بەربەستە ئابووريەكان و كرانەوەى ديپلۆماسى توركيا لە (2021) دا شیکاری

نوچەنێت:

ساڵى (2021) بۆ توركيا ساڵێكى پڕ ئاڵنگەرى ئابوورى و سياسى بوو،  لەسەر ئاستى ناوخۆ رووبەڕووى قەيرانى ئابوورى و ناڕەزايى سياسى و ململانێ لەگەڵ ئۆپۆزيسيۆن بووە، لەسەر ئاستى دەرەوەش لەگەڵ وڵاتانانى ناوچەكە و جيهان ململانێكانى بەردەوام بوو، لە هەمانكات لە سووريا و لبيا و قەوقاز و رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست ململانێى سەربازیى هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ململانێيەش لەگەڵ چەند وڵاتێك پەيوەندييەكانى ئاساييكردەوە.

قەيرانى ئابوورى و ئاڵۆزى سياسى.

يەكێك لە قەيرانە گەورەكانى رووبەڕووى توركيا بۆوە، ليرەى توركى بەرانبەر دۆلار پاشەكشەى كرد، لە مانگى كانوونى يەكەم (7.4) ليرە بووە دۆلارێك، كە چەندين ساڵ بوو نەگەيشتبوو ئەو ئاستە، بەو جۆرە ليرەى توركى رووى لە دابەزين كرد تا گەيشتە (17) ليرە بەرانبەر دۆلارێك، ئەوەش كاريگەرى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى خواردن و پێداويستييە سەرەكييەكانى ژيانى رۆژانەى خەڵك هەبوو. 

بەگوێرەى داتاكانى حكومەتى توركيا بەهاى دراو پاشەكشەى كرد و رێژەى هەڵاوسان بۆ (21%) بەرزبۆوە، بەڵام ئۆپۆزسيۆنى ئەم وڵاتە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە رێژەى هەڵاوسان لە (50%) زياترە، لەبەرانبەر ئەو قەيرانەش سەرۆكى توركيا سوورە لەسەر ئەوەى سيستەمێكى نوێى ئابوورى پەيڕەو دەكات، بۆ ئەمەش لە دابەزاندنى رێژەى سوو دەستى پێكردووە، كە بە بۆچوونى ئەردۆغان دەبێتە دابەزينى رێژەى هەڵاوسان.

ئەو هەنگاوەى سەرۆكى توركيا پێچەوانە بوو لەگەڵ بۆچوونى ئۆپۆزيسيۆن و شارەزايانى بوارى ئابوورى و تەنانەت پێچەوانەى خودى وەزيرى ئابوورى توركياش بوو، دواى ئەوەش چەند بەرێوەبەر و پارێزگارێكى بانكى ناوەندى  وڵاتەكەى گۆڕى.

سەبارەت بە هەناردەى كاڵاى توركى بۆ وڵاتانى دەرەوە، ئەردۆغان رايگەياند، "ساڵى (2021) هەناردەمان گەيشتە بايى (221) مليار دۆلار، بڕى هاوردەشمان (21) مليار و (468) مليۆن دۆلار بوو."

دابەزينى بەهاى ليرە تا ماوەيەك بەردەوام بوو، بەڵام لە كۆتايى ساڵى رابردوو بەهاى دراو هەندێك جێگير بوو،  دواى ئەو جێگير بوونە ئەردۆغان رايگەياند، "يەدەگى دراوى بيانى وڵاتەكەمان (115) مليار دۆلارە سندوقى دراوى نێودەوڵەتى هيچ قەرزێكى توركياى لا نييە."

داواكردنى هەڵبژاردنى پێشوەختە

ئەو دۆخە ئابوورييە قورسە رەنگدانەوەى لەسەر رێڕەوى سياسى توركيا هەبوو، هەموو پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان كۆبوونەوە بۆ ئەوەى سياسەتە ئابوورييەكانى ئەردۆغان ڕەت بكەنەوە، سەرەتا فشاريان كرد بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بكرێت و چاوەڕوانى مانگى حوزەيرانى (2023) نەكەن، بەڵام سەرۆكى توركيا لە چەند بۆنەيەكى جياواز جەختى لەسەر ئەوە كردەوە "هەڵبژاردنى پێشوەختە ناكرێت."

بەگشتى شارەكانى توركيا لە ساڵى رابردوو وەك دۆخى پێش هەڵبژاردن وابوو، هەوڵەكان چڕببۆوە بۆ دروستكردنى هاوپەيمانى و دياريكردنى كانديدى سەرۆكايەتى، چونكە ئۆپۆزيسيۆن لەو بڕوايە دابوو هەڵبژاردن لە سەرەتاى ئەمساڵ بەرێوە دەچێت.

ناڕەزاييە ناوخۆييەكان

يەكێك لە كێشە ناوخۆييەكانى ئەو وڵاتە، لە مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو توركيا بڕيارى دا لە رێككەوتنى نێودەوڵەتى ئيستەنبوڵ لەسەر پرسى رێگرى لە توندوتيژى دژ بە ئافرەت بچێتە دەرەوە، كە لە (2011) واژۆى لەسەر كردبوو، كە بەو رێككەوتنە پابەند دەبێت، پاساوى كشانەوەى لەو رێككەوتنە ئەوە بوو، كە برەو بە هاورەگەزخوازى دەدات، كشانەوەشى نابێتە كەمتەرخەمى ياسايى بۆ رێگرى لە توندوتيژى دژ بە ئافرەتان، ئەو بڕيارەى توركيا كاردانەوەى زۆرى لەناوخۆى توركيا لێ دروستبوو.

يەكێكى تر لەو رووداوانەى بووە ئاڵۆزى ناوخۆيى لە مانگى كانوونى دووەمى ساڵى رابردوو سەرۆكايەتى توركيا د.مەليح پۆڵۆى كردە سەرۆكى زانكۆى بوغاتچى، ئەوەش ناڕەزايى خوێندكارانى لێككەوتەوە، ماوەيەك خوێندكاران لەناو حەرمى زانكۆ بەردەوام بوون لە خۆپيشاندان.

ديپلۆماسيەتى توركيا

لەسەرەتاى ساڵى رابردوو سەرۆكایەتى توركیا رایگەیاند، "سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەكەى دادەڕێژێتەوە، لە قۆناغى بەریەكەوتن و رووبەڕووبوونەوەى سەربازى دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتى (سفركردنەوەى كێشەكان) و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەکان."

هەر زوو توركيا دەستى بەهەوڵەكانى كرد، سەرەتا دەستى کرد بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ لەگەڵ ئيمارات، محەمەد بن زايد لە كۆتايى ساڵى رابردوو سەردانى توركياى كرد، (10) رێككەوتنى لە بوارى جۆراوجۆ لەگەڵ واژۆكرد، ئەبوو زەبى بڕيارى دا بە بڕى (10) مليار دۆلار وەبەرهێنان لە توركيا بكات.

 هەر لە ساڵى رابردوو ئەنقەرە دەستى بە ئاسايكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ميسر و سعووديە و ئيسرائيل كرد، پەيوەندييەكانى لەگەڵ بەحرێنيش دەستپێكردەوە، چاوەڕوان دەكرێت بەرپرسانى بەحرێن سەردانى ئەنقەرە بكەن و گفتوگۆ لەسەر بەهێزكردنى پەيوەندييەكانى نێوانيان بكەن.

يەكێكى تر لەو رووداوە ديپلۆماسيانەى توركيا، دياريكردنى شاندى يەريڤان و ئەنقەرە بوو، كە لە ماوەى داهاتوو لە مۆسكۆ كۆدەبنەوە.

ئەو هەوڵانە دەريخست توركيا گۆڕانكارى لە سياسەتى دەرەوى كردووە، دواى ململانێيەكى زۆر لە مانگى كانوونى دووەمى (2021) توركيا بڕياريدا ناكۆكييەكانى لەگەڵ يۆنان لە رێگەى گفتوگۆ چارەسەر بكات، كە ئەو قەيرانە بۆشايەكى گەورەى لە نێوان ئەو دوو وڵاتەى ئەندامى ناتۆ دروست كردبوو، هەرچەندە لە راگەياندنەكان لێدوانى دژ بەيەك بەردەوام بوو، بەڵام ئەو هەنگاوەش گرنگى خۆى هەبوو، لە مانگى ئايار مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا سەردانى ئەسيناى كردى، لەگەڵ رەوەندى مسوڵمانى رۆژهەڵاتى يۆنان كۆبوونەوە، كە كەمينەيەكن هەندێك جار رووبەڕووى كێشە دەبنەوە.

لە مانگى حوزەيران ئەردۆغان لەگەڵ كيرياكۆس ميتستۆتاكيس، سەرۆك وەزيرانى يۆنان لە پەراوێزى لووتكەى ناتۆ لە بڕۆكسلى پايتەختى بەلجيكا  بۆماوەى كاتژمێرێك كۆبوونەوە، گفتوگۆيان لەسەر هەماهەنگى نێوانيان لە چەند بوارێك كرد، كاتێكيش لە مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو دارستەكانى توركيا و يۆنان گڕيان گرت هەردوولا بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئاگرەكان هاوكارى يەكتريان كرد.

سەرەڕاى ئەو هەوڵانەش تا ئێستا دەرگاى پرسيار و چاوەڕوانييەكان بەڕووى هەوڵەكانى ئابوورى و ئاڕاستەى سياسەتى دەرەوەى ئەو توركيا بۆ ئەمساڵ كراوەيە، بەڵام پرسيارى سەرەكى ئەوەيە، كە پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەكەن، ئايا ئەو هەڵبژاردنە دەكرێت ياخود لە مانگى حوزەيرانى ساڵى (2023) هەڵبژاردنەكان بەڕێوە دەچێت؟

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین