ئێران هه‌وڵ ده‌دات سنوورێك بۆ زیانه‌كانى له‌ عێراق دابنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى چاودێرانى سیاسى، ئێران كه‌وتووه‌ته‌ خۆ بۆئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ لێكه‌وته‌ى ئه‌و زیانانه‌ دابنێت كه‌ له‌ ئه‌نجامى دۆڕانى هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ری كه‌وتوون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ى كانوونى یه‌كه‌م، ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات ئێران هه‌وڵ ده‌دات سنوورێك بۆ ئه‌و زیانانه‌ دابنێت كه‌ به‌ر هه‌ژموونه‌كه‌ى له‌ عێراق ده‌كه‌ون.

له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌م كورسییان به‌ده‌ست هێنا، به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنى 2018 ، ئه‌مه‌یش وا له‌ چاودێرانى سیاسى ده‌كات بڵێن له‌ دوایین هه‌ڵبژاردن ئێران دۆڕاوى یه‌كه‌م بێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئێران ئێستا كار له‌سه‌ر چه‌ندان خاڵ ده‌كات، له‌وانه‌ نایه‌وێ دووبه‌ره‌كى نێوان لایه‌نه‌كانى شیعه‌ تووند بێت، جیا له‌وه‌یش سه‌ركرده‌ى نوێى شیعه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، خۆیشى له‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌كاته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى سوننه‌كان.

ئیحسان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ عێراق له‌ راپۆرته‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، له‌ راپه‌ڕینى ئۆكتۆبه‌رى 2019 وه‌ هه‌ژموونى ئێران له‌ عێراق كه‌وتووه‌ته‌ ژێر مه‌ترسى، بۆیه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر ئێران هه‌وڵ ده‌دات سنوورێك بۆ ئه‌وه‌ دابنێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێرانه‌ ته‌نیا 17 كورسى هێنا، له‌ به‌رانبه‌ردا ره‌وتى سه‌در 73 كورسى هێناوه‌. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین