دواكه‌وتنى حكومه‌تى عێراق ده‌بێته‌ هۆى قه‌یرانى ئابوورى کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

شاره‌زایانى ئابوورى بۆ رۆژنامه‌ى مه‌دا دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق كاریگه‌رى نه‌رێنى ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوورى عێراق، به‌ تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ بودجه‌ى گشتى ساڵى 2022 وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ لێكه‌وته‌كانى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌تى عێراقى ده‌كات و شاره‌زایانى به‌شداربوو له‌ راپۆرته‌كه‌ دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ دواكه‌وتنى حكومه‌ت چه‌ندان لێكه‌وته‌ى نه‌رێنى ئابوورى ده‌بێت.

باسم جه‌میل ئه‌نتوان شاره‌زاى ئابوورى له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌بێته‌ هۆى پەككه‌وتنى چه‌ندان پڕۆژه‌ له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى 2022 ". ئه‌نتوان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ به‌ هۆى دواكه‌وتنى بودجه‌یش چه‌ندان سیناریۆى قه‌یرانى مووچه‌ و داكه‌وتنى ئابوورى دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ ئابوورییه‌ پێیوایه‌ له‌ حاڵه‌تێكى وه‌هادا ئه‌و زێده‌ داهاته‌ى له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت به‌ده‌ست عێراق ده‌كه‌وێت ته‌نیا ده‌توانرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنان بێت، ناكرێت ببێته‌ هۆى بووژانه‌وه‌ى ئابوورى.

شاره‌زایانى ئابوورى پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عێراق زوو پێكبهێنرێت، ده‌توانێ پلانى هه‌بێت بۆ سوودبینین له‌ زێده‌ داهاتى نه‌وت، به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌ كارى بهێنێت.

 له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، تا ئێستا ته‌واوى ئه‌و سكاڵایانه‌ یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌یه‌. به‌گوێره‌ى پێشبینییه‌كان پێكهێنانى حكومه‌ت دوا ده‌كه‌وێت. چونكه‌ به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق په‌رله‌مان دانیشتنى خۆى ده‌كات و سه‌رۆك كۆمار دیارى ده‌كات، ئینجا سه‌رۆك كۆمار گه‌وره‌ترین فراكسیۆن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راده‌سپێرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین