عومەر گوڵپی: دەمانەوێ دوو وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان بکەین

سیهام میران-نوچەنێت

دوای گەڕانەوەی ناوی قوتابییانی ( (12ئامادەیی، بەشێکیان بە نمرەی (99) لە بەشی پزیشکی گشتی وەرنەگیراون. بەشێکی تر نمرەکانیان سەرو(95)ە، بەهەمان شێوە لە شوێنی شایستە وەرنەگیراون. بۆیە لە زۆربەی ناوچەجیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەکەن.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی کۆمەڵی دادگەری لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچەنێتی راگەیاند" بە واژۆی(41) ئەندامی پەرلەمان داوای بانگهێشتکردنی هەردوو وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەین، کە بزانین لە بەرژەوەندی کێ و لەسەر چی بنەمایەک کورسی بێبەرامبەر لە زانکۆکان کەمکراوەتەوە؟".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان سەبارەت بە کێشەی کەمی تەرخانکردنی کورسی دەڵێت"هەڵە گەورەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەیە، کە رۆژ دوای رۆژ، لە تەرخانکردنی کورسی بێ بەرانبەری حکومی پاشەکشێ دەکات و لە بەرامبەردا کورسی بە پارەی حکومی و زانکۆی تایبەت زیاد دەکات، ئەمە پێچەوانەی دەستور و یاساکانە کە لەکوردستان بەرکارن".

سەبارەت بە رێژەی تەرخانکردنی ژمارەی کورسییەکان، عومەر گوڵپی دەڵێت" لە کۆی شەست و دوو کورسی کە تەرخان کراوە تەنیا (26)هەزاریان بێ بەرامبەر وەرگیراوە. ( 19)هەزار لە پاراڵێل و (18) هەزار لە زانکۆی تایبەت و ئەهلی وەرگیران، حەوت هەزاریش هێشتا کورسییەکانی پر نەبووەتەوە، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم پیلانەی خۆی بگۆرێت". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین