ناوخۆیی

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دوو پەرلەمانتارى خولى پێشوو لە لێدوانەكانیان بۆ نوچەنێت، دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەگەر هەوڵەكەى شەوى رابردوو بۆ تیرۆركردنى كازمى سەركەوتوو بووایە، ئەوا كۆدەتا بەسەر دەسەڵاتى عێراق دەكرا و زه‌بر لە دەستوور و یاساكانى دەدرا.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەكشەممە حەوتى تشرینى دووەم، "نۆڤێمبەر" بە فڕۆكەى بێ فڕۆكەوان هێرش كرایە سەر ماڵى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق. ئەو هەوڵە ناڕەزایى سیاسى لە دەرەوە و ناوخۆى عێراق بە دواى خۆى هێنا، چونكە وەك بەرپرسان و چاودێرانى سیاسى باسى دەكەن لەم كاتەدا تیرۆركردنى كازمى تەنیا "كوشتنى كەسێك نییە" بەڵكو زەبرێكە لە بەرژەوەندى وڵاتێك كە خۆى لە لێوارى ئاژاوەدایە.

سەلیم شوشكەیى ئەندامى لیژنەى یاسایى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێكى بۆ نوچەنێت گوتى، "هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر مستەفا کازمی جۆرێك بووە لە هەوڵدان بۆ كۆدەتای سەربازی و رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بەڵام ئەوە بوو کە سەرکەوتوو نەبوو. ئەگەرنا هەوڵێک بوو بۆ کۆدەتای سەبازی. ئەگەرهاتبووایه‌ سەری گرتبووایه‌ ئەوانەی لەپشت ئەو هێرشەن دەستیان بەسەر ناوچەی سەوز و ئەنجوومەنی وەزیران و دامه‌زراوه‌ى دەوڵەت دادەگرت. ئەوە یەکێ بوو لەو هەوڵانە کە بە ئاشکرا دیارە زیاتر دەستی گومان بۆ ئەوانە درێژ دەکرێت کە كۆى ئه‌نجامی هەڵبژاردنەکان رەت دەکەنەوە".

ئەگەر بارودۆخەکە بە ئەوەندەی ئێستا راوەستێ زۆر باشە

 

ئەو سیاسەتمەدار كوردە دووپاتیشى كردەوە تەنیا مەبەستەكە هەوڵى تیرۆركردنى كازمى نەبووە، بەڵكو گوتى، "ئەگەر هەوڵەکە سەرکەوتوو بووایە، ئەو هێزه‌ بەرەو ناوچەی سەوز دەرۆیشت دەستیان بەسەر دامەزراوه‌كانی دەوڵەت دادەگرت، دەوڵەت و حکومەتێکی لەناکاویان رادەگەیاند، لە سەرتاسەری عێراق دەستیان بەسەر تێکرایی وەزارەتەکان دادەگرت و ئەنجامی هەڵبژاردنیان بە تەواوی رەت دەکردەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە سەری نەگرت لامان وایە کازمی بێدەنگ نابێت بە روون و رۆشنی باس لەوە دەکات دەبێ نیشانیان بدەین کە دەوڵەت بەهێزە. بارەکە بارێکی ئاڵۆز و نەخوازراوە فشارە بۆ سەر سەدر و بۆ سەر ئەوانەی کە دەنگیان هێناوە تاوەکو بتوانن بەشداری حکومەتیان پێ بکەن. ئەگەر بارودۆخەکە بە ئەوەندەی ئێستا راوەستێ زۆر باشە، بەڵام زیاتر تەشەنە بکات مەترسی گەورە لەسەر عێراق و ئایندەی عێراق و هەموو ناوچەکان دەبێت".

لەكۆتایى قسەكانیشى سه‌لیم شوشكه‌یى بە پێویستى زانى ئەنجامدەرى ئەو هێرشانە سزا بدرێن.

هەرێم کەمال ئاغا ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "ئەو کارەی دوێنێ کرا هێرش بوو بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى دەوڵەت و رەمزی دەوڵەت، بەپێی دەستوور دەسەڵاتی جێبەجێکردن نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکات بۆیە ئەم کارە کارێکی تیرۆرستی و نەخوازراوە و لێدانە لە شکۆ و دەستوور و سیادە و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق".

ئەو کارەی دوێنێ کرا هێرش بوو بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى دەوڵەت و رەمزی دەوڵەت

هه‌رێم كه‌مال ئاغا پێیوابوو، ئه‌و هه‌وڵه‌ى دوێنێ روویدا، كاردانه‌وه‌ى خراپى بۆ سه‌ر سیاسه‌تى ناوخۆى عێراق ده‌بێت، هه‌رێم كه‌مال ئاغا له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر پرۆسەی دیموکراتیەت و سەرکەوتنی کرداری سیاسی عێراقییەکان کە لە ساڵی 2003 قوربانی بۆ دەدەن بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە. ئەمڕۆ هەڵبژاردن كراوه‌، ئەگەرچی کۆمەڵێك تێبینیمان لەسەری هەیە، به‌ڵام هێرشى له‌م شێوه‌یه‌ زیانی زۆر بە متمانەیی عێراق و شەقام و خەڵك دەگەیەنێت. یەکێك لەوانەی وایكردووه‌ کە ئەو کارە بەردەوامی هەیە نەبوونی لێپێچینەوەیە، بەڵام بەردەوامی ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی یاسا هێرش دەکەن بۆ سه‌ر هەرێم و عێراق بێدەنگی حکومەتی عێراق و بێدەنگی بەرەی ئەمنی کە ئەو سوپایە گەورە بێگومان ئەوە دەرئەنجامەکەی دەبێت".

له‌كۆتایى قسه‌كانى هه‌رێم كه‌مال ئاغا دووپاتى كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كه‌ى دوێنێ سه‌ركه‌وتوو بووایه‌ ئه‌وا عێراق به‌ره‌و ئاژاوه‌ى زیاتر ده‌ڕۆیشت، چونكه‌ كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و هاوكات فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین