ئایا ئێران مالیكى ده‌كاته‌ قوربانى ؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

میدیاكانى عێراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ دیداره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران دووپاتى له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى مالیكى كردووه‌ته‌وه‌، ئێرانیش داواى له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان كردووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ره‌وتى سه‌در نه‌رمى بنوێنن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى كانوونى دووه‌مى 2022 زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى چڕ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو. له‌لایه‌ك دوو به‌رپرسى باڵاى ئێران و حزبوڵا له‌ به‌غدا و نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌ لایه‌كى تریش هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ هه‌ولێره‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات، بابه‌تى سه‌ره‌كیش له‌ هه‌موو دانیشتنه‌كان پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراقه‌.

دوێنێ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران گه‌یشته‌ عێراق و به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كۆبووه‌وه‌. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى به‌یانى ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه‌، قائانى پێشنیارى كردووه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ حكومه‌ت به‌شدارییان پێبكرێت، بۆئه‌وه‌ى ماڵى شیعه‌ یه‌كگرتوو بێت.

پێشنیارى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا كراوه‌

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئێران بۆ پارێزگاریكردن له‌ هه‌ژموونى خۆى هه‌وڵ ده‌دات لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار وپێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌وڵه‌كانى چڕتر ده‌كاته‌وه‌. ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى باسى له‌وه‌ كردووه‌، جگه‌ له‌ قائانى ئێران محه‌مه‌د كه‌وسه‌رانى كه‌ به‌رپرسى دۆسیه‌ى عێراقه‌ له‌ حزبوڵاى لبنانى ره‌وانه‌ى عێراق كردووه‌. كه‌وسه‌رانى به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ كه‌سێكى نزیك له‌ نوورى مالیكییه‌.

هه‌ر به‌یانى ئه‌مڕۆ باس له‌وه‌یش كرا، قائانى له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كۆده‌بێته‌وه‌، كه‌چى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى عێراقى له‌وانه‌ شه‌فه‌ق نیوز و به‌غداد توده‌ى بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، قائانى شه‌وى رابردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌در ئه‌نجام داوه‌، كه‌چى سه‌در ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌ حكومه‌تى نوێ رێگه‌ بدات نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌شدار بێت.

ئه‌حمه‌د موسه‌وى سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌وه‌ ده‌كات، كێشه‌ى سه‌ره‌كى ململانێی نێوان نوورى مالیكى و موقته‌دا سه‌دره‌، ئه‌ویش هاوشێوه‌ى سه‌رچاوه‌كانى تر باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئێران پێشنیارى كردووه‌ چوارچَێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ببێته‌ دوو به‌ش، ته‌نیا به‌شێكیان به‌شدارى له‌ حكومه‌ت بكات.

چاره‌سه‌رییه‌كه‌ چۆنه‌؟

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌ سیناریۆكان ئه‌وه‌یه‌ 33 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا بچنه‌ رێزى هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌و ساته‌دا هاوپه‌یمانییه‌ك به‌ ناوى "ده‌وڵه‌تى یاسا" نامێنێ، ئینجا هاوپه‌یمانى فه‌تح ده‌چێته‌ ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مانتارانى ده‌وڵه‌تى یاسا پشكیان له‌ حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ ده‌بێت.

ئه‌مه‌ سیناریۆیه‌كه‌ كه‌ باس كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌ قائانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر و عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌ به‌رده‌وامه‌. هه‌موو لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى هادى عامرى بۆ به‌غدا ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ستراتیژى بكرێت و دوایین بڕیارى شیعه‌ بدرێت.


پێشبینى ده‌كرێت عامرى بچێته‌ 
ریزى كورد و سوننه‌ و سه‌در


كه‌چى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باسى له‌وه‌ كردووه‌، عامرى ته‌نیا له‌گه‌ڵ كورد كۆتایى نایه‌ت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سوننه‌كانیش كۆببێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ هادى عامرى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى كۆبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا جگه‌ له‌ زانیارى گشتى هیچ شتێكى تر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ باس نه‌كراوه‌. عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ دواى كۆبوونه‌وه‌ى عامرى له‌گه‌ڵ سه‌در، عامرى هه‌وڵ ده‌دات گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانى سه‌دریش بكات كه‌ ئه‌وانیش پارتى و ته‌قه‌دوم و عه‌زم، هه‌ر ئه‌م سێ لایه‌نیش بوو كه‌ توانیان دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان ئه‌نجام بده‌ن و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات عامرى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌در هه‌وڵ ده‌دات باسى ئه‌وه‌ بكات هه‌وڵ نه‌ده‌ن دووبه‌ره‌كى لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌هێز بكه‌ن.

له‌كاتێكدا نوورى مالیكى له‌ راگه‌یێندراوێكدا دووپات له‌سه‌ر یه‌كگرتوویى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كاته‌وه‌، كه‌چى رۆژنامه‌كان رۆشنایى ده‌خه‌نه‌ سه‌ر جووڵه‌ى هادى عامرى كه‌ ئاخۆ له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌مێنێته‌وه‌ و یانیش ده‌چێته‌ پاڵ سه‌در، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باس له‌وه‌ ده‌كات عامرى له‌به‌رده‌م بژارده‌ى ئه‌وه‌یه‌ پشت له‌ هاوپه‌یمانى مالیكى بكات و بۆ لاى سه‌در بچێت. رۆژنامه‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌در زۆر هه‌وڵى داوه‌ عامرى رازى بكات بچێته‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى چونكه‌ له‌و كاته‌دا جگه‌ له‌ كورد و سوننه‌ لایه‌نێكى گرنگى شیعه‌یشى له‌گه‌ڵ ده‌بێت.

هه‌ڵوێستى كورد له‌ به‌رانبه‌ر فه‌رامۆشكردنى
مالیكى روون نییه‌

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب پێشبینى ده‌كات یه‌كێك له‌ سیناریۆكان به‌مشێوه‌یه‌ بێت: كورد و سوننه‌ و سه‌در و عامرى هاوپه‌یمانى پێكبهێنن. كه‌چى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى پارتى و ته‌قه‌دوم و عه‌زم و سه‌در هه‌یانبوو له‌ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو به‌رده‌وام بێت.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا سیناریۆى هاوپه‌یمانى عامرى و سه‌در له‌گه‌ڵ پارتى و دوو لایه‌نه‌ سوننه‌كان ئه‌و بژارده‌یه‌ ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ لێكدانه‌وه‌ى راپۆرتێكى شیكاریى ناشنال ئینترێست یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ده‌ڵێ سه‌در نایه‌وێ ته‌نیا له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ حكومه‌ت پێكبهێنێ، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ئاڵه‌نگارییه‌كه‌ بۆ ئه‌و، بۆیه‌ ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ لایه‌نى شیعه‌ى تر تێیدا به‌شدار بن. به‌ڵام به‌ زۆربه‌ى لێكدانه‌وه‌كان ئه‌و لایه‌نه‌ هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و مالیكى نابێت كه‌ سه‌در به‌شدارییان پێبكات.

ئه‌ى هه‌ڵوێستى ئێران چى ده‌بێت؟ له‌م باره‌یه‌وه‌ پێشبینى ناكرێت ئێران به‌هۆى مالیكیشه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سه‌در ببێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ باسى ئه‌وه‌یش كراوه‌، ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودس به‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى گوتووه‌ نه‌رمى له‌ به‌رانبه‌ر سه‌در بنوێنن.  پێشتریش له‌ چه‌ندان هه‌ڵوێستى تر مالیكى سه‌ردانى ئێرانى كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و پاڵپشتییه‌ى به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ كه‌ شیاوى باس بێت.

لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌ كورد به‌ تایبه‌تى هه‌ڵوێستى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر دووبه‌ره‌كى نێوماڵى شیعه‌ چه‌ند پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌لبووسى وسه‌در كراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ دووه‌میان ئایا كورد وه‌ك رابردوو هه‌ڵوێستێكى ئه‌وتۆ ده‌نوێنێ بۆئه‌وه‌ى دووباره‌ هۆكار بێت له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ى مالیكى؟ یانیش پابه‌ند ده‌بێت به‌و لێدوانانه‌ى كه‌ له‌ راگه‌یاندن ده‌درێت و ده‌گوترێت كورد بێلایه‌ن ده‌وه‌ستێ؟

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى له‌سه‌ر دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان ده‌درێت، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى كارى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى وه‌ستاندووه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌و بڕیاره‌یش هه‌نگاوه‌ كرده‌نییه‌كان زیاتر ببینرێن نه‌وه‌ك پێشبینى و  مه‌زنده‌كان.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین