەوە:

هەروەها ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاش هەڵوەشایەوە بەهۆی ڕووخانی قەیسەر نیکۆڵسی دووەم و هێرش و پێشڤەچوونەکانی هێزی سەربازیی ئەڵمانیا. دوای دەستهەڵگرتن لە بەشی زۆری خاکی ڕۆژئاوای ڕووسیا لەلایەن قەیسەرەوە لە پەیمانی "بريست ليتۆڤسك" لە ساڵی 1918 دا، شۆرشی بەلشەڤییەکانی ڕووسیا بەزۆر زۆربەی ئەو خاکەی بەدەستهێناوە لە سەروبەندی شکستهێنانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم.

 

چین داگیر کرا و دواتر وەکو زلهێز هەستایەوە:

کاتێک لە ساڵی 1930 ژاپۆن مانچووریای چینی داگیرکرد و دواتر لە 1937 هەموو چینی داگیرکرد، هەڕەشە نەک هەر لەسەر یەکپارچەیی چین، بگرە لەسەر مانەوەی چین وەکو وڵاتێکی سەربەخۆش دروست بوو، کەچی کاتێک لە 1945 ژاپۆن جەنگی جیهانیی دووەمی دۆڕاند و لە چینیش کۆمۆنیزمی ماوی سەری هەڵدا لە 1949، ئیدی چین (جگە لە تایوان) یەکی گرتەوە و تەنانەت وەکوو زلهێز هەستایەوە.

 

سۆڤیەت لە لێواری نەمانەوە بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی زیاتر:

ساڵی 1941 پەلاماری ئەڵمانیای نازی بۆ سەر سۆڤیەت هەڕەشەی دروستکرد لەسەر سەراپای یەکێتیی سۆڤیەت. بەڵام هەوڵی بێ وچانی سوپای سوور و ناردنی چەک لەلایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە وایکرد ڕووسیا هێزەکانی ئەڵمانیا لە خاکی سۆڤیەت وەدەر بنێت، سۆڤیەت هەم خاکەکەی خۆی بەدەستهێنایەوە و هەم بازنەی کاریگەریی وڵاتەکەی لە دەرەوەی سنووری خۆیشیدا فراوان کرد.

 

دوای نیو سەدە و لە کۆتایی 1991 یەکێتیی سۆڤیەت هەرەسی هێنا بەهۆی چەند فاکتەرێک: قورسایی خەرجیەکانی جەنگی سارد لەسەر ئابوورییە لاوازەکەی سۆڤیەت، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی نەتەوە نا-ڕووسییەکانی ناو یەکێتییەکە، کەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی ڕووس بەرارود بە نەتەوەکانی دیکەی ناو یەکێتییەکە، و ڕێککەوتنی مانگی دوانزدەی 1991ی نێوان ڕووسیا، ئۆکرانیا و بیلارووسیا کە بڕیاریان دا چیتر یەکێتیی سۆڤیەت نەمێنێت. ئیدی 15 دەوڵەتی سەربەخۆ جێگەی یەکێتیی سۆڤیەتیان گرتەوە. کەچی ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ئیستای ڕووسیا، ناوچەی کریمیای خستووەتەوە سەر ڕووسیا کە لەسەر ئۆکرانیا بوو، جیا لەمەش خەریکی زیندووکردنەوەی کاریگەریی ڕوسیایە لەسەر چەند بەشێکی دیکەی ئۆکرانیا، ئەوە ئەگەر دەستیشیان بەسەردا نەگرێت، ئەم پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە.

 

 

لەدەست دانی خاک یان هەرەسهێنانی حکومەت لەوانیە توانای وڵاتێک کەمبکاتەوە یان نەیهێڵێ کە ڕۆڵی زلهێز بگێڕێت. هەندێك جار ئەوەی لە زلهێزەکە دەمێنێتەوە، تەنانەت لەوانەیە بکەوێتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی زلهێزەکانی تر. جاری واش هەیە دەوڵەتێک خۆی بونیات دەنێتەوە و دەبێتەوە بە زلهیز، وەک ئەوەی لە مێژووی چی و ڕوسیادا هەیە.

 

بە گشتی حکومەتە زلهێزەکان هیوادارن ببینن زلهێزە ڕکابەرەکانیان هەرەسبهێنن، جا بە گۆڕانی سیستمی حوکمڕانییەکەی بێت بۆ جۆرێکی گونجاو لەگەڵ ئەم، یان هەڵوەشانی دەوڵەتەکە بێت بۆ کۆمەڵێک دەوڵەتۆکە. دوای جەنگی سارد، هیوا هەبوو کە ڕووسیا و چینیش ببنە دەوڵەتی دیموکراسی و دەست بە هاوئاهەنگی بکەن لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوا یان تەنانەت ببنە بەشێک لەو بەرەیە. وەک بینیمان ئەمە تەنیا وەکو خۆزگەیەک مایەوە و نەبوو بە ڕاستی.

 

هاوشێوەی ئەوە، ئێستا لە ڕووسیا و چین کەسانێک هەن هیوایان وایە کە ئەمریکا تووشی لێکترازان یان هەرەسهێنان دەبێت. هەر ساڵی 1998 بوو کە پڕۆفیسۆرێکی ڕووسی بەناوی ئیگۆر پانارین پێشبینی کردبوو کە ئەمریکا بۆ ساڵی 2010 هەڵدەوەشێت بۆ شەش دەوڵەت و تەنانەت نەخشەکەشی کێشابوو. دیارە ئەمەش تەنیا بیرۆکەیەکی خۆشبینانەی ئەو بوو. ئێستاش زۆر زانای چینی تەواو متمانەیان هەیە کە ئەمریکا لەسەر ڕێگای داڕماندایە بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە. لە چەندین کۆنفرانسدا، قسەکەرانی چینی و ڕووسی پێشبینی دەخەنە ڕوو یان بە دڵنیاییەوە دەڵێن کە ئەمریکا ئەگەری هەڵوەشانی هەیە یان تەنانەت هەندێکیان دەڵێن دڵنیاین هەڵدەوەشێت.

 

ئەمە چۆن لە ئەمریکا ڕوودەدات؟ ئەگەر لەڕوی لۆجیکییەوە تەماشا بکەین بەمجۆرە ئەمریکا ڕووە و لاوازی دەچێت: ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێستی ئەمریکا بەروارد بە ڕەگەزەکانی دیکە ڕوو لە کەمییە و پێشبینی دەکرێت لە 2040 کاندا چیدیکە لە ئەمریکا سپی پێستەکان زۆرینە نەبن. سپی پیستە ئەمریکییەکان، بە تایبەت موحافزکارەکانیان، ئامادە نابن بە ئاسانی دەسەڵات ڕادەستی زۆرینەکەی دیکە بکەن کە سپی پیست نین. بۆیە سپی پێستەکان هەوڵدەدەن بە زەبری هێز دەسەڵات لە دەستی خۆیان بهێڵنەوە. کە گەیشتە ئەمە، لە باشترین حاڵەتدا و لە ڕووانگەی چینی و ڕووسەکانەوە، ئەمریکا پارچە پارچە دەبێت. ئەم پارچە پارچە بوونەی ئەمریکا هەل دەخاتە بەردە زلهێزەکانی دیکە کە پشتی لایەکی ئەمریکا بگرن لە دژی لایەکی دیکە. ئەگەر تەنانەت ئەمریکا یەکپارچەش بمێنیتەوە، ئەوە سپی پێستەکان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوانی دی، پێویستیان بە هێزی زیاتر دەبێت لە ناوخۆی ئەمریکا، بەمجۆرە ئەمریکا ئیدی ناتوانێت وەکوو جاران هێزی سەربازی ئاراستەی وڵاتانی دەرەوە بکات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ڕوسیا و چین دەبێت. چونکە ئەمریکایەکی لەو جۆرە چیدیکە چین و ڕووسیا بیزار ناکات لەبارەی نەبوونی دیموکراسییەوە لە وڵاتەکانیان.

 

ئایا ئەم پێشبینییەی ڕووسیا و چین بۆ ئاییندەی ئەمریکا تەنیا خۆشخەیاڵییە؟ ئەوە ئەمریکییەکان دەبێت بڕیاری لێبدەن. بەڵام ئەگەر وەکو ئەوان دەیبینن ئاییندەی ئەمریکا بەمجۆرە نەرێنی بێت، ئیدی ڕووسیا و چین و وڵاتی دیکەش ئەوە وەکوو هەلێک دەبینن بۆ بەرەو پێشبردنی خواستی زلهێزانەی خۆیان. ئەگەر ئەو نوشوستەش بەسەر ئەمریکادا بێت، هەر ئەزموونی چین و ڕووسیا دەری دەخەن داڕمان لەوانەیە زیندووبوونەوەی بەدوادا بێت.

سەرچاوە: ناشناڵ ئینترێست

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین