سامان عزەدین بەڕێوەبەری ئامارى هه‌ولێر: وادەی جێبەجێکردنی سەرژمێری دیاری نەکراوە کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

سامان عزەدین بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت باس له‌ هۆكاره‌كانى دواخستنى سه‌رژمێرى دانیشووانى عێراق ده‌كات و هه‌ندێك ورده‌كاریى له‌سه‌ر ئه‌و رووپێویه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌سه‌ر بێكاریى ده‌كرێت

بەڕێوەچوونی سەرژمێری عێراق دەکرێت، ئێمە دەزانین چەند جارێک وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری عێراق کراوە، بەڵام دواتر دواخراوە، هۆکار چییە؟

هەندێ لە هۆکارەکان تەکنیکین، هەندێکی کارگێرییە، هەندێکی دارایی. هەندێ جاریش هۆكارى سیاسی لەخۆ دەگرێت. بەڵام لە کۆتا جار بڕیار درا بوو لە 2020 ئەنجام بدرێت، تاڕادەیەك لە دەزگای ناوەندی ئامار لە بەغدا كار كرا، لێرەش بە شێوەیەکی کەم كار كرا، چونکە بۆ هەرێمی کوردستان هیچ بودجەیەکیان ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌، دەبووایە بنێرن بەڵام نەیاننارد. بابەتی دارایی و بابەتی کۆرۆنا کە لە 2020 تەشنەی کرد، ئەوانه‌ بوونە هۆکار  بۆئه‌وه‌ى سه‌رژمێرى  ئەنجام نەدرێت. ئامادەکارییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێویست بوو بکرێ نەتوانرا بکرێت، بڕیار بوو لە 2021 بودجەیه‌ک تەرخان بکرێ لە بەغدا، بەپێی بودجەی عێراق بڕیاری جێبەجێکردنى نه‌درا، ئەوە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دواخستنی پرۆسەی سەرژمێرى، ئێستاش وا نزیکین لە 2022 هیچ شتێك دیار نییە.

سامان عزەدین:
له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ رووپێوى بێكاریى بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌

 

ئێستا دوا بڕیار ئەوەیە بەشێوازى ئه‌لیكترۆنى سەرژمێری بکرێ لە عێراق، هەولێر چۆن بەشدار دەبێت؟

هەولێریش وەکو پارێزگاکانی تری عێراق بەشداری دەکات، سەرژمێرییەکە سەرژمێرییەکی ئەلیکترۆنییە، ئامادەکارییەکان تۆزێ جیاوازی هەیە، لەگەڵ ئامادەکارییەکانی پێشتر، ئەوەیە کە بە تابلێت دەکرێت. هەندێک ئامێرى ئەلیکترۆنیات هەیە دەبێت فەراهەم بکرێت ئینجا ئەو کارانە بکرێت. لە هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو کارە نەکراوە. لە بەغدایش ئێمە ئاگادارین ئەو پرۆسەیە هێشتا نەکراوە، دووبارە دەیڵێمەوە هەموو ئەمانە پەیوەستە بە بابەتی داراییەوە، دەبێت بودجەیەکی باش دابندرێت، بودجه‌كه‌ خه‌ملێندراوه‌، بەڵام تەرخان نەکراوە. بۆ ساڵی 2021 نزیكه‌ى 60 ملیار دیناریان دانا بوو کە ئەو کارانە بکرێت بۆ ئامادەکارییەکان، بەڵام پەسەند نەکرا چونکە بەشی نەدەکرد لەسەر ئاستی عێراق. ئێستا ئێمە ئاگادارین لە بەغدا سێرڤەر تەواو بووە، بەڵام هێشتا لێرە نەکراوە لەبەر ئەوەی هیچ بودجەیەک نەهاتووە، بۆیە نەمانتوانیوە بیکەین، لەگەڵ ئەوەش ئەو بابەتە سوود لە بەرنامەی زانیاری جوگرافیایی دەکرێت پێی دەوترێت زانیاری ( جی، ئای، ئێس)، تا رادەیەک ئەوە کاری لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان، بە هەر سێ پارێزگاکە دەگرێتەوە بە هەڵەبجەوەش، بەڵام لەو ئاستە نییە باسی لێوەبکرێت، چاوەڕێین ئەم بابەتانە یەکلا ببێتەوە خشتەیەکمان بۆ بێت لەسەر ئه‌م بنه‌مایه‌ ئێمەش ئامادەکارییەکان بکەین، بەڵام تاکو ئێستا وادەی جێبەجێکردنی سەرژمێری دیاری نەکراوە.

سەبارەت بە رووپێوى بێكاریى لەبەردەستانه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چۆنه‌؟

رووپێوى بێكاریى لە 2012 لە هەرێمی کوردستان به‌ شێوه‌ى خوول کراوە، لەگەڵ رێکخراوی رەندی ئەمەریکی. لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئەنجام درا لە 2014 کرا لە 2015 ئەنجام درا، بەڵام لەدوای 2015  ئەو رووپێوە ئەنجام نەدرا بەهۆی قەیرانی داراییەوە تاکو ساڵی پار نەبێت واتە 2020 قۆناغی دەستنیشانکردن جێبەجێکرا، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆنا نەمانتوانی کارەکان بکەین، دواخرا تا دوو مانگ بەر لە ئێستا کاری مەیدانیمان ئەنجامدا لە هەموو بازنەکانى عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بە پاڵپشتی رێکخراوی کاری جیهانی، ئێستا لە پرۆسەی داتا کلینینگ و کۆدینگە بە بڕوای من پێش کۆتاهێنانی ئەمساڵ نیشاندەرەکان و رێژەی بێکاری و هەندێ بابەتی سەرەتاییەکان بڵاو دەبێتەوە بۆ خەڵکی.

رووپێوى بێکاری چ تەمەنێک دەگرێتەوە، کێ پاڵپشتی دەکات رێکخراوە ئایا عێراق خۆیەتی؟

وەکو پاڵپشتی تەکنیکی رێکخراوی (جی، ئای، ئێس) ده‌یكات. بابەتی چ تەمەنێک دەگڕێتەوە، وەک رێكخراوی کاری جیهانی پێناسه‌ى كردووه‌، لە 15 ساڵیەوە تا 64 ساڵ دەبێت، بەڵام ئەوانەی لەدوای کار دەگەڕێن، بابەتی بێکاری ئەوەیە ئەو گرووپە تەمەنە لە 15 تا 64 ساڵ دەبێت لە دوای کار بێت، نەکو بە هەر هۆیەک بێت نایەوێت کار بکات، ئەوە ناخرێتە چوارچێوەی بێکاریی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین