ئێران نێو ماڵى شيعەى عێراق رێكدەخاتەوە ئێران

نوچەنێت:

ئێران ڕاستەوخۆ هەوڵەكانى دەستپێكردووە بۆ راگراتنى ئاڵۆزييەكانى ناو ماڵى شيعەى عێراق، كە گرووپەكانى سەربەخۆ هۆكارى سەرەكى ئەو ئاڵۆزييانەن، چونكە ئەوە وادەكات هەژموونى خۆى لەو وڵاتە لاوازبێت، بۆيە هەوڵدەدات لايەنە ناكۆكەكان لێك نزيك بكاتەوە. 

هەڵبژاردنە پێشوەختەكەى مانگى تشرينى يەكەمى ئەمساڵ، دۆخى ململانێى باڵى سياسى گرووپە چەكدارەكانى نزيك لە ئێرانى دەرخست، ئەوەش وايكردووە تاران ترسى هەبێت قورسايى سياسى خۆى لەو ناوچەيە لەدەست بدات، بۆيە دواى هەڵبژاردنەكان دەستى بە هەوڵەكانى كرد بۆ ئەوەى سنوورێك بۆ كێشەكانى ناوخۆى عێراق دابنێت.

لە مانگى رابردوو دواى ئەوەى هێرشكرايە سەر ماڵى مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێراق، چەند بەرپرسێكى عێراق بەرپرسيارێتى ئەو هێرشەيان خستە ئەستۆى ئەو گروپانەى ئێران پاڵپشتيان دەكات، دواى ئەو هێرشە شاندێكى باڵاى ئێران بە سەرۆكايەتى ئيسماعيل قائانى بەرپرسى فەيلەقى قودس بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى هێزە شيعەكان گەيشتە عێراق.

چەند سەرچاوەيەكى عێراقى رايانگەياند، "قائانى زۆر بە پەشۆكاوى هاتە عێراق و لەگەڵ ژمارەيەك فەرماندەى گرووپە چەكدارەكانى نزيك لەخۆيان كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكانى پەيامى ئەوەى پێدان پێويستە ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى (10)ى تشرينى يەكەم قبووڵ بكەن."

لە كۆبوونەوەكان بەرپرسى فەيلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران بە دوو  بەرپرسى گرووپە چەكدارەكانى گوتووە، "ئەو سياسەتە چەوتانەى ئێوە هەڕەشە لە دەسەڵاتى شيعەى فەڕمانڕەوا لە عێراق دەكات، كە ئێران لە رێگەى ئەو دەسەڵاتە  هەژموونى خۆى سەپاندووە."

هەر لە كۆبوونەوەكان ئيسماعيل قائانى هێرشى توندى كردۆتە سەر دوو بەرپرسى گرووپە چەكدارەكان، مامەڵەكانيان لەگەڵ لێككەوتەكانى ئەو هەڵبژاردنە بە خراپ ناوبردووە.

بەرپرسێكى گرووپە چەكدارەكان بە رۆيتەرزى راگەياندووە، "قائانى داواى لە خەزعەلى و عامرى كردووە كۆنتڕۆڵى هێزەكانيان بكەن، بەڵام ئەو دوو بەرپرسە وەڵامى ئەو داواكارييەكانيان نەدايتەوە، بۆيەش بەرپرسە ئێرانييەكان گوتوويانە دەتانەوێت شەڕى ناوخۆى شيعە  لە عێراق دروست بێت، ئەو مامەڵەیەى بەرپرسانى گرووپە چەكدارەكان شاندە ئێرانييەكەى زۆر تووڕە كردووە."

قائانى بەراورد بە قاسم سولەيمانى، زياتر هەوڵدەدات بۆ كۆنتڕۆڵكردنى گرووپەكانى نزيك لەخۆيان، هۆكارەكەشى ئەوەيە كەسايەتى ئيسماعيل قائانى كە وەك سولەيمانى زمانى عەرەبى بە باشى نازانێت، ئەو كاريزماييەى ئەويشى تێدا نييە، ئەوەش وايكردووە گرووپە شيعەكانى نزيك لە تاران زياتر سەربەخۆ بن لە بڕيارەكانيان و نەگەڕێنەوە بۆ فەرماندەكانى سوپاى پاسداران، بەرپرسانى عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "ئەو گرووپانەى ئێران مەشقى پێكردن و چەكى پێداون، ئێستا ئامادەگييەكى بەهێزيان لە ناو عێراق هەيە، هەندێك بەرپرسى ميليشياكان مامەڵەكانيان بە جۆرێكە دەيانەوێت زياتر سەربەخۆ بن و لە ئێران دوور بكەونەوە".

هەرچەندە ئێران كاريگەرييەكانى لاواز بووە، بەڵام هێشتا هەژموونى بەسەر هێزە شيعەكان هەيە، كاتێك موقتەدا سەدر رايگەياند، "بەشدارى هەڵبژاردنەكانى عێراق ناكەين"، مەحمود عەلەوى وەزيرى هەواڵگرى ئێران و حوسێن تەيب فەرماندە لە سوپاى پاسداران لەگەڵ سەدر كۆبوونەوە بۆ ئەوى لەو بڕيارەى پاشگەزبێتەوە و بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات، دواى ئەو هەوڵانە موقەدا سەدر داواى راوێژى لە عەلى سيستانى كرد، پاشان بڕيارى دا لە پێناو پاراستنى باودۆخەكە بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات، بەوەش نێوەندگيرييەكى ئێران سەرى گرت.

ئەو ئاڵۆزييانەى ناو ماڵى شيعە ئێرانى نيگەران كردووە، چونكە لايەك سەرقاڵى دانوستاندنە ناڕاستەوخۆكانى دۆسيەى ئەتۆمييە لەگەڵ ئەمريكا، لايەكى تريش خەريكى رێكخستنەوەى ناو ماڵى شيعەيە، ئەوەش وايكردووە كاتێكى زۆريان لێ بڕوات، تا ئێستاش نەگەيشتوون بە ئەنجامێكى روون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین