مه‌سیحییه‌كان داواى گۆڕینى سیسته‌مى كۆتا ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

مه‌سیحیه‌كانى عێراق له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان رازى نیین و داواى گۆڕینى سیسته‌مى كۆتا ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌و پێنج كورسییه‌ى وه‌ك كۆتاى مه‌سیحییه‌كان دانراوه‌، چوار كورسییان بۆ كاندیدانى سه‌ربه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح بووه‌ كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كى شیعه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى، له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، كه‌ پێكهاته‌ى مه‌سیحى له‌ عێراق داواى گۆڕینى سیسته‌مى كۆتا ده‌كه‌ن و چونكه‌ پێیانوایه‌ به‌و شێوازه‌ى ئێستا ناهه‌قى ده‌رهه‌ق به‌ مه‌سیحییه‌كان ده‌كرێت.

له‌كۆى 329 كورسى په‌رله‌مانى عێراق نۆ كورسى بۆ كۆتاى پێكهاته‌ كه‌مینه‌كان دانراون، پێنج كورسى بۆ مه‌سیحیه‌كان، چوار كورسییه‌كه‌ی تریش بۆ شه‌به‌ك و سابیئه‌ و ئێزیدى و كوردانى فه‌یلییه‌.

چوار كورسى كۆتای مه‌سیحى 
بۆ هاوپه‌یمانییه‌كى نزیك له‌ شیعه‌كان بووه‌

یونادم كنا سه‌رۆكى بزووتنه‌وه‌ى دیموكراسى ئاشوورى له‌ لێدوانێكى بۆ سكاى نیوز ره‌خنه‌ى له‌ سیسته‌مى كۆتا گرتووه‌ و گوتوویه‌تى، "له‌و پێنج كورسییه‌ چواریان بۆ بزووتنه‌وه‌ى بابلیون رۆیشتووه‌، كه‌ ئه‌وانیش له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانى فه‌تحه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێن".

بزووتنه‌وه‌ى بابلیون كه‌ به‌شێكه‌ له‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و له‌ لایه‌ن ریان كه‌لدانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، پێشتر سه‌رۆكه‌كه‌ى خراوه‌ته‌ لیستى سزاكانى ئه‌مریكاوه‌، به‌ هۆى نزیكى له‌ میلیشیاكانى ئێرانه‌وه‌.

یونادم كنا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌موكوڕى سیسته‌مى كۆتا له‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانى ده‌ره‌وه‌ى پێكهاته‌كه‌یش ده‌توانن ده‌نگ به‌ كاندیدى كۆتا بده‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ دنیا نییه‌. یونادم كنا ده‌ڵێ، "ماف به‌ هه‌موو ده‌نگده‌ران دراوه‌ ده‌نگ به‌ كورسییه‌كانى كۆتا بده‌ن، لێره‌وه‌ لایه‌نه‌ نامه‌سیحیه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و گه‌وره‌كان ده‌ست به‌سه‌ر كورسییه‌كانى كۆتا دەگرن".

سكاى نیوز باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر چه‌نده‌ ئامارى فه‌رمى نییه‌، به‌ڵام ژماره‌ى مه‌سیحییه‌كانى عێراق له‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌سه‌وه‌، بۆ كه‌متر له‌ 300 هه‌زار كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانى تر وڵاتیان جێهێشتووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین