قوباد تاڵەبانی: پێویستە 349رۆژ بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە کوردستانی

نوچەنێت

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: پێویستە 349رۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەرخان بکرێت و 16 رۆژ پشومانبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە( 28/تشرینی دووەم/2021 ) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسی یەکسانی جێندەری و ستراتیژی هێزی ژنان وتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی: ئەو راسپاردانەی لە کۆنفرانسەکان رادەگەیەندرێن تەنیا قسەیە و نابن بە کردار.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی یەکسانی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان، لە بەشێک لە قسەکانیدا لەبارەی پرسی جێندەر و تووندوتیژی دژی ژنان و گێچەڵی سێکسی لە دامودەزگا فەرمی و نافەرمییەکان و کێشەکانی دیکەی بەردەم خانمان دەڵێت: ئێمە لە قسەکردندا عەیبمان نییە. بە جوانی کێشەکان دیاریدەکەین. جوانترین چارەسەریان دەدۆزینەوە، بەڵام بە کردار رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆ نابیندرێت. سەرلەنوێ و بۆ ساڵێکی دیکە هەمان قسەکانی پێشووتر دووبارە دەکەینەوە.

قوباد تاڵەبانی، سەبارەت بە هەڵمەتی هەفتەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان رەخنەدەگرێت و دەڵێت: چەندین ساڵە لە دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکرێت وانەی جێندەرناسی بەگشتی و مافەکانی ژنان بەتایبەت بکرێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن، هەر لە سەرەتاییەوە تاوەکو دەگاتە ئامادەیی، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت زیاتر گرنگی بە سەنتەرەکانی جێندەرناسی زانکۆکان بدات و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی زیاتر بکەن. داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری دەکرێت ئاگاداری بەرنامە و دراما تەلەڤیزیۆنییەکان بن کە ژنان وەکو کاڵا بەکاردەهێنن و رێگەیان پێنەدەن. داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت بەشی جێندەرناسی لە بنکەکانی دەزگا ئەمنییەکان بکاتەوە، بەتایبەت پۆلیس و راهێنان بە کارمەندەکانی بکات لەسەر چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ژناندا. داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و دادگەکانی کوردستان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکرێت نەبنە هۆکاری سستیی بەڕێوەچوونی کەیسەکانی تایبەت بە تووندوتیژی دژی ژنان و گۆڕانکاریی ریشەیی لە رێکارە یاساییەکاندا بکرێت. داوا لە پەرلەمانی بەڕێز دەکرێت یاسا کۆنەکان، تەنانەت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان هەموار بکرێتەوە. ئەو داواکارییانە داواکاریی ساڵانەیە و هەموومان، بە منیشەوە، هەمیشە دووبارەیان دەکەینەوە، بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە کە چەند لەو داواکارییانەمان جێبەجێ کردوون؟ من شتێکی وا نابینم. سەلمێنەری قسەکانیشم ئەوەتا ئەمساڵیش هەمان قسە کراوە و هەمان راسپاردەش دەکرێنەوە.

لە وتەکەیدا قوباد تاڵەبانی، داوایەکی پێشکەشکرد و گوتی: داوا دەکەم لە ساڵی داهاتوودا لەبری ئەوەی 16 رۆژ هەڵمەتمان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی، با 349 رۆژ هەڵمەتمان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندتیژی و 16 رۆژ پشوومان هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین