ماڵپه‌ڕى جه‌زیره‌: كورد له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان زیاتر سوودمه‌ندى هه‌ڵبژاردن بوو کوردستانی

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كورد له‌ هه‌مووان سوودمه‌ندترن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى دواییدا". راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌يش ده‌كات به‌ زیادبوونى كورسییه‌كانى پارتى، به‌ به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو كورد حه‌وت كورسى زیاد بووه‌ و بووه‌ به‌ 65 كورسى.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى تشرینى یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق و كورد بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، "وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كورد له‌ هه‌مووان سوودمه‌ندترن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى دواییدا، كۆى كورسییه‌كانى كورد له‌ 58 كورسى خولى رابردوو بۆ 65 كورسى به‌رزبووه‌ته‌وه‌".

پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ پێشتر 25 كورسى له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ 32 كورسى هه‌یه‌، واته‌ حه‌وت كورسى زیادى كردووه‌، به‌ بڕواى راپۆرته‌كه‌ ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ حه‌وت كورسى بۆ پێكهاته‌ى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق زیاد بێت.

جگه‌ له‌ پارتى، نه‌وه‌ى نوێیش زیادى كردووه‌. راپۆرته‌كه‌ى جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات نه‌وه‌ى نوێ له‌ سلێمانى كارایه‌ و توانیویه‌تى نۆ كورسى به‌ده‌ست بهێنێ، كه‌ پێشتر ته‌نیا سێ كورسى هه‌بووه‌.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ یه‌كێتى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى دادگه‌ریش پاشكشه‌یان كردووه‌. یه‌كێتى 19 كورسى هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ 17 كورسى هه‌یه‌، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چوار كورسى هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ هیچ كورسییه‌كى نییه‌ و كۆمه‌ڵى دادگه‌ریش ته‌نیا یه‌ك كورسى هه‌یه‌. 

جه‌زیره‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش كاریگه‌رى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كان ده‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ئاڵه‌نگارییه‌ك به‌رۆكى كورد ده‌گرێت، چونكه‌ لایه‌نه‌كان یه‌كگرتوو نیین، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ش له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى هه‌یه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن.

جه‌مال كوچه‌ر له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كه‌ زۆرترین ده‌نگى له‌سه‌ر ئاستى عێراق به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات یه‌كگرتنى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌عێراق مه‌حاڵ نییه‌. كۆچه‌ر پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر كورد وه‌ك خولى رابردوو یه‌كگرتوو نه‌بێت ئه‌وا زیانێكى زۆرى به‌رده‌كه‌وێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین