بڕیارێكى كۆميسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان كاندیده‌كان تووشى نیگه‌رانى ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى شه‌ش كاندید له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق به‌ چه‌ند رۆژێكى كه‌م به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ته‌واوى كاندیده‌كان تووشى نیگه‌رانى ده‌كات، چونكه‌ مه‌ترسى هه‌یه‌ وه‌ك ناوزڕاندن له‌ دژیان به‌كار بهێنرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ى ئه‌یلوول ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌و نیگه‌رانییه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ دواى دوورخستنه‌وه‌ى شه‌ش كاندیدى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كاندیدانى تر دروست بووه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "سێ هه‌زار و 200 كاندیدى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له‌ حاڵه‌تێكى نیگه‌رانى و چاوه‌ڕوانى ده‌ژین، دواى بڕیاره‌ له‌ناكاوه‌كه‌ى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دوورخستنه‌وه‌ى شه‌ش كاندید، به‌هۆى پێشێلكردنى رێنماییه‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن".

ئێواره‌ى دوێنێ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆى سه‌رپێچى رێنماییه‌كان شه‌ش كاندید دوورخراونه‌ته‌وه‌. تا ئێستا ته‌نیا یه‌ك كه‌س له‌و كاندیدانه‌ ناوی ئاشكرا بووه‌ ئه‌ویش شه‌علان كه‌ریمه‌ كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كى سه‌ڵاحه‌دینه‌، گوایه‌ كه‌لوپه‌لى حكومى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كارهێناوه‌. كۆمیسیۆن دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ مافى تانه‌لێدانیان له‌ بڕیاره‌كه‌ هه‌یه‌.

عه‌بدولره‌حمان مه‌شهه‌دانى سه‌رۆكى رێكخراوى حه‌مورابى بۆ چاودێريى هه‌ڵبژاردنه‌كان قسه‌ى بۆ ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز كردووه‌ و بڕیاره‌كه‌ی كۆمیسیۆن به‌ دروست ده‌زانێ له‌ڕووى چاودێرییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیوایه‌ ده‌بێت كۆمیسیۆن په‌له‌ نه‌كات، به‌ ته‌واوى له‌ڕووى دادوه‌رییه‌وه‌ دڵنیا بێته‌وه‌، چونكه‌ راگه‌یاندنى ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ ئه‌گه‌ر دواتر به‌ تانه‌لێدان پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌، ئه‌وا وه‌ك جۆرێك له‌ ناوزڕاندنى لێدێت و ئه‌نجامى پێچه‌وانه‌ى ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ هاوسۆزى بۆ كاندیده‌كه‌ دروست بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین