پلاسخارت به‌ڵێنێك به‌ خه‌زعه‌لى ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر پلاسخارت به‌ هۆى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، كه‌چى ئه‌مڕۆ قه‌یس خه‌زعه‌لى ئه‌میندارى گشتى میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق پێشوازى له‌ جنین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد و پلاسخارتیش به‌ڵێنى به‌رده‌وامبوونى هاوئاهه‌نگییه‌كانى به‌ خه‌زعه‌لى دا.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى تشرینى دووه‌م "نۆڤمێبه‌ر" قه‌یس خه‌زعه‌لى پێشوازى له‌ پلاسخارت كردووه‌، به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى نووسینگه‌ى خه‌زعه‌لى، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق كراوه‌، خه‌زعه‌لى هه‌ندێك به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر ساخته‌كارى به‌ پلاسخارت داوه‌، ئه‌ویش به‌ڵێنى داوه‌ له‌ هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام بێت و تاوتوێى به‌ڵگه‌كانیش بكات.

جگه‌ له‌مه‌یش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، پلاسخارت دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن بێلایه‌ن بن و رێگه‌ناده‌ن عێراق به‌ره‌و داخرانێكى سیاسى بچێت. تا ئێستا له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ى پلاسخارته‌وه‌، هیچ شتێك له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

پێشتر هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ عه‌سائیبیش به‌شێكه‌ له‌و هاوپه‌یمانییه‌، پلاسخارتیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقى كردووه‌، كه‌ گوایه‌ ساخته‌كارییه‌كى زۆرى تێدا كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین