گرێبەستى فڕۆكەى (ئێف 16) و چارەنووسى پەيوەندى نێوان توركيا و ئەمريكا شیکاری

نوچەنێت:

ئەگەر ئەمريكا رەزامەندى دەربڕێت بێت لەسەر گرێبەستى فڕۆكەى (ئێف 16) ياخود رەتى بكاتەوە، واشنتن و ئەنقەرە پاڵنەرى ديپلۆماسى و ئەمنى بەهێزيان لە نێوان دا هەيە، هەرچەندە گەڕانەوەى ئەردۆغان بۆ رووسيا زيانى گەورەى لە پەيوەندييەكانيان داوە، بەڵام پێويستە  ئەمريكا چاو بەو گرێبەستە بخشێنێتەوە.

لەسەرەتاى مانگى تشرينى يەكەمى ئەمساڵ، توركيا داواى (40) فڕۆكەى (ئێف 16) و پێشخستنی (80) فڕۆكەى ترى لە ئيدارەى جۆ بايدن كرد، تێچووى ئەو گرێبەستە شەش مليار دۆلارە. لە دواى دوورخستنەوەى توركيا لە پرۆگرامى (ئێف35) لە (2019) ئەوە گەورەترين گرێبەستى چەكە توركيا داواى دەكات، بەڵام بەهۆى سيستەمى بەرگرى (ئێس400) رووسى، ئەمريكا ياساى كاستەى بەسەر سەپاندووە، كه‌ رێگە نادات چەك بەو وڵاتانه‌ بفرۆشێت، كه‌ هاوپەيمانى ئەمريكان و گرێبەستى گەورەى چەك لەگەڵ رووسيا واژۆ بكەن.

توركيا لەو قۆناغى ئێستادا پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەمريكا باش نییە، ئەو داواكارييەى کە هەیەتى بە ئەمەریکا سەركێشيەكە دەيكات، چونكە  پێويستى بە پڕكردنەوەى ئەو بۆشاييە ئەمنييە هەيە كە لە سيستەمى بەرگرى ئاسمانى دروست بووە، بەڵام ئەگەرى ئەوەش هەيە واشنتن ئەو داواكارييە رەت بكاتەوە، چونكە ئەنقەرە بەروونى رايگەياندوە، دەستبەردارى چەكى رووسى نابێت، بۆيە پێويستە بڕياربەدەستانى ئەمريكا بە جۆرێك بڕيار لەسەر پەيوەندى بەرگرى هەردوولا بدەن یارمه‌تی ده‌ربێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەيرانە، ئەگەر بڕيارێكى گونجاو بدەن بۆ پێدانى ئەو فڕۆكانە، بۆ داهاتووی دەستپێكردنەوەى پەيوەندييەكانيان زۆر باشترە.

پۆتين چۆن ناكۆكييەكانى نێوان ئەردۆغان و ئەمريكاى فراوان كرد؟

هەرچەندە پەيوەندى نێوان توركيا و رووسيا لەرووى مێژووييەوە دۆستانە نەبووە، بەڵام لەم ساڵانەى دوايى پەيوەندیى سەرۆكى رووسيا و توركيا زۆر بەهێز بوو، بەتايبەت لە دواى هەوڵى كودەتاكەى تەموزى (2016)، ئەوەش تەنيا بۆ ئەوە بوو ئەنقەرە لە واشنتن دوور بخاتەوە، پۆتين خۆى وەك پارێزەرى ئەردۆغان نيشان دا، ئه‌و نمايشەى لە كاتێكدا بوو ئەردۆغان چاوەڕوان بوو ئۆباما و سەركردەكانى ناتۆ له‌ كاتى هەوڵى كودەتاكە راستەوخۆ پەيوەندى پێوە بكەن و ئامادەيى خۆيان بۆ هاوكاريكردنى دەربڕن، بەڵام بە پێچەوانەوەى ئەو سەركردانە ڤلاديمێر پۆتين لەكاتى هەوڵى كودەتاكە هاتە سەر خەت و پەيوەندى بە ئەردۆغانەوە كرد، پاشان بۆ راوێژكردن بانگهێشتى وڵاتەكەى كرد.

لەدواى قەيرانى كودەتا یه‌كه‌م گەشتى ئەردۆغان لەبرى وانشنتن يا برۆكسل، سەردانى سانت پيترێسبۆرگى كرد، سەرۆكى رووسيا لە كۆشكى شانەى كۆنتستانتينۆفسكى سەردەمى قەيسرى پێشوازى لێكرد، ئەوەش ئاماژە بوو بۆ دەربڕينى ئامادەيى بۆ هاوكاريكردن، كە چەندين ساڵ بوو رووسيا لە دۆسيەى سووريا دژ بە ئامانجەكانى توركيا بوو.

ئەو دەستپێشخەرييەى پۆتين بۆ ئەردۆغان دڵنياييەك بوو، بەڵام دۆخى پەيوەنديشيان وەك پێشوو بەردەوام بوو، چونكە مامەڵەى پۆتين بێ بەرانبەر نييە، لە زۆربەى هەڵسەنگاندنەكان ئەوە روونكرایتەوە، كۆبوونەوەى سانت پيترێسبۆرگ كە يەكەم جار گرێبەستى سيستەمى (ئێس400)ى رووسى تێدا واژۆ كرا، هەست بەوە دەكرا ئەو گرێبەستە بۆ تێكدانى پەيوەندى نێوان توركيا و ئەمريكايە.

 لەكۆتاييدا پۆتين لەو ستراتيژيە سەركەوتووبوو، پێدانى ئەو سيستەمەكەش بۆ چەند ساڵێك داواكەوت، كاتێكيش توركيا ئەو سيستەمەى بەدەست هێنا، ئەمريكا راستەوخۆ گرێبەستى فڕۆكەى (ئێف35)ى هەڵوەشاندەوە، ياساى كاستاى بەسەر جێبەجێكرد، ئەوەش بووە سەرەتاى تێكچوونى پەيوەندى نێوان ئەنقەرە و وانشنتن.

رەچاوكردنى پێگەى سەربازیى توركيا

توركيا لە هەشتاكانى سەدەى رابردووە تا ئێستا زۆرترين فڕۆكەى (ئێف16)ى لە ئەمريكا كڕيووە، ئەو فڕۆكانەى بۆ پارێزگارى لە سنوورەكانى لەگەڵ سووريا و لێدانى دوور مەودا بەكار ده‌هێنا، ئامانجى سەرەكيشى رووبەڕووبوونەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان بوو لە سنوورەكانى عێراق.

بەگوێرەى پەيمانگەى نێودەوڵەتى بۆ لێكۆڵينەوەى ئەمنى لەكۆتايى هەشتاكانەوە تا ئێستا، توركيا خاوەنى زياتر لە (250) فڕۆكەى (ئێف16)يە، بە پلەى يەكەم لە جۆرى بلۆك (50) و بلۆك (30)، بۆ يەكەم لە هەفتاكان پشتى بە جۆرى بلۆك (50) بەست، لە كۆتايى هەشتاكانيش پشتى بە بلۆك (30) بەست، دواتر قۆناغ بە قۆناغ دەستبەردارى ئەو دوو جۆرە فڕۆكە بوو، بۆ ئەوەى پشت بە جۆرى پێشكەوتووتر ببەستێت. 

بەم جۆرە بەشێكى زۆرى بەرگرى ئاسمانى توركيا بەو جۆرە فڕۆكانە پڕكرابۆوە، بەڵام لەدواى ساڵى (2005) توركيا بەشێكى زۆرى كاركردنى بەو فڕۆكانە راگرت، لەسەرەتاى ئەمساڵ بەرپرسانى توركيا رايانگەياند، "پلانيان هەيە بۆ دووبارە كاركردن بەو فڕۆكانە و پێشخستنیان، بەربەستى سەرەكى كاركردن بەو فڕۆكانە ماوەى ستانداردى درێژكردنەوەى ماوەى كاركردنى لە هەشت هەزار كاتژمێرەوە بۆ (12) هەزار كاتژمێر".

پێشتر توركيا رێككەوتنێكى واژۆ كردبوو بۆ گۆڕينى فڕۆكەى (ئێف16) بە جۆرى (ئێف35) بەڵام لادانى توركيا لەو پڕۆگرامە، شارەزايانى سەربازى توركياى ناچار كرد بگەڕێنەوە بۆ پلانە كۆنەيان.

يەكێكى تر لەو جێگرەوانەى توركيا دەستى بە جێبەجێكردنى كردووە، پەرەپێدانى فڕۆكەى (تى ئێف ئێكس)ە، بەڵام ئەو سيناريۆيە جارێ نەخرايتە بوارى جێبەجێكردن، ئەگەرى هەيە ساڵى (2030) تەواو بێت، بەڵام توركيا نايەوێت لەو ماوەيە بۆشايى ئاسمانى بۆ دروست بێت، ئەگەر واشنتن داواكارى فڕۆكەى (ئێف16)ى رەتكردەوە، تا فڕۆكەى (تى ئێف ئێكس) ده‌كه‌وێته‌ كار، بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشايه‌ی رووبەڕوويان دەبێتەوە، بەرپرسانى توركيا چەند بژاردەيەكى سنووردارييان لەپێشە:

يەكێك لە بژاردەكان دەتوانن ماوەى بەكارهێنانى ئەو فڕۆكە (ئێف16)دانەى لەبەر دەستيان دايە لە رێگەى نوێكردنه‌وه‌ و كەمكردنەوەى كاتژمێرەكانيان به‌رده‌وام بن له‌ كارپێكردنى، بەڵام ئەوەش دەبێتە سنوورداۆكردنى هێرشەكانيان.

جێگرەوەيەكى ترى توركيا ئەوەيە، دەتوانێت فڕۆكەى نوێ لە وڵاتى تر بكڕێت، بەڵام بەگوێرەى هەڕەشەكانى بەرپرسانى توركيا رووسيايان هەڵبژاردووە بۆ كڕينى فڕۆكەى نوێ، ئەوەش جارێكى تر ناكۆكييەكان لەگەڵ ئەمريكا فراوانتر دەكات.

یه‌كێكی تر له‌و بەربەستانەى كە پرسى رەزامەندى نوێكردنەوەى ئاڵۆزكردووە، بەرپرسانى توركيا دەيانەوێت ئەو پارەى لە پرۆگرامى (ئێف35) خەرجيان كردووە، لە كڕينى فڕۆكەى (ئێف16) بەكارى بهێنن. لە (12)ى تشرينى يەكەمى ئەمساڵ ئيبراهيم كاڵن راوێژكارى ئەردۆغان رايگەياند، "توركيا مليارێك و (400) مليۆن دۆلارى لە پرۆگرامى فڕۆكەى (ئێف35) خەرج كردووە، دەتوانين لە برى ئەو پارەيە فڕۆكەى (ئێف16) وەربگرين". بەڵام دانوستانەكانى داهاتوو ئەوە ديارى دەكات، ئەمريكا ئەو بژاردەيە جێبەجێ دەكات ياخود نا.

لێكەوتەكانى گرێبەستى فڕۆكەى (ئێف16)  لەسەر سياسەتى ئەمريكا

بەهۆى تێكچوونى پەيوەندييەكانى نێوانيان لەسەر سيستەمى (ئێس400)ى رووسى، كۆنگرێسى ئەمريكا گەورەترين بەربەستە لەبەردەم فرۆشتنى هەموو جۆرە چەكێك بە توركيا، چونكه‌ تا ئێستاش ئامادە نييە ئەو سزايە لەسەر توركيا هەڵگرێت.

لە دانيشتنى مانگى رابردوو بۆ دياركردنى جيف فليك وەك باڵيۆزى نوێى ئەمريكا لە توركيا، رۆبەرت مونديز كۆنگرێسمانى ديموكراتەكان و سەرۆكى ليژنەى پەيەوەندييەكانى دەرەوە گوتى، "هيچ رێگايەك نييە چەك بە توركيا بفرۆشين، چونكە هيچ گۆڕانكارييەكى ريشەيى لە هەڵوێستى توركيا بەرانبەر كڕينى سيستەمى (ئێس400)ى رووسى رووينەداوە".

جيم ريش سەرۆكى پێشووى ليژنەى بەرگرى لە كۆمارييەكان، رايگەياند، "تا چارەسەركردنى دۆسيەى سيستەمى (ئێس400) ناتوانم پاڵپشتى پێدانى هيچ جۆرە چەكێك بە توركيا بكەم".

كۆنگرێس لەسەر رەزامەندى پێدانى فڕۆكەى (ئێف16) زۆر هەستيارە، ترسى سەرەكى ئەوەى هەيە رەزامەنديان لەسەر ئەو گرێبەستە دەرگا بۆ هاوپەيمانەكانى تريان بكاتەوە، لەو رێگەيەوە ململانێیى گەورە لەگەڵ ئەمريكا بكەن، لە يەك كات چەكى رووسى و ئەمريكى بكڕن، جگە لەوەش لێكەوتەى ستراتيژى دەبێت، ئەمريكا ترسى هەيە زانيارييە هەستيارەكانى بوارى تەكنەلۆژياى نوێى رووبەڕووى مەترسى دزە پێكردن ببێتەوە.

دوورخستنەوەى توركيا لە پرۆگرامى فڕۆكەى (ئێف 35) تا ئەندازەيەكى زۆر پەيوەستە بەو تايبەتمەنديانەى لە كارپێكردنى ئەو فڕۆكانە هەيە، ئه‌گه‌ر لە نزيك سيستەمى (ئێس400)ى رووسى بێت رووبەڕووى هەڕەشەى دزەپێكردنى زانيارييە نهێنييەكان دەبێتەوە، ئەو رادارەشى تايبەتە بە فڕۆكەى (ئێف16) بەگوێرەى ئەو كۆمپانيايەى دروستى كردووە، هاوشێوەى تەكنەلۆژياى تايبەت (ئێف 35)ى ئەمريكيە، ئەوەش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ دزە پێكردنى زانيارييەكانى بۆ رووسيا.

هەرچەندە فڕۆكەى (ئێف16) بۆ نەيارەكانى ئەمريكا سەكۆیەکەى كۆنترە، بەڵام جۆرى بلۆك (70/72)ى نوێ تواناكانى زۆر زياترە، سياسەتمەدارانى ئەمريكا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ هەر وڵاتێك سيستەمى بەرگرى رووسى بەكار بهێنێت، نابێت ئەمريكا ئەو جۆرە فڕۆكەى پێ بفرۆشێت.

لە هەمان كاتيش رەتكردنەوەى ئەو گرێبەستە ده‌بێته‌ گورزێكى كەمەر شكێن لە بواری پەيوەندى بەرگرى نێوانيان، ئارۆن چتاين چاودێرى سياسى دەڵێت، "داواكردنى فڕۆكەى (ئێف16) كۆتا قۆناغى هەماهەنگى بەرگرى نێوانيان دەبێت، هەرچەندە توركيا لە وڵاتانى تر زياتر چاوەڕوانە ئەمريكا زووتر وەڵامى داخوازييەكانى بداتەوە، چونكە خۆى بە هاوپەيمانێكى نزيكتر دەزانێت".

لەلايەكى تريشەوە ئەمريكا چەكى بە دراوسێكانى ترى توركيا فرۆشتووە، ئەوەش بۆشايى زياترى بۆ تواناكانى ئەو وڵاتە دروستكردووە، بەم دواييە يۆنان بەبڕى (270) مليۆن دۆلار پێداويستى نوێكردنەوەى فڕۆكەى (ئێف16)ى لە ئەمريكا كڕى، هەروەها (24) فڕۆكەى جۆرى راڤاڵى لە فەڕەنسا كڕى، ئەمريكا و يۆنان رەزامەنديان لەسەر هەمواركردنەوەى رێككەوتنى بەرگرى نێوانيان دەربڕى، بەرپرسانى يۆنانيش رايانگەياند، "دەيانەوێت فڕۆكەى (ئێف 35) بكڕین"، ئەوانە وايكردووە توركيا بير لە نوێكردنەوەى فڕۆكە سەربازييەكانى بكاتەوە، لە لايەكى ترەوە ئيسرائيل لەو ناوچەيە تواناكانى هێزى ئاسمانى خۆى زياتر دەپارێزێت، ئێستا بووە بە خاوەنى فڕۆكەى (ئێف 35)، ئيمارات بە مەرجى جێبەجێكردنى ئاسايكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل، رەزامەمەندى ئەو كڕينى فڕۆكەى (ئێف 35) بەدەستهێناوە.

كۆتايى

ئەگەرى ئەوەى هەيە ئەردۆغان لە رێگەى داواكردنى فڕۆكەى (ئێف16) واشنتن تاقى بكاتەوە، بۆ ئەوەى گەلى توركيا دڵنيابكاتەوە، ئەمریكا هاوپەيمانێكى دوو ڕووە، لەگەڵ ئەوەش سوورە بەشێكى كەم لە پەيوەندييەكانى لەگەڵ هاوپەيمانى ناتۆ بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەى رێگە نەدات پەيوەندى بەرگرى دوو لايەنە بە تەواوى داڕوخێت،  دەسەڵاتدارانى توركيا پاڵپشتى ئەوەن لە ئەگەرى رووبەڕووبوونەوەى قەيرانى راستەقينە، ئەو پەيوەندييانە بهێڵنەوە.

هەرچەندە بۆچوونى بەهێز ئەوەيە ئەمريكا بەو گرێبەستە رازى بێت يا رەتى كاتەوە، وادەكات توركيا لەسەردەمى ئەرۆدغان بە تەواوى بچێتە بەرەى رووسيا، بۆيە پێويستە لەسەر كۆنگرێس لە داڕشتنەوەى رەتكردنەوە يا پێدانى ئەو فڕۆكانە زۆر هەستيار بێت، چونكە كاريگەرى لەسەر داهاتووى پەيوەندييەكانى نێوان رۆژئاوا و توركيا دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەو پەيوەندييە بەناچاريش تێكبچێت، ئەو كاريگەرييەى هەر دەبێت.

گرانت رۆملى: ئەندامى باڵا لە پەيمانگەى واشنتن و راوێژكارى نووسينگەى وەزيرى پێشووى بەگرى ئەمريكا.

سۆنر چاگپتاى: ئەندام (باير فاملى) لە پەيمانگەى واشنتن و بەرێوبەرى پرۆگرام بۆ لێكۆڵنەوەى كاروبارى توركيا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین