ماڵپه‌ڕێكى به‌ریتانى : سه‌در ده‌توانێ پایته‌خت له‌ جووڵه‌ بخات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى میدڵ ئیست ئاى راپۆرتێكى له‌سه‌ر سیاسه‌تى داهاتووى موقته‌دا سه‌در بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌در له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ سووره‌، ده‌شڵێ، "به‌هۆى لایه‌نگرانى سه‌در ده‌توانێ پایته‌خت له‌ جووڵه‌ بخات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى راپۆرتێكى ماڵپه‌ڕى میدڵ ئیست ئاى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باس له‌ سیاسه‌تى داهاتووى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ پشتى به‌ شڕۆڤه‌كارییه‌كانى دوو كه‌سایه‌تى دیپلۆماتكارى رۆژئاوایى به‌ستووه‌، ئه‌وانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر حكومه‌تى داهاتوو وه‌ك حكومه‌ته‌كانى رابردوو ته‌وافووقى بێت ئه‌وا به‌ خواستى خۆپیشانده‌رانى تشرین نابێت، چونكه‌ هه‌مان ئه‌نجامى رابردوو له‌ به‌شبه‌شێنه‌ى سیاسى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

بۆیه‌ پرسیارى گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌در حكومه‌تى ته‌وافووقى پێكده‌هێنێ، یاخود حكومه‌تى زۆرینه‌؟ به‌ر له‌وه‌ى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ بدرێته‌وه‌، ده‌گوترێ "سه‌در به‌ پاڵپشتى لایه‌نگرانى ئه‌و هێزه‌ى هه‌یه‌، كه‌ پایته‌خت له‌ جووڵه‌ بخات، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ. ئه‌مه‌یش كارتێكه‌ زۆر كه‌م سیاسه‌تمه‌دارانى عێراق ده‌توانن یارى پێبكه‌ن".

دواتریش ده‌ڵێ، "سه‌رچاوه‌كان له‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، سه‌در به‌ نیازه‌ له‌ به‌رانبه‌ر زۆربه‌ى ناڕه‌زاییه‌كانى شیعه‌ خۆى سه‌رپشك بكات و به‌ره‌و هاوپه‌یمانییه‌ك بچێت له‌گه‌ڵ حه‌لبووسى و خه‌نجه‌ر و پارتى دیموكراتى كوردستان".

ره‌وتى سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق 74 كورسى هێناوه‌، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور و یاساكانى عێراق مافى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌یه‌. ئه‌و ره‌وته‌ دووپات له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى ده‌كاته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین