پەرلەمانى کوردستان ڕۆژى چوارشەممە کۆدەبێتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا بانگهێشتى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان بۆ دانیشتنى ڕۆژى چوارشەممەى داهاتوو، وا بڕیارە گفتوگۆ دەربارەى چەند پڕۆژەیاسایەک بکات لە نێویشیاندا، "پڕۆژە یاساى نیشان و میدالیا لە هەرێمی كوردستان-عێراق."

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە (30)ى ئابى (2021)، د. ڕیواز فایق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا بانگهێشتى سەرجەم ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان کرد، بۆ دانیشتنى ژمارە یەکى خولى پایزەى ئەمساڵ بۆ خوێندنەوەى چەند پڕۆژە یاسایەک.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى پەرلەمانى کوردستان، ڕۆژى چوارشەممە (1-9-2021)، پەرلەمانى کوردستان بۆ خوێندنەوە بۆ هەر یەکە لە پڕۆژە یاساکانى "پێشنیازەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق، پرۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لە هەرێمی كوردستان-عێراق، پرۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی."

 

دەقى بەرنامەى کارى دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان:

به‌رنامه‌ی كار

به‌پێی حوكمی مادده‌ی (6) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (16) و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (18) و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م)، له‌ مادده‌ی (20) و مادده‌كانی (47، 48) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (52) و ماددەكانی (54، 55، 56، 57)، له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (12)ی نیوه‌رۆ رۆژی چوارشەممە ڕێكه‌وتی (1-9-2021) به‌م شێوه‌یه‌ بێت:

یه‌كه‌م: یەك دەقیقە بێدەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی كوردستان و عێراق، لەگەڵ مارشی نەتەوەیی.

دووه‌م: كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (7) و بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

سێیەم: وتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بە بۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.

چوارەم: وتەی بەڕێزان سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە بۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.

پێنجەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (78) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

شەشەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پرۆژە و پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

1ــ پێشنیازەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق، ژمارە (3)ی ساڵی 2011).

2ــ پرۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

3ــ پرۆژەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارە (14)ی ساڵی 1993 لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

4ــ پرۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارە (10)ی ساڵی 2010 لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین