مووچەى خانەنیشینانى هێزەکانى ناوخۆ زیاد دەکرێت کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

پڕۆژەیاساى خانەنیشیکردنى هێزەکانى ناوخۆ کەوا بڕیارە لەم ماوەیە ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێت "بەپێى پڕۆژەیاسا نوێیەکە، کەمترین مووچەى کارمەندانى خانەنیشینکراو (400) هەزار بە سەرەوە دەبێت."

ئەمڕۆ (دووشەممە 12کانوونی یەکەمی2021) باڵانبۆ محەمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش ئەنجومەنی خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوچەنێت راگەیاند، " ئێمە لەسەرەتاوە وەکو فراکسیۆنی سەوز پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، و لەگەڵ حکومەت قسەکرا بۆ ئەوەی کە خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چارەسەر بکرێت".

باڵانبۆ محەمەد بۆ نوچەنێت گوتیشی، "پڕۆژەکە هى حکوومەت بێت یان پەرلمان، گرنگ ئەوەیە چارەسەری ئەم چین و توێژە بکریت،  ئێمە چەند جارێک قسەمان لەگەڵ کردوون ئەوان دەڵێن پرۆژەکەمان ئامادەیە، دوو مانگ لەمەوبەر گوتیان ناردومانەتە ئەنجومەنی شورا ئەنجومەنی شوراش هیچ کێشەیەکی نییە لەسەری، تا ئێستا حکومەت نەیناردۆتە پەرلەمان، چەند جارێکیش داوامان کردووە کە بینێرێتە پەرلەمان."

لەلایەکی تریشەوە سەعید هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، "پڕۆژەکە هیچ پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، ئەو  پڕۆژە یاسایانەی کە پەیوەندییان بە حکومەتەوە هەیە، خودی وەزارەتی پەیوەندیدار رەش نووسێک دەنوسێت و دەیداتە ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاراستەی لیژنەی شورای دەکات، کە لیژنەی شورا واژووی لەسەر کرد هەمووشتێکی لەرووی یاساییەوە رێکخست ئینجا دەنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".

دەربارەی ناوەرۆکی پڕۆژە یاساکە سەعید هەرکی دەشڵێت، "ناوەڕۆکەکە لای ئێمە دیار نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی هێزەکانی ناوخۆیە".

لە بەشێکی تری قسەکانیشیدا دەربارەی کەمترین موچەی خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ روونیکردەەوە، "لە ڕاستیدا  بە تەواوى دیار نییە، بەڵام بە مەزندەی ئێمە لە چوارسەد هەزار دینار بەسەرەوەیە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین