دکتۆر محەمەد خورشید: پارتی لە کەرکوک دەمێنێتەوە کوردستانی

نوچەنێت-تایبەت

دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکوک و قۆناخی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات.

دوای بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە ١٠-١٠-٢٠٢١، رەشبگیرییەک لە لایەن هێزە سەربازییەکانی عیراق لە کەرکوک دەستیپێکرد، هەموو ئەو گەنجانە دەستگیرکران کە ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە. 

دکتۆر محەمەد خورشید، سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی رەوشی کەرکوک دەڵێت"پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوای رووداوەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە  لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی باردۆخی کەرکوکە  تاوەکو ئێستا. لەم رووەوە هەنگاوی باش نراون و  بە سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١، قۆناخەکانی ئاساییکردنەوەی کەرکوک زۆر خێراتردەبێت و لە ئاییندەیەکی نزیکدا  دۆخی شاری کەرکوک ئاساییدەبیتەوە".

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، پارتی دیموکراتی کوردستان جەختیان لەوەکردەوە کە بەبێ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە ئەوانیش ناگەڕێنەوە، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکوک پێیوایە پارتی کەرکوکی بەجێنەهێشتووە" پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە کەرکوک بووە و هەر لە کەرکوکیش دەمێنێتەوە، ئێمە بەردەوام لەگەڵ خەڵكی خۆمانبووین".

هەموو ئەو گەنجانەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە کوردییەکاندا بەشداربوون، لە لایەن هێزەکانی عیراقەوە لە کەرکوک دەستگیرکرابوون و هێز لە گەڕەکە کوردەکان بڵاوەی پێکرابوو، دکتۆر محەمەد زانیاری ئەوە دەدات کە"بەڵێ لە ئێستادا بە هەوڵی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی پارتیمان، سەرجەم ئەو گەنجە کوردانە ئازادکراون و هێز لە گەڕەکە کوردییەکان کشاونەتەوە". 

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عیراق، باڵانسی هیز لە کەرکوک دەگۆڕێت، بەرپرسەکەی پارتی رایوایە"بە دڵنیایی قابیلی گۆرانە پارتیمان لە هاتنە پێشەوەیەکی زۆر باشە، هەروەکو چۆن لە هەڵبژاردنی پیشوەختەی ئەنجەومەنی نوێنەرانی عیراق ، سەرکەوتنێکی نەوعی لە شاری کەرکوک بەدەست هێنا،  ئاواش رۆژ لە دوای رۆژ لە کەرکوک زیاتر دێتە پێشەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین