نێچیرڤان بارزانى: پێويستە ئەمڕۆ بەر لە سبەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی بكەین، نابێ چاوەڕێی ململانێ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بكەین کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمى (شەهیدى نیشتمان)، بە بۆنەى (18)ـمین ساڵیادى شەهیدکردنى محەممەد باقر حەکیم، وتارێکى پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: "ئێمە دەبێ جارێكی دیكە بە راشكاوانە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین. بنچینەی گفتوگۆكانیشمان دەبێ ئەوەبێت، كێشەی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی عێراق نابێتە مایەی سەركەوتن بۆ پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق."

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەو رێوڕەسمەدا، کە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و هاوپەیمانیی عێراقیون ئامادەی بوو، گووتیشى: "كێشەی سەرەكی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق دا لە بەڕێوەبردنی عێراق دا، لەبەرئەوەش عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە."

 

 

دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

برای خۆشەویستم سەید عەممار حەكیم 

میوانە بەڕێزەكان..

 

بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر. بەشانازییەوە ئەمڕۆ یادكردنەوەی شەهیدانی عێراق و كوردستان ئێمەی لێرەدا پێكەوە كۆكردووەتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە یادی 18 ساڵەی شەهیدی میحراب، ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم، قدس سرە.

 

سەری رێز بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و عێراق دادەنەوێنین، سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان و عێراق. شەهیدان و بنەماڵەكانیان هەمیشە جێگەی رێز و پێزانینن. 

 

بەڕێزان..

 

زۆر ئاساییە ئەمڕۆ بۆنەیەكی بنەماڵەی خەباتگێڕ و ئایینی ئال حەكیم لێرەدا هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە، چونكە گەورەكانی ئەو بنەماڵەیە هەمیشە هەوڵیانداوە هەموو مەزهەبەكان لە یەك نزیكبكەنەوە و هاوبەشی و هاوخەباتی لەنێوان گەلی عێراق و گەلی كوردستان دا دروستبكەن. زۆریش گرنگە لەو رۆژەدا دەست بە بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانمان بكەینەوە، چونكە هەمیشە ئەوە ویست و كاری شەهیدی میحراب بووە. 

ئەمڕۆش عێراقییەکان بە شیعە، کورد، سوننە و پێکهاتەکانی دیکەوە زیاتر لە هەموو کات داوای هاوبەشی و پێکەوە کارکردن لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن لەپێناو دروستکردنی ئارامی و ئاوەدانی لە عێراق دا، هەر ئەوەش رێبازی شەهیدی میحراب و سەرکردە مێژووییەکانمان بووە.

شەهیدی میحراب و موجاهیدی گەورەی عێراق سەید محەممەد باقر حەكیم، یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق دژی رژێمە دیكتاتۆرییەكانی عێراق، یەكێكبوو لە زاناكانی عێراق لە بواری شەریعەت و فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری دا، لەبەرئەوەش روانگەیەكی زۆر روونی هەبوو بۆ چارەسەری كێشەکان و ئایندەی عێراق. هەر لەبەرئەوەش باوەڕی بە لێك نزیككردنەوەی مەزهەبەكان هەبوو لە عێراق و بە كردەوە كاری بۆ ئەو ئامانجە دەكرد، هەروەها باوەڕی بەوەبوو كە دەبێ رێبازی راستەقینەی باوكی خۆی بەرنەدات كە ئەویش بریتیبوو لە خەباتكردن بۆ نەهێشتنی دیكتاتۆری و هاوخەباتی لەگەڵ گەلی كوردستان دا. رۆڵی شەهید ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم، لە كۆنگرەی پشتیوانیكردنی گەلی عێراق لە ساڵی 1986 لە تاران، بریتیبوو لە پشتیوانیكردنێكی راستەقینەی مافەكانی گەلی كوردستان و، ئەوكات لێكتێگەیشتن و هاوئاهەنگییەكی زۆر لەنێوان خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و شەهیدی میحراب دا هەبوو سەبارەت بە بڕیارەكانی كۆنگرەكە، ئەو هاوئاهەنگییە دواتریش هەر بەردەوام بوو. راستگۆیی ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم لە پشتیوانیکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە زۆر جێگەی رێز و پێزانین بوو. هەر ئەوەش زەمینەیەکی بەهێزی دروستکرد کە سەرۆك مەسعود بارزانی و ایە الله العظمی محمد باقر حەكیم کۆبوونەوەی زۆر و بەردەوام بکەن بۆ دانانی بنەماکانی سیستەمی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و فیدرالی و، لە کۆنگرەی لەندەن دا لەساڵی 2002 دا بڕیار لەسەر سیستەمێک درا بەپێی ئەو بنەمایانە بۆ ئایندەی عێراق، کە بریتیبوو لە عێراقی دیموکراسی و فیدرالی کە هەموو پێکهاتەکان شەریکبن لە بەڕێوەبردنیدا. هەر لێرەدا دەبێ رۆڵی تێكۆشەری گەورەی عێراق خواڵیخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەكیم بە بیر بێنینەوە، كە لە هەموو كۆنگرەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و لەکاتی ئەنجوومەنی حوکم دا و بەدرێژایی ژیانی خۆی پشتیوانێكی بەوەفای مافەكانی گەلی كوردستان بوو. 

بێگومان ئەمڕۆش هەر ئەوە لە برای خۆشەویستم سەید عەممار حەكیم و هەموو برایانمان لە بنەماڵەی ئال حەكیم و بەیتی شیعی چاوەڕێدەكەین، چونكە ئەو هاوبەشی و هاوخەباتییە بنچینەیەكی مێژوویی پتەوی هەیە. پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزان و شۆڕشی كوردستان لەگەڵ بنەماڵەی حەكیم و بەیتی شیعی و بزووتنەوە سیاسییەكەیدا، پەیوەندییەكی دامەزراوە لەسەر باوەڕ بە رەوایی داوا رەواكانی هەردوولا. لە ئەنجامی پەیوەندی خواڵیخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئایتوڵڵا ئیمام سەید موحسین حەكیم، خۆشەویستییەكی زۆر لەنێوان گەلی كوردستان و لایەنگران و شوێنكەوتووانی ئەهل بەیت دا دروستبوو، ئەوەبوو لە ئەنجامی نامە بەردەوامەكانی بارزانی نەمر و روونكردنەوەی بارودۆخی گەلی كوردستان و رەوایی شۆڕشی كوردستان بۆ بەڕێزیان، ئیمام سەید موحسین حەكیم لەساڵی 1965 دا فەتوایەكی دەركرد بە حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد لەكاتی شۆڕشی ئەیلوول دا. هەروەها شەهیدی گەورەی عێراق ایە الله العظمی محەممەد باقر سەدر لە ساڵی 1974دا هەمان فەتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی دووبارە كردەوە. بەهەمانشێوە ایە الله العظمی سەید عەلی سیستانی لەكاتی نووسینەوەی دەستووردا بەهیچ شێوەیەك دژایەتی فیدرالی نەكرد، بەڵكو پشتیوانی لەو داڕشتنە كرد كە لەبارەی مافەكانی گەلی كوردستانەوە لە دەستووردا نووسرا. 

ئەو هەڵوێستە مێژووییانە، متمانە و خۆشەویستییەكی یەكجار زۆر گەورەی لەنێوان كورد و شیعە دروستكرد لە هەموو بوارەكاندا، هەروەها هاوخەباتییەكی راستەقینەی لەنێوان هەردوولادا دروستكرد كە ئەنجامەكەی رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری بوو لە عێراق، كە ئەوەش گەورەترین دەستكەوت بوو بۆ گەلی عێراق و كوردستان. ئەو هاوخەباتییە جارێكی دیكە لە شەڕی داعش دا دووبارە بووەوەو، ئەنجامەكەی تێكشكاندنی داعش بوو. 

بەڵام دوای شەڕی داعش بارودۆخێكی نەخوازراو دروستبووە، واقعی پەیوەندییەكانی نێوانمان بەدڵی ئێمە نییە، بێگومانین كە بە دڵی زۆر لە برایانمان لە لایەنەكانی شیعەش نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە رۆژگاری سەختی هاوخەباتی لە دژی رژێمی سەدام ژیاون، یاخود ئەوانەی ئاگاداری ئەو رۆژگارەن. خوێنی ئێمە لە شەڕی دیكتاتۆریەت و داعش دا تێكەڵی یەكتر بوو لەپێناو یەك ئامانج دا، ئەمڕۆش لە یادی رێزگرتن لە شەهیدەكانماندا دەبێ بە بەهێزكردنەوەی لێتێگەیشتن و پێکەوەکارکردنی نێوانمان وەفاداری بنوێنین بۆ مێژووی برایەتی و هاوخەباتی نێوان هەردوولامان و، هاوبەشییەکەمان دروستبکەینەوە. ئێمە ئامادەین، لەوباوەڕەدام دڵسۆزیی سەید عەممار حەكیم بۆ پەیوەندی مێژووییمان و هاوخەباتیمان، هەروەها دڵسۆزی سەركردەكانی دیكەی شیعە بۆ ئەو رابردووە و، موبارەكەی بەردەوامی مەرجەعیەت بۆ پێكەوەبوون و برایەتی نێوان شیعە و كورد، زەمینەیەكی زۆرباشە بۆ بەهێزكردنەوەی ئەو پەیوەندییە.

بێگومان دەبێت ئەو هاوبەشییە بە بەشداری برا سوننەکانیشمان بێت، چونکە هەموو هاوبەشییەکی نێوانمان بەبێ بەشداریی عەرەبی سوننە ناتەواو دەبێت.

 

ئامادەبووانی بەڕێز ...

 

ئێمە دەبێ جارێكی دیكە بە راشكاوانە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین. بنچینەی گفتوگۆكانیشمان دەبێ ئەوەبێت، كێشەی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی عێراق نابێتە مایەی سەركەوتن بۆ پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق، بەڵكو لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ هەموو پێكهاتەكانی عێراق. بەهەمانشێوە پێشكەوتنی هەر ناوچە و پارێزگایەكی عێراق دەبێتە مایەی خێر و پێشكەوتن بۆ هەموو عێراقییەكان. 

كێشەی سەرەكی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق دا لە بەڕێوەبردنی عێراق دا، لەبەرئەوەش عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە. هەردوو پێكهاتەی عەرەبیی عێراقش لە سوننە و شیعە، دەزانن هیچ یەكێكیان بەتەنیا و هەردووكیشیان بەبێ كورد ناتوانن هاوسەنگی دروست بكەن، لەبەرئەوەش هاوبەشی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی عێراق دا تاكە رێگەیە بۆ بەڕێوەبردنێكی سەركەوتووانەی عێراق. هەر ئەوەش تاكە رێگەیە بۆ حوكمێكی مەدەنی خزمەتگوزار كە هاووڵاتیانی عێراق دڵخۆش بكات. 

نابێ هیچ پێكهاتەیەكی عێراق چاوەڕێی لەناوچوونی پێكهاتەیەكی دیكە بكات، چونكە ئەوە چاوەڕوانییەكی بێهودەیە. لە رابردوودا ئەو چاوەڕوانییە بەدینەهاتووە و لە داهاتووش دا بەدینایێت. ئەو ناكۆكییەی ئێستا دروستبووە، بەهیچ شێوەیەك لە چاوەڕوانی دامەزرێنەرە گەورەكانی بزووتنەوەی ئازادی و سیاسی ئێمە دا نەبووە، ئێستاش بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی گەلی عێراق دا نییە. 

سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان دەبێ مایەی دڵخۆشی بێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە ئێمە بەشێكین لە عێراق. ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەشێكی عێراقە و بۆ هەموو عێراقییەكانە. هەروەك چۆن پێشكەوتن و ئاوەدانی نەجەف و كەربەلا و بەسرە و ئەنبار و تكریت پێشكەوتنە بۆ هەرێمی كوردستان. خەڵكی كوردستان ئاواتیان ئەوەیە هەموو عێراق سەقامگیر و پێشكەوتووبێت، چونكە ئەوە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەموومان، دەبێتە هۆی زۆربوونی هەلی كار و پێشكەوتنی ئابووری و پێشكەوتنی زانستیی لە هەموو عێراق دا. 

خوای گەورە سامانێكی زۆری سەر زەوی و ژێر زەوی بە عێراق بەخشیوە، تواناكانی خەڵكی عێراق لە هەموو جیهاندا شایەتیان بۆ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ناكۆكی سیاسی و رەچاونەكردنی هاوبەشییەكی یەكسانی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە بڕیار و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق دا وایكردووە گەلی عێراق لە ناخۆشی و كەم خزمەتگوزاریدا بژیت. 

دەبێ دوای ئەو هەموو مێژووە درێژە لە كێشەكانی عێراق، دوای ناڕەزاییەكانی خەڵك، پێویستە ئەمڕۆ بەر لە سبەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی بكەین، بۆ بەڕێوەبردنێكی ژیرانەی عێراق بە بەشداری هەموو پێكهاتەكان. نابێ چاوەڕێی ململانێ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بكەین، چونكە گەلی عێراق گەلێكی هۆشیارە و هیچ یاری و هەڵمەتێكی هەڵبژاردن ناتوانێت وای لێبكات چاوی واقیعی عێراق نەبینێت. ئەوەی رۆژێك زووتر دەست بە چاككردنی رێڕەوی سیاسی حوكم و بڕیاری سیاسی و ئیداری عێراق بكات، گەلی عێراق پشتیوانی دەكات. ئەوەی رۆژێك زووتر هەنگاوبنێت بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، گەلی عێراق زیاتر پشتیوانی دەكات.

ئێمە ئەمڕۆ ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی راشکاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین. سەركەوتنی ئێمە بە هاوبەشی و پێكەوە دەبێت، بەلاوەنان و پەراوێزخستن، عێراقی لە رابردوودا وێرانكرد، بێگومان ئەو رێبازە داهاتووشمان وێران دەكات. بۆیە دەبێ ئەمڕۆ دەستپێبكەین و هیچی دیكە چاوەڕێ نەكەین، چونكە نازانین ئەوانەی چاوەڕێ دەكەن، چاوەڕێی چی دەكەن.

هێرشی داعش و بەهێزبوونی داعش و داگیركردن و وێرانكردنی بەشێكی زۆری عێراق لەلایەن داعشەوە بەهۆی نەمانی هاوبەشی و تەوافوق بوو لە عێراق دا. سەرۆك مەسعود بارزانی چەندین جار هاواری كرد و هۆشداری دا كە تاكڕەوی و تێكدانی تەوافوق عێراق بەرەو وێرانبوون دەبات، بەڵام بەداخەوە گوێی لێنەگیرا و دواتریش کارەسات روویدا. لە ئەنجامدا ئێستا دەبینین بەشێكی زۆری عێراق بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە وێرانبووە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەزاران شەهیدیان دا، 1810 پێشمەرگە بۆ راگرتن و تێكشكاندنی داعش شەهیدبوون، خوشك و برا ئێزدییەكانمان كۆمەڵكوژ كران و تاوەکو ئێستاش 2768 ئێزدی بێسەروشوێنن. 

ئێستاش بۆ ئەوەی زەمینەی تووندڕەوی لە عێراق دا نەمینێت، بۆ ئەوەی عێراق تووشی داگیركاری وەك داعش نەبێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی داواكانی خەڵك بدەینەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق و، دەبێ هەموو ناوچەكان مافی بەڕێوەبردنی خۆیان هەبێت، دەبێ تەوافوق و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی عێراق دا دروستبكەینەوە. 

بەهیوای عێراقێکی پێشکەوتوو، دووبارە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدی میحراب ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم و هەموو شەهیدانی كوردستان و عێراق. 

 

هەولێر 

21-2-2021

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین