به‌رپرسى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى ئه‌نبار ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌نبار كرده‌یه‌كى تیرۆریستى پوچه‌ڵكرایه‌وه‌ و ماڵپه‌ڕێكى عێراقیش ده‌ڵێ، "به‌رپرسیار له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ شاكر عیساوى بووه‌ كه‌ به‌رپرسى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى تشرینى یه‌كه‌م له‌ ئه‌نبار ئۆتۆمبیلێك كه‌ تیرۆریستێكى خۆكوژ لێى ده‌خوڕى، له‌ نزیك بنكه‌ى فه‌رمانده‌یى پۆلیسى ئه‌نبار ته‌قییه‌وه‌، هیچ زیانێكى گیانى و مادى نه‌بوو. ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ له‌ نزیك گه‌راجى فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى دواتر به‌ فه‌رمى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، پۆلیسێك به‌ره‌نگارى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌ و ته‌قه‌ى له‌ خۆكوژه‌كه‌ كردووه‌، بۆیه‌ كرده‌وه‌كه‌ پووچه‌ڵ بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌یش وایكرد مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌رمانده‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان خه‌ڵاتى پۆلیسه‌كه‌ بكات.
ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى ئاشكراى كردووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى به‌رپرسیارێتى كرده‌وه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆیه‌ ناوى شاكر عه‌بود عیساوییه‌ و له‌دایكبووى 1998 ى ئه‌نباره‌ و به‌رپرسى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌ له‌ قه‌زاى روتبه‌.
ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ته‌نیا حه‌وت رۆژ بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق ماوه‌ و هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق ده‌خرێنه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى دوور له‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى به‌ڕێوه‌بچێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین