ئایدن مەعروف: لە هەولێر هیچ کورسییەکمان بە دەست نەهێنا کوردستانی

سیهام میران-نوچەنێت

تورکمانەکانی عیراق نزیک سێ ملیۆن کەسن، بەڵام بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورسییان کەمیکردووە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت: شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە بەرژەوەندی حزبە گەورەکانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(31/تشرینی یەکەم/2021)ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە لە نەتەوەی تورکمانە لە دیمانەیەکی نوچەنێت، ئاماژە بە کەمکردنەوەی کورسییەکانی نەتەوەی تورکمان دەکات، پێیوایە زۆری ژمارەی بەربژێرە تورکمانەکانی هۆکارێکی تری کەمکردنی کورسییەکانی تورکمانە.

بەپێی ئاماری بەرەی تورکمانی، نزیکەی سێ ملیۆن تورکمان لە عیراق دەژین، بەڵام دابەشی سەر دوومەزهەبی جیاوازی شیعەو سوننە بوون. حزب و بەرەی سیاسی جیاوازیان هەیە.

ئایدن مەعروف سەبارەت بە هێنانی دوو کورسی لە لایەن بەرەی تورکمانییەوە، رایوایە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئەنجامی کۆتایی نییە لە وانەیە گۆڕانکاری تێدابکرێت" هۆکاری بەدەست هێنانی دوو کورسی لە کەرکوك دووهۆکارە،  یەکەم، کەمی رێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردن، دووەم/ ئەو سیستەمەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی نەتەوە و پێکهاتەکان نییە،  زیاتر لە بەرژەوەندی حزبە باڵا دەستەکانە، ئێمە ئەو سیستەمەمان رەتکردەوە و قبوڵمان نەکرد بەڵام دیارە کۆمسیۆن ئەو سیستەمەیان بەکارهێنا".

ئایدن مەعروف هۆکارێکی دیکەی کەمکردنی کورسییەکانی بەرەی تورکمانی، زۆری ژمارەی بەربژێرەکان دەزانێت"ئێمە تەنیا لە مەرکەزی هەولێر لە ناوچەی چوار و سێ بە سێ بەربژێر بەشداربووین. هیچ کورسیەکمان نەهێنا لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری کردنی خۆمان ئەرێنی دەیبینین، لە داهاتوو دەتوانی کاری زیاتری لەسەربکەین، بۆنموونە دەتوانین ژمارەی بەربژێرەکانمان کەم بکەینەوە".

ئەم بەرپرسە تورکمانە، کەمکردنی رێژەی دەنگەکانی بەرەی تورکمان بەوە لێکدەداتەوە کە" تەنیا رێژەی دەنگی تورکمانەکان کەمی نەکردووە بەڵکو رێژەی دەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان کەمیکردووە". 

ئایدن مەعروف جیا لە کەرکوک و هەولێر، باس لە رەوشی هەڵبژاردن لە تەلەعفەر دەکات" هەڵبژاردنەکان لە تەلەعفەر کە شارێکی تورکمانییە بە دڵی ئێمە نەبوو، پێمانوایە دەستوەردان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە، بەڵام نازانی کام لایەن کردوویەتی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین