ئه‌مریكا له‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ عێراق پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى پێیوایه‌ دواى هه‌وڵى تیرۆركردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى میلیشیاكان به‌ توندوتیژییه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا له‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پاشگه‌ز ببێته‌وه‌ و به‌ ناوێكى تر بمێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا پێشبینى ده‌كرێت، ئه‌مریكا له‌ دۆسیه‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ عێراق پاشگه‌زببێته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا دوو شاره‌زاى سه‌ربازى لێكدانه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌كه‌ كردووه‌، دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، واشنتن ستراتيژییه‌كى جیاوازى بۆ چه‌مكى ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌فغاستان جێبه‌جێى كردووه‌، چونكه‌ سه‌قامگیريى عێراق له‌ پێشینه‌ى كاره‌كانى ئه‌مریكایه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ دوو هۆكار هەیە بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌وڵى تیرۆركردنى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى میلیشیاكان له‌ په‌نتایى توندوتیژییدا، بۆیه‌ دووپات ده‌كرێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا هه‌وڵ بدات به‌ ناوێكى تر بمێنێته‌وه‌.

سكاى نیوز پێشبینى ئه‌وه‌یش ده‌كات له‌وانه‌یه‌ ئه‌و دوو هه‌زار و 100 سه‌ربازەى ئه‌مریكا كه‌ له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ نه‌كشێنه‌وه‌ به‌ڵكو ناونیشانه‌كانیان بگۆڕدرێن و جیا له‌وه‌یش هاوكارى ئه‌مریكا له‌ڕووى هه‌واڵگرى و به‌رگرى ئاسمانییه‌وه‌ به‌هێزتر ده‌بێت.

هاوینى رابردوو له‌ كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى بۆ ئه‌مریكا، سه‌رۆكى هه‌ر دوو وڵات  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن تا كۆتایى مانگى كانوونى یه‌كه‌م، هه‌موو هێزه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین